سەردێڕ:

کە زۆر ھات قەواڵە بەتاڵە

10/18/2020 12:28:11 PM
3524 جار خوێندراوەتەوە
سامانی وەستا بەکر
+ -

سوتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری "باغی داد" بغداد و چەن سەرنجێک.

گومان ھەڵناگرێ کە زۆرینەی عەرەب و لە ناویشیاندا عەرەبی عێراق و سوریا  کورد بە ھاوبەش و داروسێ و خاوەن خاک و ماف نابینن، بەڵکو لەبری ئەوە کورد وەک دوژمن و ژێردەستە و بگرە کۆچەر و داگیرکار تەماشا دەکەن، لەوەش زیاتر لە کاتێکدا کە زۆرینەی کورد خەڵکی باوەڕدار و موسڵمانن کەچی ئەوان نەک کورد بە برای دینی ئەژمار ناکەن، بەڵکو بە لە دین لادەر و تێکەڵەیەک لە زۆرینەیەکی جنۆکە و کەمینەیەکی مرۆڤ تەماشای کورد دەکەن.

ئەوان کە کورد بە "کرد" دەخوێنەوە ھەر بە "کرد"یش "ڕکراد" سەیری دەکەن. "ڕکراد" لای ئەوان بە ھەموو ھۆز و تیرانە دەوترێ کە کۆچەر و بێ خاک و ناونیشان بوون.

"کردات" واتە "ڕبعد"  واتە دوورخراوە، وە " ڕکراد " واتە "المبعدین" واتە دوورخراوەکان. (الڕکراد کُڕد من ڕرچھم) ئەم دەستەواژەیە لای زۆرێکی عەرەب لە ناویشیاندا نوخبە و رۆشنبیر و نیرمەندەکانیشیاندا باوە، کە مەبەستیانە ناوی کورد لە ناو دابماڵن و بیکەن بە کردار واتە "الفعل"  بەواتایەکی تر دەیانەوێ پێناسەی ناوی کورد بگۆڕن بۆ کۆمەڵێ خەڵکی خێڵەکی و ھۆز و کۆچەری کە ھیچ ناونیشانێکیان نیە لە مێژوودا، لەو ناوچەیەی کە لای کورد بە کوردستانی گەورە ناسراوە شتێک نەبووە بەناوی کورد بەڵکو ناوی کورد ناو نیە و "فعل"ە.

بەڵکو وشەی کورد لە "کرد یان ڕکراد"وە وەرگیراوە کە لای عەرەب بە واتای "المبعدین" دێت، بەوەش دەیانەوێ بڵێن ناوی کورد وشەیەکی عەرەبیە و بە کۆمەڵێ خەڵک وتراوە کە لە دوای ساڵی ١٥٠٨ تا ١٦٢٣ لەو ناوچانەی کە ئێستا پێی دەوترێ کوردستانی گەورە جێگیر بوون، کاتێک کە لە زێدی خۆیان دەرکراون یان دوورخراونەتەوە کە ئەمەش بە واتای سڕینەوەی مێژووی چەند ھەزارەی کورد و داماڵینی لە زێدی خۆی دێت.

ئەم بیرە توندڕەوە شۆڤێنییە سەرەتا لەناو سوریا سەریھەڵدا، سەرەتاکەی لێکۆڵەری دکتۆر (الباحپ الدکتور بھجت القبیسی) کەوتە جوڵاندنی ئەم بابەتە و بەخێرای بەناو زۆرێکی عەرەبی ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.

خاوەنی ئەم بیروبۆچوونانە بەجۆرێک کار دەکەن لەسەر سڕینەوەی کورد لەناوچەکە کە زۆر لەوەی لە عێراق دەکرێ دژوارتر و ناحەزترە. ئەوەی لە عێراق دەکرێ تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکانە لەڕێگەی ھاوردەکردنی عەرەب بۆ ئەو ناوچانە پاشان سڕینەوەی ناوە کوردییەکەی و فەرزکردنی ناوێکی عەرەبی لەبری و پاشان کردنی عەرەب بە زۆرینە و کورد بە کەمیینە.

بەڵام ئەوەی کە لە سوریا ئەکرێ زۆر لەوە دژوارترە، ئەمان سەرەتا کاردەکەن بۆ شێواندنی مێژووی کورد لەو ناوچەیە و پاشان سڕینەوەی بە تەواوەتی، واتا پێش ئەوەی دەستبکرێ بە تەعریبکردنی ناوچەکە و گۆڕینی ناو و دیمۆگرافیاکەی، دەست دەخرێتە ناو مێژووەکەی، تا کارێک بکەن خەڵکی ناوچەکە توانای بەرگرییان لە خاکی مێژوویی و بۆماوەیی خۆیان نەمێنێ کە گوایە ئەمانە ھاوردە و کۆچەرن و زێدی ئەوان نیە.
بۆ نمونە دەڵێن "سەرێ کانێ" ناوێکی کۆنی سوری سریانی ئارامییە کە پێی وتراوە "ریش عینا" ئەمەش بۆ نزیککردنەوەی لە ناوی "رڕس العین" ئەو ناوەی کە ھەر ناوە کوردییەکەیە "سەرێ کانێ" ڕاستەوخۆ عەرەب وەتەنی "حرفیًا" وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی.

زۆر لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن کانتۆنی عەفرین ناوێکی مێژووی عەرەبی سورییە و ئینکاری ناوە کوردییەکەی دەکەن "ئەفرین" کە سەرچاوی ناوەکە کوردییە و ئەبێتە "ئاوەڕێ، یان ئاوی لافاو"، کە سەرچاوە و چاوگی ناوەکە بەم جۆرەیە "ئاڤڕێ، بۆ عەڤڕێ و عەڤڕێن و عەفرین" بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی خەڵکەکەی بەڕێژەی %٩٥ی کوردن و زۆرینەی زۆریان عەرەبی نازانن، بەڵام ھەر ئینکاری کورد دەکەن لەو ناوچەیە. یان دەڵێن قامیشلۆ کە ئەوان پێی دەڵێن قامیشلی ناوێکی تورکیە و کوردی نیە و درێژکراوەی شاری "نێیبین"ە و زۆر نمونەی تریش.

دەمەوێ بڵێم ھیچ کارێکی سەیر نیە کە بارەگای حیزبێکی کوردی لە شارێکی مێژووی کوردا بسوتێنرێ، بەڵکو ئەوەی کە سەیرە ئەوەیە کە چۆن تا ئێستا بارەگا و شوێنەکانیتریش نەسوتێنراون لەکاتێکدا کە بەچڕی کار لەسەر سڕینەوە و ھەڵکێشانی ڕەگی مێژووی کورد نەک لە "باغی داد" بەڵکو لە کۆی ئەو زەوییەدا دەکرێ کە لە مێژوودا بە میزۆپۆتامیا و ئێستاش بە کوردستان ناسراوە.

ئەگەر لە دیوە مێژوویەکەی بگەڕێین و چاویش لە ھەڵەی مێژووی خودی کورد بپۆشین و کورد بە ستەملێکراو و بەشخواردوو دابنێین، بەڵام کاتێ باسی دیوە سیاسیەکەی بکەین ناتوانین چاو لە ھەڵە زەقەکانی کورد بپۆشین، ئەگەر واز لە ھەموو ڕووداوەکانی تر بێنین و تەنھا باس لە سوتاندنی لقی پێنجی پارتی کوردستان بکەین لە "باغی داد" ئەوا:

حزبە سیاسیەکانی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە نەیانتوانیووە کارێک بکەن کە ئاشتەوای و نیەت پاکی و لێکتێگەشتنێکی ھاوبەش لە نێوان کورد و پێکھاتەکانی تری عێراقدا بێنە ئاراوە.

ئەمان چوونەناو پرۆسەی سیاسی عێراق بۆ بنیاتنانەوەی ئەو عێراقەی کە ئەنفال و ھەڵەبجە و ڕاگواستنی بارزانییەکان و تەعریبکردنی بە کورد کردبوو پێش ساڵی ٢٠٠٣، عێراقێک کە ئەمان بەھێزترین حزب بوون بەراورد بە حزبە عێراقییەکانی تر و ھێزی پێشمەرگەی نیمچە رێکخراو و ئابوری و دامودەزگای حکومی و نیمچە دەوڵەتێکیان لەبەردەستدا بوو.

١٧ ساڵ کارکردنی ئەمان لە پرۆسەی سیاسی دوای روخانی ڕژێمی بەعس و ھەرەسھێنانی ئەوەی پێی دەوترا دەوڵەتی عێراق بەجۆرێک بووە کە کوردییان لە زوڵم لێکراوە بۆ زاڵم گۆڕی لە چاوی پێکھاتە غەیرە کوردییەکانی تری عێراقدا.

ئەمان خۆیان وەک "قەراسنەکان" بە خەڵکی عێراق ناسان، لە چاوی عێراقییەکاندا ئەمان بوون بە بزنمژە و خوێنیان لە جەستەی عێراقدا نەھێشتووە.

لەلای خەڵکی عێراق حیزبە کوردییەکان تەنھا بۆ بەرژەوەندی ئابوری خۆیان لەوێن و کاریان تەنھا دادۆشینی عێراق و دروستکردنی کۆشک و تەلاری ناوازە و بەفێڕۆدانی سامانی عێراقە لەڕێی بەکرێگرتنی خانووبەرە و بارەگای حزبی و گەشتکردن بە فڕۆکەی تایبەت و گەڕان و ڕیزی کەژاوەی ئۆتۆمۆبیلەکانیان و ژمارە بێ شوماری پاسەوان و شەوە سورەکانیانە.

