سەردێڕ:

دەسەڵاتی گەندەڵ و ھەر جارەی موبارەکێک!

9/15/2020 9:50:47 PM
4838 جار خوێندراوەتەوە
ڕێبوار چەلەبى
+ -

دەسەڵاتی گەندەڵ و شکستخواردووی ھەرێمی قەیراناویی، حەز بە توندڕەویی و کاری توندوتیژیی دەکات و لەو مەیدانەدا بێ پەروا دەستدەوەشێنێت و لە ھیچ یاسا و رێسایەک سڵ ناکاتەوە.
مەبەستیانە ھەر ناڕەزایەتییەک ئەنجامدرا بەرەو توندوتیژیی بڕوات و بەھۆی ھێزی سەربازیانەوە لە شەڕی ناوخۆ و دەستدرێژی بۆ سەر ھاوڵاتیانی ھەرێم ناترسن، بەڵام ھەمیشە دوو ئامڕازیی مەدەنی دەیانترسێنێت و سڵی لێ دەکەنەوە:-
‎١-جوڵەی شەقام و خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک.
‎٢-ناڕەزایی سۆشیال میدیا و دروستبوونی رای گشتی لە سەریان .
ھەر کاتێک ئەم دوو ئامڕازە بە کاربن و دەنگی ناڕەزایی و فشاری ھاوڵاتیان بەرزبێتەوە، دەسەڵاتی گەندەڵ بە دوو روویی نەرمی دەکات و بە ناچاریی دەست دەکات بە باسی خزمەتگوزاری و راگەیاندنی پڕۆژە ناچارییەکان. 
کە ئەم دوو ئامڕازە کپ دەبن باسی قەیران و ناڕەزایی نامێنێت، دەسەڵات ھەر ڕۆژە و بە شتێک خەڵکی سەرقاڵ دەکات و بازاڕیی گەوجاندن و لەیەک بەردانی خەڵک گەرم دەکات و سیاسەتی «پەرتکە و زاڵبە» پەیڕەو دەکات.
ئەوەتا ئەم نمونانە مشتێکن لە شارایەک :-
-رۆژێک پەرلەمانتارێکیان بە مەبەست، سوکایەتی بە خەلیفەکانی راشیدین دەکات و لە قوڵایی مێژووە و لە دیوەخانی پەرلەماندا دەستپێکردنی گەندەڵی دەداتە پاڵیان!
-تاوێک ھونەرمەندێکی دەسکەلایان دەکەنە بنێشتەخۆشە و ئەو میدیایانەی بە پارەی دزیی لە میللەت دەیبەن بەڕێوە، راپۆرتی لەسەر ئەکات و بەرنامەی بەپەلە و زیندوویی لەسەر دەکەن!
-دەمێک سیاسییەکی پڕۆپارتی (پارتی شاراوەی ناو حیزبەکان) دەھێنن و بەرنامەی دوو کاتژمێری لەسەر دەکەن و لە سۆشیال میدیا زەقی دەکەنەوە و دەیکەن بە شەڕی مەغلوبە!
-ساتێک بابەتێکی ھەستیاری ناو کۆمەڵگەی کوردەواریی، لێدان لە سۆزی ئاینێ، کێشەی توێژەکان، فیمینزم و جێندەر. دەکەنە کێشەی سەرەکی و شەڕی کوفر و ئیمان دروست دەکەن!
-ھەموو ئەم کارانە دوورخستنەوەی جەماوەر و خەڵکە لە خودی قەیرانەکان و دوورخستنەوەیانە لەوەی ناڕەزایی دەرببڕن و دەسەڵات بخەنە ژێر فشاری بەردەوامەوە. ئێمە گرفتی چۆنیەتی ژیانکردن و خەمە گەورەکانی نیشتمانمان ھەیە، ئەوان کێشەی قەبر و مردن و ئەوشتانە دەکەنە ترۆپکی باسەکان و ھەر جارە و بە کەسێکی ناموبارەکەوە لە پرسی گشتی و خەمەکانی خەڵک دوورمان دەخەنەوە. کەواتە نوخبەی رۆشنبیریی و سیاسیی ئەم ھەرێمە، ئەو چرایانەن کە رێگاکە بۆ میللەت رۆشن دەکەنەوە و ناھێڵن کۆمەڵگە بە ئاسانی ببنە نێچیریی دەسەڵاتێک، کە بۆ ھیچ شتێک متمانەی پێناکرێت، تەنھا بۆ ئەوە نەبێت کە لە دەسەڵات دووریان بخەینەوە.