سەردێڕ:

نەخۆشخانە حکومییەکان ڕیکلام بۆ ئەھلییەکان دەکەن

11/19/2019 11:49:10 AM
2548 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
+ -

لە ماوەی پێشوودا خزمێکمان نەخۆشکەوت بەپەلە گەیاندمانە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، لە ‌ڕاستیدا کاتێک کەسێک یەکێکی نەخۆش دەکەوێت، تەواوی خێزانەکە دەکەوێتە ناڕەحەتی و بێزارییەوە، ئەوەش لە بەر دوو ھۆکار:
یەکەم: لە ڕووی سۆز و خۆشەویستییەوە، ترسی ئەوەت ھەیە کە گیانی کەسێکی ئازیزت لە دەستبچێت، چونکە بەداخەوە ئێمە لە ڕووی تەندروستییەوە سیستمێکی زۆر باشمـان نییە.
دووەم: ترسی ئەوەت ھەیە دەبێت یەکسەر پارەیەکی زۆر بۆ ئەو نەخۆشە دابنێیت، چونکە چارەسەری نەخۆشی لەم وڵاتەدا زۆر گرانە.
ئێمە ھەر کە گەیشتینە نەخۆشخانەکە پاش کەمێک یەکسەر کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بە منداڵەکانی نەخۆشەکەیان وتبوو، باشترە بیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەھلی لەوێ چارەسەری باشتری لێیە، لێرە ئەو دەرمان و چارەسەرە نییە. لەو حاڵەتەدا مرۆڤ نازانێت چی بکات؟!، چونکە دەترسیت نەخۆشەکەی نەبات، رەوشی خراپتر ببێت و گیان لەدەست بدات، ئەگەر بچێت بۆ نەخۆشخانەی ئەھلیش، گیرفانت نەخۆش دەکەوێت.
بەھەرحاڵ بەناچاری و بەپەلە نەخۆشەکە برایە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان. راستە لە رووی خزمەت و چارەسەرەوە باشتر بوو، بەڵام تەنھا بۆ دوو شەو مانەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن دیناری تێچوو.
دیارە پێشتریش نەخۆشخانە حکومییەکان کێشەی ئەوەیان ھەبوو، چونکە لەگەڵ رێزدا بۆ پزیشکە دڵسۆزەکان، بەڵام بەشێک لە پزیشکان، نەخۆشخانە حکومییەکانیان بۆ ناساندنی خۆیان بەکاردەھێنا و لەوێوە نەخۆشەکانیان وەک مشتەری بۆ عەیادەکانیان رەوانە دەکرد، ئێستاش رەوشەکە بەرەو خراپتر چووە، چونکە ھەندێک لە پزیشکان ‌و کارمەندانی تەندروستی کە خاوەنی نەخۆشخانەی ئەھلین یان لەو نەخۆشخانە ئەھلییلیانە پشکیان ھەیە یان لەوێ بە گرێبەست کاردەکەن، نەخۆشخانە حکومییەکان بەکاردەھێنن بۆ ریکلامکردن بۆ ئەو نەخۆشخانە ئەھلییانە.
دیارە ئەمەش کێشەیەکی گەورەترە کە رووبەروی سیستمی تەندروستی ئەم وڵاتە دەبێتەوە، چونکە ناکرێت نەخۆشخانە و دامودەزگا حکومییەکان، بکرێنە شوێنێک بۆ دەستکەوتنی مشتەری «نەخۆش» و ریکلامکردن بۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکان.
بەداخەوە ئێستا ھەوڵێکی ترسناک ھەیە بۆ فرۆشتنی تەواوی کەرتە گشتیی و حکومییەکان بە کەرتی تایبەت، لەمەشدا ئەوانەی پشتگیریی ئەم ھەوڵانە دەکەن، کۆمەڵێک بیانووی حازربەدەستیان پێیە لەوانە: «بەم شێوەیە داھات بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە» یان «کەرتی حکومی بۆتە تەمبەڵخانە و کەس کار ناکات»، کەرتی تایبەت باشتر و کەمتری تێدەچێت» و… کۆمەڵێک بیانووی دیکە. ھەرکەسێکیش دژی ئەم ھەوڵ و سیاسەتە بووەستێتەوە پێی دەڵێن «کۆمۆنیستە» و دژی پێشکەوتنی کەرتی تایبەتە.

پێش ھەموو شتێک، کەرتی گشتی بە نەخۆشخانەکان و دامودەزگاکانی ترەوە، بە پارەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دروستکراون، ھاوکات دەبێت بۆ خزمەتی ئەوان بێت، ناکرێت لە جیاتی ئەوەی خەڵک چارەسەر بکرێت لە نەخۆشخانە حکومییەکان، بکرێنە نێچێرێکی باش بۆ کۆمەڵێک نەخۆشخانەی ئەھلی.
بەدڵنیاییەوە پێویستە سیستەمی تەندروستی باشتر بکرێت، چونکە بەشێکی زۆری خەڵک ئێستا لەم سیستمە ناڕازیین و بە بڕوای منیش ھێندە کۆسپێکی گەورە نییە، بۆ نموونە بۆچی نەخۆشخانە ئەھلییەکان ئامادەن بچن ئامێری مۆدێرن بکڕن یان پزیشکی بیانی بھێنن، بۆچی نەخۆشخانە حکومییەکان ئەمە ناکەن؟
لە  لایەکی دیکەشەوە، پێموایە ھەر پزیشکێک کە عیادە یان نەخۆشخانەی ئەھلی ھەیە، نابێت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا کاربکات، چونکە لێرەوە ریکلام بۆ خۆی دەکات، لە زۆر وڵاتی جیھانیشدا بەمشێوەیە و رێگە نادرێت پزیشکێک ئەگەر نەخۆشخانەی ئەھلی ھەبێت، لە نەخۆشخانەی حکومیدا کاربکات.

ھەروەھا زۆر گرنگە کە ئێمە سیستمی « دڵنیایی تەندروستی «تڕمین ێحی» دابمەزرێنین، ئەمەش زۆر کارێکی قورس و گران نییە، چونکە حکومەتی ھەرێم دەتوانێت لەگەڵ کۆمپانییایەکی ئەوروپاییدا رێکبەوێت، ئەم سیستمەی بە ئاسانی بۆ دابمەزرێنێت. لەو باوەڕەشدام خەڵکی لەم سیستمە رازی دەبن، چونکە سوودمەندی سەرەکی دەبن تێیدا.
ھیودارام و داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی دەکەم، کە رێوشوێنی پێویست دژی ئەم دیاردە ترسناکە بگرێتە ‌بەرو نەھڵێت چیتر بەئاشکرا لە نەخۆشخانە حکومییەکانەوە، ریکلام بۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکان بکرێت. ھاوکات پێویستیشە بەھەموو شێوەیەک ھەوڵ بدرێت پزیشک ‌و کارمەندی باش و ئامێری تەندروستیی مۆدێرن، بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابین بکرێت، بەشێوەیەک کە خەڵکی پێویستی بەوە نەبێت سەردانی نەخۆشخانەی ئەھلی یان دەرەوەی وڵات بکات.