"ئەوەی خۆم بۆ خۆم، ئەوەی تۆش دەخۆم" ئەو پەندەیە کە کتومت بەباڵای حزبە کوردییە باڵادەست و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە عێراق بڕاوە.

ئاخر ئەوان دەبینن کە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەرزانفرۆش دەکرێ و داھاتی ناوخۆی و فرۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان ھەمووی دیزە بەدەرخۆنە دەکرێ و فلسێکی ناگەڕێتەوە باخەڵی حکومەتی ناوەند، بەردەوام لێژانی دەسەڵاتی ھەرێم لە ناوەندە و داوای شایستە داراییەکانی دەکات و کەم تا زۆر بۆشی دەچێتەسەر، لە کاتێکدا عێراق بە خراپترین بارودۆخی ئابوری خۆیدا تێدەپەڕێ و بانکەکانی بەتاڵ و وڵات لە مایەپووچی نزیک دەبێتەوە و فەرمانبەر و موچەخۆر مافی خۆیان پێنادرێ، بەڵام بەرپرسانی ھەرێم مێش میوانیان نیە و سوورن لەسەر چاوڕاوکردن لەگەڵ ناوەند و ئامادەنین بۆ ڕێککەوتنێک کە لۆژیک تیایدا سەروەربێ.

ئەو ھۆکارانەی سەرەوە لەپاڵ ڕقی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیەت لای ھەندێک کەس، ھەمووی پێکەوە کۆدەبێتەوە و لەفرسەتێکدا لەسەر لێدوانی بەرپرسێکی سیاسی حزبی و وەزیرێکی پێشووی عێراق کە لەسەر بەھەدەردانی داھاتی وڵات لەکارەکەی دوورخراوەتەوە دەبێتە ئاگر و لەبارەگای حیزبێک بەردەدرێت، مەخابن ئاڵای کوردستانیش کە نوێنەرایەتی چەندین ملیۆن کورد ئەکا دادەگیرێ و سوکایەتی پێدەکرێ و دەسوتێنرێ.

ھەموو کات وتراوە بارەگا و لۆکاڵی حیزبی ھیچ ماھییەتێکی نیە، با چۆڵکرێن کاتێک خەڵکی ڕقی نادادی و توڕەی خۆیان جا لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت لەوێدا دادەمرکێنەووە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە خوێن نەڕێژرێ و مرۆڤ لە داروبەرد و پەرۆ و وێنەکان بە بەھاتر تەماشا کرێن و فیشەک جەستەی ماندوویان شەقار نەکات، ئەگەر ھەڵەش کرابێ و دەسترێژی ناڕەواش کرابێتە سەر شوێنێک ئەوا با رێگا یاساییەکان بگیرێتەبەر لەبری تەقەکردن.

ئەوەی ئازاری دڵی تاکی کوردیدا لەھەر شوێنێک سوتاندنی خودی بارەگاکە نیە، ھەرچەنە ئازاربەخشە ھەر شوێنێک نوێنەرایەتی کوردی تیابکرێ بێ ڕێزی پێبکرێ، بەڵام سوتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باغی داد ئەوەی بیری تاکی کورد ھێنایەوە کە:
کە حزبی کوردی چیتر ئەو ھێزە نییە نەک بتوانێ پارێزگاری لە بەرژەوەندی و ناسنامەی کورد بکات لە ناوەند بەڵکو خودی خۆشی بۆ ناپارێزرێ.

ئەوەی سەلماند کە تاکی عەرەب تا ئێستاش دڵی بەرامبەر کورد پاک نیە و ھەر فرسەتێکی بۆ ھەڵکەوێ لە داھاتوودا سەری کورد پان دەکاتەوە.
دەکرێ لە داھاتوودا تەعریب و ئەنفال و کۆمەڵکوژی و ئەمنە سورەکە دووبارەبنەوە.

تاکی عەرەب کوردی وەک ھاوبەش و ھاوشان بێ قبوڵ نیە و ئەو تۆی وەک ژێردەستە و ھاوڵاتی پلە دوو دەوێ.

حزبی کوردی لە دەرەوەی خاکی ھەرێم زۆر دیموکراتە "ڕێوی و بێ دەسەڵات"ە، بەڵام لەناوخۆ دیکتاتۆر "شێر و چنگ وەشین"ە.
کورد ھەڕەشە و  ئاڵاکەی  بەیداخێکی شەیتانیی و کەیسەکەشی بی بەھایە لای قین لە دڵ و شۆڤێنییەکان ئەگەر نەڵێین زۆرینەی عەرەب.

ئەگەر دوور لە ھەستی نەتەوایەتیش تەماشای بابەتەکە بکرێ و بە بێلایەنی لێی بڕوانرێ، ئەبێ دان بەوەدا بنرێ کە خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراق خەڵکێکی زیندوون و ئامادەن بۆ بەگژاچوونەوە.

سەرەنجام "کە زۆر ھات قەواڵە بەتاڵە" کاتێ کە برسێتی بوو بە ھەڕەشەی جدی.