سەردێڕ:

سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی

10/25/2020 9:38:21 PM
5413 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -


قسەکانی ئەم دواییەی ماکرۆن سەبارەت بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام تەنھا ئایدۆلۆژیایەکی پشت بەستوە بە گەشەی سەرمایەداری و کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوایی.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بێ دەنگی ئەو رێکخراو و حیزبە سیاسیانەیە، کە بە ئاڵای ئیسلام داپۆشراون چونکە ئەمانە  ئۆپۆرتۆنیسمێکی سادەن و ھەر لەسەرەتاوە ئاینیان  بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و بزنسەکەیان بەکارھێناوە و ئەوەی مەبەستیانە دوژمنی رزگاری ئاینە نەوەک سروشت و بنەمای ئیسلامێکی راستەقینەی، بۆیە کۆی رێکخراوە ئیسلامە سیاسییەکان بەوانەی کوردستانیشەوە تەنھا حەزەکانی ژیانێکی ھاوچەرخیان لا گرنگە و ملکەچی بوون، بۆیە ئەوەی دەیڵێن ئیسلام رێگا چارەیە بۆ بەرێوەبردن و دەستوری وڵات تەنھا قسەی ئەوانەیە، کە دروشمێکی بەتاڵ دوپاتدەکەنەوە لە چوارچێوەی ئیسلامە سیاسییەکەدا!

ئەوەی گرنگە نەبوونی ھەڵوێست و وەڵامی حیزبە سیاسییە ئیسلامییەکانە بۆ ئەوانەی بانگەشەی دیموکراتی ئەکەن بەڵام دیموکرات نین و بەردەوام بیانوی ئیسلامی تیرۆریزم دەکەن بۆ پێکانی ئامانجە ناڕەواکانیان لە بەرگێکی دیموکراتیدا ئەوەی ئەم ھێزانەی پێ پێناسە دەکرێت لەراستیدا تەنھا ھەڵخزاندنی ھەستی خەڵک و جەماوەرەکەیانە لە رێگەی ئیسلامەوە بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندییەکانیان ،ئەوەی نازانرێت ئایا ئەم ھێزانە بەھۆی شەرمە لەرادەبەدەرەکەیانە بەھۆی نەرمیانەوە یان بەرژەوەندییانە، کە بێ دەنگن و ھیچ رەخنەیەکیان نییە لەو بۆچوونانەی پێشتر رەتیان دەکردەوە لە کاتی ھەڵخزاندنەکەدا!

نەبونی ھیچ ناسازگارییەکی ئەم ئیسلامە سیاسییە لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری بەمانا عەلمانییەت مامەڵەیەکی مەزنی دووفاقیانە چونکە ئەوەی دەبینرێت بەجیھانبونی کەپیتاڵیزم و ئیسلامە سیاسییەکەیە، کە چۆن تەواوکەری یەکترن، بۆیە ئەوەی یەکەم قوربانی ئیسلامی سیاسییە دواجار ئەو خەڵکەیە، کە بەھۆی ترس لە    ئیسلامەوە تێی کەوتوون نەوەک خۆشەویستی راستییان بۆ ئیسلام و خوداناسی، بۆیە پێویستە ھەمووان بپرسین زەرورەتی ئیسلامی سیاسی و حیزبە ئیسلامییەکان چییە، کە نەتوانن مایەی رزگاری ئیسلامی راستەقینەبن و ھەمیش نەتوانن مایەی رزگاری نیشتمانی و دیموکراسی بن و رەخنە و وەڵامیان ھەبێت بۆ ئەوانەی بەناوی دیموکراسیەوە ھێرش بۆسەر ئایینەکان ئەھێنن بەبێ جیاوازی.