سەردێڕ:

سەرکەوتنی گێژاوی بریکزیتی حزبی کۆنسەرڤاتیڤ بێ ئایندەیە

12/13/2019 11:48:04 PM
10984 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

حزبی کۆنسەرڤاتیفی نیولیبراڵ بە بارمتەگرتنی گێژاوی بریکزیت توانی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەربکا، بەڵام ئەمە سەرکەوتنی یەکجاری نیە. لەیبەر بەداخەوە نەیتوانی دڕکی بریکزت لەپێی خەڵک دەربێنێ، بەوەی ڕاستەوخۆ دژی بریکزیت بێتەوە و خۆی و خەڵک لەو سەرلێشێواویە دەربکا و فرسەت نەداتە کۆنسەرڤاتیڤ لەم گۆمە لێڵەدا ڕاوی دەنگی گێژبوی خەڵک بکا. لەیبەر لەبەر بەرژەوەندی تەسکی لە دەست نەدانی ئەندامەکانی کە لایەنگری جیابونەوە بون لە یەکێتی ئەوروپا فرسەتی شکستپێھێنانی ئەم حزبە نیولیبراڵەی لە دەستدا و لە کۆتاییشدا ئەو ئەندامە برێکزتانەی ھەر لەدەستدا. 

 بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کە لەم ٤ ساڵەدا لە بەریتانیا لە ھاتنە مەیدانی سیاسی گەنجان و خۆپیشاندانی ژینگەپارێزەکان و مانگرتنە کرێکاریەکاندا خۆی نیشان دەدا ھەرچەند بە شکستی حزبی کرێکاران فرسەتی خۆسەپاندنی یاسایی لەدەستدا، بەڵام سەرکەوتن بەسەر دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداریدا ھەمیشە لە خەباتی سەر شەقام یەکلایی دەبێتەوە نەک لە پەرلەمان. 
برێکزت ھەر ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی جیابونەوەی سکۆتلاند ویاخی بونی ئیرلەندا دایە و بۆریس جۆنسن و حزبەکەی ناتوانێ بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە و فشاری خراپ بونی باری ئابوری خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی بەریتانیا وەک ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەنگدانێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێ. 

ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە ئەم جارە پێویستی بە قاڵبێکی ڕادیکالتر و میلیتانترە لە حزبی لەیبەر و مانەوە لە چوارچیوەی خەباتی یاسایی و پەرلەمانیدا. ئەم خەباتە چینایەتیە  بە ڕزگاربون لە ژەھری برێکزت ڕۆشنتردەبێتەوە کە دەبێ چۆن ڕاستەوخۆ دژی سیاسەتە نیولیبراڵەکانی کۆنسەرڤاتیڤ بێتەمەیدان و لێرەشدا چارەنوسی باڵی چەپی لەیبەر و ئەو ھێزە جەماوەرە گەنجەی کۆیکردۆتەوە و یەکێتیە کرێکاریەکانی ھاوپەیمانی ڕۆشن دەبێتەوە کە ئایا دەتوانن لە مەیداندا بمێننەوە یان بەرمابەر بە باڵی ڕاست و بلێریزمی لەیبەر جارێکی تر پاشەکشە دەکەن.

شکستی لەیبەر سەرکەوتنی ترامپێکی تری بورژوازی جیھانی بوو کە دنیای ئەمڕۆ بەرەو ململانێی ناسیونالیستی نێو دەوڵەتەکان دەبەن و ھەژاری زیاتر بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا دەسەپێنن. بەڵام مەیدانەکانی پاریس و سانتیاگۆ و لوبنان و بەغداد و زۆرێک لە وڵاتانی تر پێمان دەڵێ کە ئەم خەباتە جیھانیە دژی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری جیھانی زۆرێک لەم ئاھەنگی سەرکەوتنە پەرلەمانیانەی باڵی ڕاست و نیولیبرال دەتوانێ زوو بگۆڕێ بە سەرئێشەی گیرخواردن بە دەست یاخی بونی جەماوەری ناڕازیەوە.