سەردێڕ:

رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ بە تامی ئامریکا و روسیە!

11/22/2019 12:37:23 PM
5378 جار خوێندراوەتەوە
شەماڵ بەشیری
+ -

لیندزی گراھام لەدوای دیدارێک لەتەک دۆنالد ترامپ بۆ تاوتۆکردنی ھەڵوێستی ناوبراو لەمەڕ پاشەکشەکردنی ھێزەکانی ئامریکا لە سوریە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سەرۆک کۆمار ترامپ لە دەرەوەی چوارچێوەی باو بیردەکاتەوە(he is thinking out of the box)
 بۆ ئەوەی کە ئێمەش لەم دۆخە تێبگەین دەبێت لەدەرەوەی چوارچێوەی باوی سیاسەت بیربکەینەوە. 
 لەم چوارچێوەیەدا و بۆ تێگەیشتن لە دۆخی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەراست، پێویستیی خوێندنەوەیەکی نوێی سیاسی ھاتۆتە ئاراوە. ئەم نووسراوەیە لە چوارچێوەی زنجیرە بابەتێکدا بڵاودەبێتەوە کە بەشی یەکەمی لەلایەن ھۆگری برایم لە ژێر ناوی "خوێندنەوەیەک بۆ گۆڕانکاریە سیاسیەکانی جیھان و ھاوپەیمانێتیە نوێکان" بڵاو بۆتەوە و ئەم نوسینەی من بەشی دووھەمی ئەو زنجیرە ووتارەیە و ووتاری داھاتووش لە لایەن ھیوا خۆشناو-ەوە بڵاو دەبێتەوە. ئەم نووسینانە تەنھا ھەوڵدانێکی سەرەتاییە بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی پێشکەوتنە سیاسییەکان لەم قۆناخەدا.
ئەگەر لە سۆنگەی ئەو شیمانەیدا بیربکەینەوە، لە قۆناخێکدا دەژین کە ھاوپەیمانیە ستراتێژیکەکان سەر لە نوێ دادەڕشترێنەوە و بەرەو دۆخێک دەرۆین کە دوژمنانی دوینێ (ئامریکا و روسیا) خاوەن دوژمنی نوێن واتە چین. ھاوکات دەبێت لە ھەمان سۆنگەوە بەرەو ئەو شیمانەیە بچین کە سەرەتای لەیەک نزیکبوونەوەی ئامریکا و روسیا سەرەڕای کۆمەڵێک بەرژەوەندی ناکۆکی نێوانیان، ئەوا لە سوریا سەرقاڵی ئەزموونێکی نوێن. ئەو ئەزموونە نوێیەی نێوان ئامریکا و روسیا، لە چەشنی ئەزموونی کۆنفرانسی بەرلین لە ساڵی ١٨٧٨ە کە ئەوروپا و روسیەی قەیسری ئەوکات لەسەر چۆنێتی دوژمنێکی ھاوبەشی وەک عوسمانی، لە مەودای ٤١ رۆژدا گەیشتنە کۆمەڵێک ئامانجی ھاوبەش و ھەنگاوی یەکەمیان لەپێناو پارچەکردنی عوسمانی ھەڵھێنا. 
ئەگەر روسیا و ئامریکا لە گۆشەیەک دابنێین و لەسەر ھێزە ھێژمۆنگەراکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست تەرکیز بکەین ئەوا سێ ھێزی گرینگی ھێژمۆنگەرای وەک ئێران، ئیسرائیل و تورکیە دەبنە تەوەرەی گرینگی ئەم بابەتەمان. 
ئێران و ئیسرائیل
ھەر لە سەرەتای ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا ھەڵوێستی دوژمنکارانە لە دژی ئیسرائیل راگەیندرا بەڵام مێژووی ئەم دوژمنکارییە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سنووردار نابێت و تەنانەت بۆ سەردەمی قۆناخی راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەردەمی شای ئەو کاتی ئێران دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ سێزدە وڵات لە دژی پرۆژەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەو کات لەمەڕ دابەشکرندی فەلستین دەرکەوتن، کە ئێران یەکێک بوو لەم سێزدە وڵاتە. دوو ساڵ دواتر دیسانەوە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەبوو کە لە دژی پەژراندنی وڵاتی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکەوت. بەڵام سەرەڕای ئەم بابەتە لەژێر کارتێکەری ئامریکا و ئەوروپا و بەتایبەت قاندانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە دژی وڵاتانی عەرەبی، شای ئێران لە دوای تورکیە دووھەم وڵاتی ئیسلامی بوو کە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیسرائیل دانا. 
