سەردێڕ:

حكومڕانی هەرێم و فیكری فاشیزم

1/17/2020 9:34:41 PM
10228 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

فیكری فاشی پێی وایە حكومڕانی و دەوڵەت دوور لە ئایدیای كۆبوونەوەی نێو تاكەكانی كۆمەڵگا دروستدەبێت، هاوكات ئامانج و مەبەستیشی یەكناگرێتەوە لەگەڵ خواستی تاكەكەسی.

فیكری فاشی پێی وایە حكومڕانی لە پێناو بەرژەوەندی تاكەكەسەكان دروستدەبێت و بەڵام كاتێك بەرژەوەندی دەوڵەت و كەسەكان هاوتای یەك نەبوون ئەوا پێویستە كەسەكانی نێو ئەو كۆمەڵگایە لەبەرژەوەندیەكانی خۆیان خۆشبن لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتدا، بەجۆرێك ئەركی قوربانیدانیان بۆ ئەو سیستەمەی حكومڕانی ببێتە ئەركی ئەخلاقی لایان.

ئەمە فیكری فاشیزمە بۆ هەردو بەرژەوەندی دەوڵەت و كەسەكان، فاشییەكان دیموكراسییەت و سەرەوەری رەتدەكەنەوە و ئەو مافە بەڕەوایی نابینن بۆ تاكەكان كە جۆر و فۆرمی دەسەڵات دەستنیشان بكەن و وای بەڕەوا ئەبینن حكومڕانی و سیاسەتی وڵات بەرێوەبردن تەنها بەدەست كەمینەیەك بێت، وەك ئەوەی تەنها بەوانە بكرێت و پێیان وایە بەشداری سیاسی تاك لە حكومڕانیدا پێویستە سنوری هەبێت.

سیاسەت بە مانا گشتییەكەی لای فاشییەكان بڕوا هێنانە بە یەك حیزب و یەك سەركردە، ئەوان بڕوایان بە فرە سەركردەیی و بیروڕای جیاواز نییە، فاشیزم ئەو شاڵاوە سیاسییە بوو، كە كرایە سەر ئەو تیۆرە سیاسییانەی كە لە سەدەی نۆزدەدا تەوەری سەرەكییان بریتیبوو لە ئازادی و دیموکراسی.

لە هەرێمی كوردستانیش كاریگەری ئەو فاشیزمە زۆرترین بایەخیان بووە بەدروستكردنی ئەو مێژوە داوە و لەدوای ڕاپەرینەوە كەوتنە نوسینەوەی ئەو فیكرە لە حكومڕانییەیان، كۆمەڵگای ئێمە ڕوبەروی فاشیزمێك بۆتەوە كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بیركردنەوە و هەڵوێست ژێستەكانی ژیانی ڕۆژانەماندایە، كە ئەتوانین ناوی لێبنێین فاشیزمێكی نوێ بە جۆرێك ئەم فاشیزمە لەناو چەمكە سۆسیۆلۆژی و سیاسییەكەیدا جیانەكراوەتەوە لەو میكرۆسیاسییەی كە حیزب و سەركردە باڵاكان دروستیانكردووە.

ئێمەی هاوڵاتی لە هەرێمەدا لەسەر هێڵێكی هەڵهاتنداین كە لە ژیانەوە هەڵگەڕاوەتەوە سەر مەرگ، كاتێك هێڵێكی ژیانیش بۆسەر مەرگ هەڵگەرێتەوە بێ گومان ئەكەوینە نێو بێدەنگییەكی پەتییەوە، هەر وەك ئەو بێدەنگییەی كە ئێستا هەیە!

ئێمە هەرێمێكی تۆتالیتارمان هەیە لەسەر بیری فاشیزم، ئەمەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە قبوڵی ڕەخنەو فرە حیزبی و جیاوازی بیروڕا نەدرێت و لەكاتی هەبوو هەر دەنگێكی جیاواز لەخۆیان كۆمەڵێك ئاستەنگ خراوەتە پێش، ئەمەش بەرهەم و ڕێگایەكە بۆ دیموكراتیزەبون قبوڵنەكردن و بەرهەمەكەشی هێنانەكایەی فیكری فاشیزم ئەبێت لە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و حوكمڕانیشدا، بۆیە كاتێك ئەڵێین لە هەرێمی كوردستان بیری فاشیزم بەدیاری كراوی ئەبینرێت، لە كاتێكدایە كە جومگە هەستیارەكانی سیاسەت و حكومڕانی لەدەست حیزبێكی دیاریكراو دا قۆرخ کراوە.

لەدوای فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمی ئەڵمانی چەندین جۆر لە فاشیزم لە جیهاندا فۆرمی خۆی وەرگرتووە، لە هەرێمی كوردستانیش سەرهەڵدانی ئەم بیرە خواستی پارتە سیاسیەكان بوو، بۆ زیندوكردنەوە و ڕاگرتنی گیانێكی لاواز و نەتەوەیەكی شكستخواردو بەپێی سەردەم، بۆ ئەوەی لەژێر ئەو فیكرەدا وەها نیشانی بدەن كە تەنها پەناگە و فریادرەسی بێ نەوایان ئەو پارتە سیاسی و سەركردانەن، كە ئەیان گەیەنێت بە نەتەوەی شایستەو رەسەن و هۆكارە بۆ گەشتنی فاشیزم بۆ سەرو یاسا، هەروەها بوون بە خاوەنی دەسەڵاتی رەها لە لایەن پارتێك و سەركردەیەكەوە.

وەك ئەوەی ئێستا لەم هەرێمەدا ئەبینرێت و پێیان وایە خواستەكانی ئەم هەرێمە تەنها لای ئەوان مەیسەر ئەبێت، بەڵێ هەر ئەمەشە وایكردووە بیری فاشیزم تا ئێستاش لەلایەن ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکی بەهێزبێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگە.