سەردێڕ:

ھەڵبژاردە سەختەکان

5/13/2021 11:42:45 AM
7156 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

سەرۆکی ھەرێم
ئەوەی ئاشکرایە ئێستا کەم کەس ھەیە ھیوا بەو بارودۆخە بخوازێ کە سەرۆکی ھەرێمی تێکەوتووە، ئاخر ئەو کەتۆتە نێوان دوو بەرداش ھەرلایەکیان ھەڵبژێرێ ئەویتریان ئەیھاڕێ.
نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکایە ھێندە قورسە ئەگەر سەلیقەیەکی زۆرو دنیابینیەکی فراوان و دووربینیەکی مەودا درێژی نەبێ ئاستەمە بەسەرکەتووی لێی بێتە دەرەوە.

سەرۆکی ھەرێم  لەنێوان پارتی و شەقام، سەرۆکی حوکمەت و دەستگیرکراوەکانی بادینان، ماڵی خەزور و نێوماڵی کۆمەڵگە، ئاشتی و تەبایی خێزان و دووبەرەکی، راستکردنەوەی یاسای لار وخوار بەکارھێنراو و یاسای ھاوسەنگ و یەکسان، دادگای حیزبی و دادگای دادوەر، دادوەری گوێڕایەڵی حیزب و دادوەری گوێڕایەڵی یاسا، پاراستنی سومعەی ھەرێم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای رێکخراوە مرۆڤ دۆست و یاساپارێزەکان. ئەبێ ئەو لایە ھەڵبژێرێ کە لەیەک کاتا "پارتی، شەقام، خانەوادە، یاسا، رێکخراو وڵاتانی دیموکراسیخواز و دۆستی یاسا" قایل بکات، بۆئەمەش پێویستی بە یارمەتی خەڵکانی رۆشنبیر و بیرمەند و رامیاریوانی زانستی ھەیە کە لە رێی نوسین و سەردان و فشار دروستکردنەوە رێگە راستەکەی بەبەڵگەوە بۆ ڕۆشنکەن.

ئەبێ ئەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم روونکرێتەوە ئەگەر واژۆی بڕیارەکەی داد"گا" بکات و ئەو دەسگیرکراوانە بێکەس بەجێببھێڵێ ئەوا:
*لە سەرۆکی گەلەوە ئەبێت بە سەرکردەیەکی پارتی و بەس.
*لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای رێکخراوە مرۆڤدۆست و یاساپارێزەکان وەک ھەر سەرۆکێکیتری رۆژھەڵاتی پێگەی خۆی وەک کەسێکی دیموکراتخواز لەدەستئەیات و ھاوشێوەی دیکتاتۆرەکان ئەبینرێ.
*لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەو وێنە میانڕەوە لەدەستئەیات کە بەراورد بە سەرۆکە باڵادەستەکانیتری پارتی پێیناسراوە.
*لەناو خودی پارتیشا لاوازتر ئەبێت و پاشەکشێیەکی کەمەرشکێن لەبەرامبەر رکابەرەکەی "سەرۆکی حوکمەت" ئەکات.
*پارتیە دیموکراتخواز و مافپارێز و یاسادۆستەکانیش بێ ئومێدئەکات و چیتر ئەو کەسە نابێت کە چاویان لەسەریبێت وەک سەرۆکی داھاتووی پارتی لێیبڕوانن.
*لە کۆنگرەی داھاتووی پارتیا باجی ئەنجامی ئەو ھەڵەیە ئەیات.
*دووبارەبوونەوەی مێژووی باوکی و مامی بەچاوی خۆی ئەبینێتەوە کە چۆن باپیری باوکی لەبەرامبەر مامیا پشتگوێخستبوو.

کۆنسوڵگەی وڵاتان و ئێران و تورکیا
دوای بڕیارەکەی دادگا ئیتر ئەبێ ھاوڵاتیان و بگرە رۆژنامەنوسانیش لە کۆنسوڵگەی وڵاتان نزیک نەکەونەوە تا بە تۆمەتی کاری سیخوڕی دوستگیرنەکرێن، ئەمە لەکاتێکا کە تورکیا بە قوڵای ٤٠ کیلۆمەتر بەرەوژوور ھاتۆتە ناو ھەرێمی کوردستان و ژمارەی دەزگا ھەواڵگرییە تورکەکان لەھی خودی ھەرێم زۆرتن و ئێران شارەکانی ھەرێمی کوردستانی بە قەرارگاکانی تەنیوە و کێی بوێ تیرۆری ئەکات و کام بنکەی حیزبە کوردستانییەکانی بوێ بەڕۆژی نیوەڕۆ موشەکبارانی ئەکا، لە ھەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە ھەر خودی دەسەڵاتی ھەرێم و حیزبەکان خۆیان رێنوێنی و چاوساغیان و کاری سیخوڕیان بۆئەکەن کەچی ھیچ دادگایەک بوێری ئەوەی نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵا بکات، بگرە بەشانازیشەوە باسی ھاوکارییەکانیان بۆ وڵاتانی داگیکەری مێژوویی کوردستان ئەکەن.

قەندیل
چیتر قەندیل ئەو ناوچە دڵڕفێنە گەشتیارییە سەرنج ڕاکێشەی پێش بڕیارەکەی دادگا نیە تا ھاوڵاتیان بتوانن بەبێ کێشە بچن سەردانی بکەن، نەوەک بەتۆمەتی کاری سیخوڕی بۆ پ.ک.ک تاوانبار و دەستگیربکرێن، سەیر لەوەیایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی رەشی حکومەتی ھەرێما نیە کەچی داد"گا" دیدار و سەردانیکردن لەگەڵیانا بەکاری سیخوڕی ئەبینێ. بەپێی بڕیارەکەی داد"گا"بێت خەڵکانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە یەکپارچە سیخوڕن! سەیرتر ئەوەیە ھەرگیز داد"گا" دەسنیشانکردنی موڵگەو بارەگا و شوێنپێی گەریلاکانی "پ.ک.ک"و حیزبەکانی رۆژھەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە بۆ تورکیا و ئێران بەکاری سیخوڕی نەبینیوەو بگرە کەیسی لەوجۆرە ھەربوونیشی نیە!

ھەڵبژاردن
ترس لە سەنگی مەحەکی جەماوەر و رێکەوتنی سیاسی دابەشکردنی کورسییەکان و سازشکردنی ھەندێک لایەن لەبەرژەوەندی لایەنێک ھیچ واتایەک بۆ ھەڵبژاردن ناھێڵێتەوانێ و سڕکردنی دیموکراتی لێئەکەوێتەوە، ئەوەش ئەسەلمێنێ کە کۆی ئەو حیزبانە باش لەوە تێگەشتوون کە ئەدای کارکردنیان نەک ھەر وەک پێویست نەبووە بەڵکو ھێندە خراپیش بووە کە نەوێرن خۆیان بەنە بەر نەشتەری جەماوەر.

حیزب لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەت
دوو دیاردەی سەیر لە حیزبە کوردستانییەکانا بەدی ئەکرێ بێجگە لە پ.د.ک.
یەکەم، لەم کابینەیەو کابینەکانی پێشووش ھەموو ئەو حیزبانەی بەشداریان لە کابینە حکومییەکانی پارتیا پێکراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانا وەک مەڕ بێدەنگن، ھاوشێوەی مناڵانی سەرەتایی دەست بڵندئەکەنەوە بۆ قسەکردن و واژۆ لەسەر ھەموو بڕیارێکی حکومەتە ئەکەن کەچی حیزبەکانیان لە مێدیاوە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت قسەئەکەن، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش ھەڵبژاردن.