دواتر لە ساڵی ١٩٥١ مووسەدیق کە نوێنەری ناسیۆنالیزمی ئیرانیە، دانپێدانانی ئێران بە ئیسرائیل ھەڵدەوەشێنێتەوە. دواتر کە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، ھێڵی پان عەرەبیسم لە ژێر کارتێکەری کەسانی وەک جەماڵ عەبدولناسر و سەدام حوسێن-دا و ھێڵی کۆمۆنیزم بە پێشەنگایەتی سۆڤیەت گەشە دەکات، ھەر دوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل دەبنە خاوەن بەرژەوەندی ئەمنی ھاوبەش و پەیوەندیەکانیان توندوتۆڵ دەبنەوە. تەنانەت لە گەرمەی شەڕی ئێران و ئێراقدا، ئێران بڕی پێنج سەد میلیۆن دۆڵار چەکی ئامریکایی لە ئیسرائیل دەکرێت. دەگەڵ ئاشکرابوونی ئەم بابەتە ئێران ھەموو پەیوەندیە بارزگانییە شاراوەکانی ھەتا مردنی خومەینی دەگەڵ ئیسرائیل رادەگرێت. پەیوەندی دوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام لە بەرزبوونەوە و دابەزیندابووە.
ئامانج لە باسکردنی ئەم کورتە مێژوویە ئەوەیە، کە ھەردوو وڵاتی ناوبراو خاوەن کۆمەڵێک بەرژەوەندی ھاوبەشن و دەتوانن قووڵایی ئەمنی ستراتێژیکی یەکتر بن. ھەر بۆیە تەنانەت چەند جارێک کەسانی سەر بە ھەر دوو باڵی رێفۆرمیست و تووندئاژۆی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامی ئامادەیی رێکەوتنیان دەگەڵ ئیسرائیل راگەیاندوە.  خاتەمی وەک نوێنەری رێفۆرمیستەکان لە نۆڤامبەری ساڵی ١٩٩٧ رایگەیاند کە ئەگەر فەلستینیەکان دەگەڵ ئیسرائیل رێکەون ئەوا ئێرانیش بڕیاری ئەوان پەسەند دەکات. دواتر مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٩ رایگەیاند کە ئەگەر چارەسەری بنیادنانی دوو دەوڵەت لە ئیسرائیل بێتە ئاراوە، ئەوا ئێران ھیچ دژبەرییەک نیشان نادات.
 بۆ سەر لە نوێ داڕشتنەوەی رۆژھەڵاتی ناوەراست، ئێران پێویستیەکی ستراتێژیکە. بەتایبەت بۆ سازدانی لەمپەرێک لەبەردەم گەشەسەندنی وڵاتی چین لە رێگای ئاوریشمی نوێ بۆ ئەوروپا، ئێران رۆلێکی ستراتێژیک دەبینێت. ھەر بۆیە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە بۆ ئەوەیکە ئامریکا بتوانێت لەتەک ئێراندا بگاتە رێکەوتنێک، دەبێت پێشتر لەسەر داھاتووی ئێران دەگەڵ ئیسرائیل رێکەوتن بکات. ئەمەش ئەو ھەنگاوەیە کە دەتوانێت لە رێگای ئەو ئەزموونە نوێیەی نێوان روسیا و ئامریکا بێتە ئاراوە. واتە رەنگدانەوەی رێکەوتنی ئامریکا و روسیا لە سوریە دەتوانێت دەرگا لەبەردەم گۆڕینی ھاوسەنگیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بکاتەوە و زەمینەی بەرجامێکی نوێی لێبکەوێتەوە. بەرجامێک کە کۆمەڵێک ئامانجی ستراتێژیک دەپێکێت و تەنانەت زەمینەی سەرەتا ھێوەرکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران- ئیسرائیل و لە قۆناخی دووھەمیشدا زەمینەی پەیوەندی نێوان ھەر دوو وڵات بێنێتە ئاراوە. 
ئەوەی دەتوانێت رێگەخۆشکەری ئەم سێناریۆیە بێت، پەیوەندی و کارتێکەری روسیە لەسەر رۆڵی ئێران لە سوریە یە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی رێکەوتنی ئامریکا و روسیە، لاوازکردنی پێگەی ئێرانە لە سوریە. ئەو رێکەوتنە و خۆپێشاندانەکانی لوبنان و ئێراق گوزارە لە دۆخی لاوازکردنی ئیران لە رۆژھەڵات ناوەراست دەکەن. ئێرانێکی لاوازی سنووردار بە جوگرافیای سیاسی خۆی، ئەو ئێرانە نابێت کە ببێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئامریکا و روسیە و ئیسرائیل لە ھەرێمەکەدا. 
