سەردێڕ:

كۆرۆنا و قەیرانی ئابوری جیهانی

4/2/2020 11:23:22 PM
9861 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

لە ئێستادا دوو پرسی گرنگ زۆرینەی جیھانی داگیرکردووە، کە ئەوانیش قەیرانی ئابوری و کۆرۆنایە، ئەگەر تاقیگەی مێژوو بگەرێین دەبنین لەدوای سەدەی شانزەیەمەوە چەندین قەیرانی ئابوری جیھانی گرتووەتەوە، لەوانە بێبازاڕی گەورە و شۆکی نەوتی یەکەم و دووەم و قەیرانی دارایی ١٩٨٧ و چەندان قەیرانی دارایی دیکە.

ئەمڕۆکەی سیستەمی لیبرالیزم تەنھا ئامانجیان بەدەستھێنانی زۆرترین قازانجە و ئەوەی پەیوەندی بە پێویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤەوە ھەیە، نییەتی و سەرجەمی مرۆڤایەتی کردووە بە سەرچاوەی بەدەستھێنانی زۆرترین قازانج.

ئەمڕۆکەی مرۆڤایەتی روبەڕوی سیستەمێکی لیبرالیزمی چاوبرسی ئانتی کۆمەڵگا و ئانتی مرۆڤ و ئانتی سروشت بووەتەوە کە نزیکەی نیوەی کۆمەڵگای خستووەتە نێو بێکارییەوە، لەلایەکی دیکەوە بچوککردنەوەی زانستی کۆمەڵگا بۆ مۆدێلی ئابوری و جیاکردنەوەی ئابوریش بۆ ئانالیزمی سیستەمی سەرمایەداری، ئەو قەیرانە ئابورییە سیاسییەیە کەسەرجەم زانستی کۆمەڵگای خستووەتە نێو قەیرانەوە، کە راستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر قەیرانی کۆرۆنا و ڤاکسینەکەی دروستکردووە، وەک لە ئەوروپادا بینرا کە خۆپارێزی و تەندوستیی مرۆڤییان لەدوای سێکتەر و بەرژەوەندییە ئابورییەکانەوە دانابوو.

ڕێگریکردن لە ئازادی ھاتۆچۆ لە جێھاندا زیاتر کاریگەری لەسەر پرەنسیبەکانی لیبراڵیزەیشن و ئابوری داناوە، لە سەردەمی کۆرۆنادا و بە درێژەکێشانیشی قەیرانێکی گەورە و درێژخایەن روبەڕوی جیھان دەکاتەوە، بە جۆرێک کە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئابورییەکەی زیاتربێت لە تەندروستییەکانی، بەجۆرێک کە ھەرسێ جەمسەری ئەمریکی و ئەوروپی و ئاسیا لەدوای قەیرانی ١٩٨٧ەوە یەکەمین و سەختترین قەیران بێت کە بەخۆیەوەی بیبینێ.

بۆیە کۆرۆنا ڤایرۆس ئابوری جیھانی بۆ ڕێژەی ١،٦% دابەزاندووە، ھەر بۆیە شیکەرەوەکانی پەیمانگای  investment black rock بڕوایان وایە کە کۆرۆنا ڤایرۆس گورزێکی کوشندەیە و ھاوشێوەی کارەساتێکی سروشتی سنورە بەرفراوانەکان دەگرێتەوە، کە ڕەنگە دواجار دەستێوەردان و باجێکی سیاسی و ئابوری زۆری پێویست بێت بۆ دەربازبوون لێی.

گریمانەی دروستکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی ساردی نێوان زلھێزەکان یەکێکە لەو ئەگەرە بەھێزانەی سیستەمی لیبرالیزمی کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەت و ئابوری و بۆرسە و نرخی نەوت ھەیە، دواجاریش ڕێژەی دانیشتووان لەسەر گۆی زەوی، بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە دارێژەرانی سیاسەتی ئابوری جیھان نەتوانن بەر بە دەرھاویشتە تەندروستیی و ئابورییەکانی بگرن و بە سنوردارکردنیشی تەنھا ماوەی قەیرانەکانی پێدرێژەبدەن و ئەو جیھانەی تێی دەکەون زەحمەتتربێت لەوەی پێشوو، چونکە ماوەی قەیرانەکە وەستاوەتەوەسەر ئەوەی چۆن روبەڕوی ببنەوە و ھەر ھەڵەو کەموکوڕییەکیش تەمەنی قەیرانەکە و ڤایرۆسەکەش درێژتر دەکاتەوە.