دووەم، زۆربەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ناو حکومەتیش ھەتا کامێرا و مۆبایل نەبێت بۆ وێنەگرتن و گواستنەوەی چالاکییەکنیان ھیچ دەنگێکیان لێوەنایەت و بێدەنگن، بگرە ھاوکار و ھاوڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشن، بەڵام بەقودرەتی قادر ھەر کە کامێرا ھەبوو، یان کە خۆیان دەستیانکرت بە تۆمارکردن بە مۆبایلەکانیان، ئیتر نەڕەو ھاوراریان لێبەرزئەبێتەوە و ئەبن بە داکۆکیکاری سەرسەختی میلەت، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش ھەڵبژاردن، ئەو تای ھاوراکردن و فیکە و تەپڵ و پێڵاوفڕێدانە زۆر بەرزتر ئەبێتەوە. "ھەڵبەتە باسی ١١ کۆتاکە ناکەین کە بوونیان تەنھا بۆ بەرژەوەندی پارتیە". بەڵام ئەم دیاردەیە لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتیا بەدی ناکرێ و تائاستێکی زۆر یەک ڕوون، ھەڵبەتە ئەوەش لەبەر دوو ھۆکارە، ھۆکارێکیان ئەوەیە کە ھەموو شتێ بەخواستی حیزبەکەیان ئەچێ بەڕێوە، ھۆکارێکیتریش ئەوەیە کە پارتی حیزبێکی ناوەند دەسەڵاتە "مەرکەز"یە و ھەر جوڵەیەک دژی بەرژەوەندی ئەو حیزبە بێ سزا تێناپەڕێ.

کوشتن
ھەڵبەتە ئەوە کۆمەڵگە نیە کە حەزی لەتاوان و کوشتارە، ئەوە زۆر و بۆری ئەو ھەموو مەلا ئاینیە "بێ دین" و ئەو ھەموو بانگخوازەیە ھەر کەسەی پەلی ئاین بەولایەیا رائەکێشێ کە خۆی پێی مەستە، ئەوە زۆری ئەو ھەموو کەناڵانەیە کە خەریکی بڵاوکردنەوەی کلتوری نامۆو تاوانی ناموس لەلایەک و زۆری کەناڵی ئاینی لەلایەکیترەوەیە، کە مێشکی کۆمەڵگایان بەجۆرێک ژەھراوی کردووە ئەگەر کەسی تەماشاوان زۆر ھۆشیارنەبێ ئاستەمە تێنەکوێ، جا  ئەگەر کەسەکە ببێتە ھۆکاری کوشتنی کەسێک لەڕێی ئابڕوبردنیەوە، یان خۆی ببێ بە بکوژ لەڕێی مێشک شتنیەوە بەبیری توندڕەوی، یان خۆی بکوژێ لەڕێی بێ بەھاکردنی ھەموو جوانیەکانی ژیانەوە، ھۆکارەکە ھەر ئەوانەی سەرەوەو  بێ پرەنسیپ و دیسپلینی حکومەتەتیشە لە ھەمانکاتا.

دانس و تەراویح
نوێژکردن بابەتێکی کەسییە لەنێوان خود و خواوەند و چاکە و خراپەشی ھەربۆ کەسی نوێژخوێن خۆیەتی، بۆیە ھیچ پێویست بەنمایشکردن لەسەر شەقاما ناکات، بەڵام بیرمان نەچێ ئەکرێ سیاسەت لەپشتی ئەو کارەوەبێ.

سەماکردن کارێکی نمایشکارانەیە و کارێکە لە سەمازانەوە بۆ تەماشاوان واتە سەما بەبێ نمایش نابێ، چونکە کارێکە بۆ کەیف و ئارەزووی ھەوادارانی.

لەڕاستیا ھیچیان پەیوەندیان بەسەر ئەوەیتریانەوە نیە، بەڵام میلەتێک کە ھۆشیاری و مەعریفەی کەمبێت تێکەڵیان ئەکا و لەھیچی نەبوو دووبەرەی دژەیەک دروستئەکا و کێشەیەکیتریش ئەخاتە سەر کێشە کەڵەبووەکانی.