سەردێڕ:

کۆمەڵناسی میدیا؛ کۆرۆنا ڤایرۆس و نەمانی متمانەی حکومەت

6/3/2020 12:04:00 AM
6861 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل عوسمان
+ -

جان جاک رۆسۆ، یەکێکە لە فەیلەسوفە کۆمەڵایەتیەکان پێیوایە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و سوڵتەی سیاسی و ھاوڵاتیان لەسەر (پەیمانی کۆمەڵایەتی) کاردەکات، پەیمانێک کە ھاوڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی دەدەن، ئەوەش وادەکات کە دەسەڵاتی و سوڵتەی سیاسی ببێتە پارێزی ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ھاوڵاتیان، پردی پەیوەندی نێوان ھاوڵاتیان و دەسەڵات پارێزراو بێت، بەڵام ئەو کاتەی ئەو پردە تێکشا ئەو کات ھاوڵاتیان ناتوانن ببنە پارێزەری سیستمە سیاسیەکە.

لەدوای ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوو بۆچونی جیاواز لە جیھاندا ھاتە کایەوە، یەکەمیان ئەوەبوو کە ئەم ڤایرۆسە وەک دەرکەوتەیەکی نوێ بە ڤایرۆسی جیھانی لێکدرایەوە، دووەمیان ئەوە بوو کە ئەم ڤایرۆسە جەنگێکی مرۆڤایەتی و ئابوورییە لە نێوان دەسەڵاتە زلھێزەکانی دونیادا.
فەیلەسوفی ئەڵمانی (یۆرگان ھابرماس) پێیوایە کۆرۆنا کۆمەڵگای داپۆشراو یان (حیجاب)داری دروستکرد، ئەوەش وایکرد دکتۆری و پسپۆرانی تەندروستی ببنە سەنتەر و سیاسیەکان بکەونە پەراوێزەوە، لەم ھاوکێشە نوێیەدا پسپۆرانی تەندروستی سیاسەتی دەوڵەت و کۆمەڵگا بەرێوەدەبەن، سیاسیەکان لەرێگای ئەوانەوە دوایین بریاڕی سیاسی خۆیان دەدەن.
ھاتنی ئەم ڤایرۆسەش بۆ ھەرێمی کورستان، ھاوڵاتیانی توشی شۆکێکی تەندروستی گەورە کرد، چونکە بە درێژایی ئەم چەند دەیەی رابردوو لە دوای نەخۆشی کۆلێراوە کە لەساڵانی (٢٠٠٧ و ٢٠١٠) کە نەخۆشیەکی ھێندە کوشندە نەبوو، ھەربۆیە ھاتنی ئەم نەخۆشییە ھاوڵاتیانی ناچارکرد کە بگەرێنەوە بۆ حکومەت و چاویان و گوێیان لەبەرپرسانی تەندروستی بێت کە لەمیدیاکانەوە دەردەکەون بۆ وەرگرتنی دوایین رێنماییەکان خۆپارێزی تەندروستی لەسەر کۆرۆنا.
زۆرێک لە سیاسییەکان لە دونیای عەرەبی و ئینگلیزیدا لە رێگای میدیا و سۆشیال میدیاکانەوە ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ھاتنی ئەم ڤایرۆسە جێگای گومانەوە بە بیردۆزی (موئامەرە) لێکدانەوەیان بۆ دەکرد، ئەوەش وایکرد متمانە ھاوڵاتیانی خۆیان بەم ڤایرۆسە لەدەستبدەن.
لەھەرێمی کوردستاندا، سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاوڵاتیان بەشێوازێکی جیدی بە شوێن دوایین زانیارییەکانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی دەرۆشتن کە لەرێگای میدیاکانەوە بڵاودەکرایەوە، ھەموو رێنماییەکانی خۆپارێزیەکانیان بەھەند وەردەگرت و جێبەجیان دەکرد، ئەو کاتەشی حکومەت بڕیاری سەرکەوتنی بەسەر کۆرۆنادا دا ئیدی ھاوڵاتیان پێیانوابوو کە ڤایرۆسەکە کۆتایی ھاتووە، بۆیە ھەموو رێنماییە تەندروستیەکانیان وەلاخست.
لەکاتێکدا بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستدایە، بەھیچ جۆرێک ئەم ڤایرۆسە لەکوردستان کۆتایی نەھاتووە، شتێک بەناوی شەپۆلی یەکەم یان شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بوونی نیە، بەڵکو ئەم ڤایرۆسە ھەمان ڤایرۆسی پێشووە ماوەیەک رێژەی تووشبوانی کەمبووەتەوە.
بۆنموونە لە ١٦/٤ -٢٣/٤ ھیچ نەخۆشیەک لە کوردستان تۆمارنەکراوە، بە بەپێ ئەو داتایەی لەبەردەستدایە لەماوەی ٥-١٣/٥/٢٠٢٠ رێژەی تووشبووان لەکوردستان نەبووە، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە رێژەکە بەرزبووەتەوە (وێنەکە لەخوارەوە)، ھەربۆیە ئەوە کە ئێستا ھەیە ھەمان ڤایرۆسە و ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پێشوودا نیە لەڕووی پێکھاتەی ڤایرۆسییەوە، بەڵام لەبەر رەچاونەکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و کرانەوەی سنورەکان  ڤایرۆسەکە بەخێرایی گەشەی کردووە.
ئەوە لەزاری بەرپرسانی تەندروستی و حکومەت لە رێگای میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە کە (کەرەنتینە-گەڕانەوە بۆ ژیان- دوبارە کەرەنتینە) کاریگەری بەھێزی کردووە سەر ئەوەی ھاوڵاتی متمانە بە حکومەت لەرووی تەندروستیەوە نەمێنێت، بۆنموونە بەرپرسێکی حکومی دەڵێت،"لە نێوان حکومەت و ھاوڵاتیاندا گیرمخواردووە" ئەمە جێگای گومانە، چونکە دەکرێت بەشێک بێت لەدەستدانی ئەو متمانەی کە ھاوڵاتیان بە حکومەتیان ھەیە، سەرەرای ئەو زیانە ئابوورییەی کە بەر ھاوڵاتیان کەوتووە و حکومەت ھیچ بریارێکی ئیداری لەو بارەیەوە نەدا.
لەھەمووی خراپتر ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت، ئیدی خەڵکی متمانە لەدەستدا دەدات وەک چۆن متمانەی لەبواری ئابووری و ئیدارییەوە بە حکومەت نەماوە.
دوای بڵاوبوونەوەی چەندین دیمەنی و راپۆرت لەرێگای میدیا و سۆشیال میدکانەوە لەسەر تەندروستی کۆرۆنا ھاوڵاتیانی توشی گومان کرد، ھەر ئەوەش وایکرد کە ھاوڵاتیان ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیەی کە ھەیە لەنێوان خۆیان و حکومەتدا و کەرتی تەندروستیدا نەمێنێت، دواجار ھاوڵاتیان متمانەیان بەحکومەت نەمێنێت، ئیدارەکردنی سیاسی و تەندرستیش بکەوێتە بەردەم پرسیاری گەورەوە، چونکە لە ئێستاشدا میدیا و سۆشیال میدیا ئاراستەی رای گشتی دەکات نەک حکومەت.