کاتێکدا لێرەدا باس لە پەیوەندی دەکەین بەو واتایە نیە کە ئیتر ئەو ھێزانە دەبنە ھاوپەیمان و ھیچ ناکۆکیەکیان لەنێواندا نامێنێت. بێگومان ھەتا ئەو رۆژەی بەرژەوەندی ھەبێت ناکۆکیش ھەر دەبێت. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ناکۆکیەکان لە چوارچێوی ئابووری فینانسی گلۆباڵدا بەرێکخستن بکرێن و زەمینەی شەڕی ناوەکی لە ئارادا نەمێنێتەوە. 
تورکیا
لە ئەنجامی ئەو رێکەوتنەی ئامریکا و روسیە، ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی تورکیەش دەدرێت. ئامریکا گۆڕەپانی ستراتێژیکی سنووری باکووری سوریە کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکیەی، رادەستی روسیە کردوە. لە بەرامبەردا ئامریکا جگە لە پاراستنی شوێن پێی لەشکەری خۆی، دەستی بەسەر سەرچاوە نەوتییەکانی ئەو ھەرێمەدا داگرتووە. پرسی کۆنترۆڵکردنی تورکیە، مژاری ھاوبەشی ھەر دوو وڵاتی ئامریکا و روسیەیە. تورکیە پێی وابوو کە دەتوانێت بە بەکارھێنانی ناکۆکی نێوان ئامریکا و روسیە  پرۆژەی نێئۆعوسمانی خۆی لە ھەرێمەکەدا پراکتیزە بکات و کوردیش لە سەدەی بیست و یەکەم بێ ستاتۆی سیاسی بھێڵێتەوە. کەچی سایتی سی ئێن ئێن تورک لە رێکەوتی ١٨ نۆڤامبر ھەواڵێکی لەژێر ناوی "رەزاڵەتی ئاڵا: ئەمجارە روسیا"دا بڵاو کردۆتەوە و باس لەوە دەکات کە ھێزەکانی روسیە لە کاتی جێگیربوونیان لە بەنداوی تەشرین، لە رێورەوسمێکی لەشکەریدا ئاڵایان لەگەل ھێزەکانی سوریای دیموکراتیک گۆڕیوەتەوە. ئەمە گوزارە لە ھەڵوێستی ھاوبەشی روسیا و ئامریکا لەمەڕ ھێشتنەوەی ھێزی لایەنی کوردی لە سوریا و لە ھەمانکاتیشدا رێکەوتنی ھەر دوو وڵاتی ئامریکا و روسیا دەکات. تورکیە لەمە زیاتر ناتوانێت لە دەرەوەی پێشکەوتنەکان بمێنێتەوە و لە نێوان بەرداشی روسیە و ئامریکادا خۆی قووتار بکات. 
لە لایەکیترەوە، کۆنترۆڵکردنی تورکیە و پەژراندنی ستاتۆیەک بۆ کوردان لە سوریە، لاوازکردنی ھێڵی ئیخوان موسلمین لە رۆژھەڵاتی ناوەراستە. لاوازکردنی ئەم ھێڵە ھەم لە بەرژەوەندی ئێران و ھەم عەرەبستانی سعودی دایە. 
کۆتایی
تەماشاکردنی جیھان وەک چەند پارچەزەمین و ھێزی پارچە پارچەی تەواو دژبەر و ھەتا ھەتا دوژمن، تیڕوانینێکی دروست و لوژیکی نیە. چوونکە بە خوێندنەوەی مێژوو بۆمان دەردەکەوێت کە ھێزە ھەرە دژبەرەکان لە ھەندێک قۆناخدا دەبنە خاوەن بەرژەوەندی ھاوبەش و ھاوپەیمانە مێژووییەکانیش لە یەکتر دوور دەکەونەوە. بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات بەردەوام زەمینەی سیاسەتی نوێی لێدەکەوێتەوە. 
واتە لە ئەنجامدا ھەوڵ دەدرێت پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوینی نوێ، کە لە سەردەمی بووش-دا پرۆژەی یەکلایەنەی ئامریکا بوو، ھەنووکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ھاوبەشدا لەلایەن ئامریکا و روسیە بەرێوە ببردرێت. 
ئامانجی سەرەکی ئەم سەر لەنوێ داڕشتنەوەیەش، کردنەوەی دەرگای بازاری رۆژھەڵاتی ناوەراستە بەرووی ئابووری فینانسی گلۆباڵ و لە ھەمانکاتیشدا سنووردانانێکە لەبەردەم گەشەسەندنی ھەژمۆنی وڵاتی چین. 
بۆ گەیشتن بەمە، پێویستە ھاوسەنگی نوێ لەنێوان عەرەبستان، ئێران، تورکیە و ئیسرائیل-دا بێتە ئاراوە. ھاوسەنگییەک کە ھەموو ھێزەکان لەبەرامبەر یەکتردا لاواز دەکات و زەمینەی دەستێوردانی ھەردوو زلھێز واتە ئامریکا و روسیە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا پەرە پێدەدات.