سەردێڕ:

مەرجەع و مۆدێلی هەژمونی ئۆتۆكراسی

9/15/2019 7:15:14 PM
6328 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

ئەم مۆدێلە لە سیاسەت و حکومڕانی کە ساڵانێکی درێژە بەرێوە ئەبرێت بە بێ بونی دەستورکە بەرزترین یاسای وڵاتە بواری بۆ سوڵتان و رەعییەتەکانی رەخساندووە  کە مومارەسەیەکی نادیموکراسییانە بە سیاسەت و حکومڕانییەوە بکەن و دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆیان بەسەر تەواوی دامودەزگاکان و پەرلەمانیشدا جێبەجێ بکەن ،ئەو ماشێنەی دەسەڵات کە پەرلەمانی کردوە بۆ بەناو یاسایی کردنی بڕیارەکانی حیزب  و کۆنتڕۆڵی تەواوی  کراوە لەلایەن پارتییەوە درێژەدانە بەو ھەژمونە ئۆتۆکراسییەو بە پراکتیک نەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێنەکردن دادوەرییە ،ئەم عەقڵییەتە حیزبییە دور لە جیھان بینییە کە دۆخی ئێستای دروست کردوەو ھیچ جۆرە فەلسەفەیەکی سیاسی  تێدا نییە     و توانای دابینکردنی حکومڕانییەکی تەکنۆکراتی نییەجگە لە دروستکردنی  سەرمایەیەکی سیاسی و ئابوری خێزانی زیاتر نەبێت  بە بێ ترس و لێپرسینەوەی  دەزگایەکی باڵای شەرعی وەک پەرلەمان.

نەبونی بیرکردنەوەیەکی جیھانی بۆ سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵات  لەسەر مۆڕاڵێکی گشتی و ڕیفۆرمێکی راستینەیی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و بەھێزەوە ھەمیشە دەرگای بەڕوی حکومڕانییەکی ئۆتۆکراسی  کردۆتەوە و دواجار خۆشیان بون بە بەشێک لەو ماشێنە حیزبییەی کە پارتی بەگەڕی خستووە، لە سایەی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەدا جوڵەکانی شەقام وداینەمۆی بزوتنەوە جەماوەرییەکان نەیتوانیوە ببێتە خاوەن پرۆژەیەکی سیاسی بۆ دەربازکردنی ئەو دۆخە نەرێنییەی کە لەئارادا بوەو   بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان بەکاریان ھێناوە بیرۆکەی سیاسی خۆیان گواستۆتەوە بۆ ناو خەڵک و لەوێشەوە بۆ دەسەڵات !

سەرقاڵکردنی شەقام و کۆمەڵگا بە ڕیفۆرمەوە لەلایەن ئەم حیزبانەوە ھۆکار بوە بۆ بەلارێخستنی شۆڕشێک کە دیدێکی جیھانبینی ئەڵتەرناتیڤ بھێنێتە کایەوەو کۆتای بەو دیدە سیاسییە شکستخواردوەی عەقڵییەتی حیزب بھێنێت لە ڕێگەی پرۆتێستکردن و داھێنانی نوێی سیاسی کەلەگەڵ سەردەمدا گونجاو بێت.

ئەم جۆرە لە سیاسەت و  بیرکردنەوەی حیزبەکانی دەرەوەی پارتی وایکردوە کەھەم پارتی و ھەم خۆشیان توانای بیرکردنەوە داھێنانی نوێیان نەبێت توانای بەرگەی ئەو شۆکەیان نەبێت کە ھەڵگەڕانەوەیە لەم دۆخە سیاسییەی ئێستایان لەرێگەی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسییەوە کە تەواو پێچەوانەی مۆدێلی ئۆتۆکراسییە.

پارتی ئەیەوێ بەسودوەرگرتن لەو خولگەو ململانێیەی حیزبەکانی دەرەوەی خۆی  کە بۆ بەرژەوەندی حیزبی لەدەوەی کۆبونەتەوە بەتەواوەتی ڕەگی خۆی لە سیاسەت و حکومڕانی دابکوتێت و بۆ ئەم ھەنگاوەش پڕۆژەیەکی سیاسی ھەیە لەسەر بنەمای عەقڵییەتی حیزب و خێزانی کە ئەویش دانانی مەرجەعێکە لەسەرو ھەمو سەرۆکایەتیەکان  و ئەیەوێت سەرجەمی مێژووی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئێستا لە مێژودا داگیر بکات و زیاتر وڵات وابەستەی عەقڵییەتی  پاوانکاری و موڵکدارێتی ئەکات لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە ،ئەمەش بەتەواوی دەرچونە لەو دیدە جیھانبینییەی دنیای سیاسی ئەمڕۆ، دانانی ئەنجومەنی حیزبی ھێنانە پێشەوەی داڕزانێکی نوێی سیاسییە ،ھەنگاونان بەم ھەژمونگەراییە ئۆتۆکراسییە سیاسییە عەقڵ و میتۆدێکە بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتێکی میرنشینی  و راستتر کۆکردنەوەی  چەقی دەسەڵاتە لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە  ،کەدواجار بەرپرسیار نییە بەرامبەر بەیاسا چونکە لەدەرەوەو بان یاساو دەزگا یاساییەکان خۆی ئەبینێتەوەو سەرەنجام بە خێڵەکیکردنی  دەسەڵاتی سیاسیش کۆتایی دێت.

دانانی مەرجەع و ئەنجومەنی سیاسی حیزبەکان لەسەرو پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکان و دەستور داگیر  کردنی حیزبییانەی کایەی سیاسی وئابورییە و دواجار رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤی ئەبێت و لەگەڵ چەمکەکانی دیموکراسیشدا ناژێیت ،بۆیە دانانی مەرجەع  و ئەنجومەنی حیزبی دەست پێکردن و جێبەجێکردنی بریارەکانی حیزبە بەسەر بریارەکانی یاسا و دەزگا یاسایی و سەرۆکایەتییەکانی مۆدێلێکی نوێی ھەژمونی ئۆتۆکراسی پارتییە و بێ دەنگبونی پارتەکانی دیکەش لەبەرامبەریدا واتای ڕازیبون و سواربونی ئەو ماشێنە سیاسییەیە کە پارتی لێخورییەتی .