سەردێڕ:

ناسیۆنالیزم و بایکۆت

11/11/2019 10:53:27 AM
3474 جار خوێندراوەتەوە
د. جەعفەر عەلی
+ -

رەنگە لە سەرەتادا وەک ھەستێک، سۆزێک، یان تەنھا ھاوسۆزی و بەزەیی نواندن بەرامبەر بە رووداو یان کارەساتێک، کە رووبەڕووی گروپێکی مرۆیی، نەتەوەیی یان دینی، یان دەرەوەی نەتەوە و دینەکەشمان دەبێتەوە، جۆرێک لە پەرچەکردار بەپێی پابەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەوانەش فراوانتر مرۆیی، پێشانبدەین.
ئەو ھەڵوێستانەی لە سەرەتادا و وەک پەرچەکرداری ھاوسۆزی لەسەر بنەمای ھەست و عاتیفە لە دایک دەبن، ئەگەر نەگۆڕێن بۆ ھەڵوێست لە ھۆشیاریماندا، نەبن بە بەشێک لە حەقیقەتی بوونمان و لە ھۆشیاریماندا جێگە نەگرن، لەوانەیە نە ھەڵوێستە عاتیفییەکان تەمەن درێژ و، نە پەرچەکردارە ھاوسۆزییەکانمان، بەرھەمێکی گرنگی لێبچنرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ کورد بەشێوەیەکی گشتی دەرھەق بە دۆخ و ئەزموونی کوردانی رۆژئاوا پێشانیدەدات، بە بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکیاشەوە، ھەڵوێستە، ھەڵوێستێک کە تا ئەندازەیەکی گەورە لە پرەنسیپی ھاوسۆزی بۆ رۆژئاوا لەسەر بنەمای کوردبوون، یان نەتەوەیی، سەرچاوەی گرتووە. بۆ مرۆڤ شانازییەکی گەورەیە، کاتێک ھاوزمان و ھاونەتەوەکەی، دەتوانێ نموونە و مۆدێلێکی دیموکراسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جوان لە کاری بەڕێوەبردن و بە یەکەوە ژیاندا پێشکەش بکات، بە ھەموو ھێزییەوە لە پشتی کۆمەککردن بەو مۆدێلە جوانەوە بوەستێت و پشتگیری لێبکات. 
لێرەدا ناسیۆنالیزم، ئەگەر ھێزی دروستکردنی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی ھەبێت، زۆر گرنگە ئەو ئینتیما و خۆشەویستییە لە ھۆشیاری و عەقڵانیەتەوە سەرچاوە بگرێت، نەک ھاوسۆزییەکی کورتخایەن و کوێرانە، ھاوسۆزییەک، کە زۆر جار بەرەو دوو ئاڕاستەی جیاواز دەمانبات،
ئاڕاستەی یەکەم، ھێندەی بەرەو پیاھەڵدان و ستایش دەمانبات، ھێندەی بەرەو بە سیمبولکردنی تەنھا یەک کەس و یەک کارەکتەری سیاسی، یان سەربازی دەمانبات، ھێندە بەرەو بیرکردنەوە لە کۆی کێشەکە و جەوھەری مەسەلەکە نامانبات. 
ئاڕاستەی دووەمیش، ئەو گاڵتەجاڕی و بەتاڵییە مەعریفییەیە، کە لە نێو دونیای فیکری راسیزمدا، خەون بە دروستکردنی نەوەیەکی راسیستی کوردییەوە دەبینێت.
لە بڕوای مندا ئەم دوو ئاراستەیە ھەر دووکیان ترسناکن، یەکیان خەریکی بچووککردنەوەی پرسی نەتەوەیەک لە ھێزی کەسێک و، ئەویدیکەش، خەریکی چاندن و بەشینەوەی کینە و رقی نامرۆڤانەیە. 
ڕۆژئاوا دەبێ خۆی کێشە گەورەکە بێت، دەبێ ئێمە لە نێو دیمەن و کێشە گەورەکەوە سەیری کارەکتەرە سیاسی و سەربازییەکان و باقی دیمەنە بچووکەکانی دیکە بکەین. ڕۆژئاوا پێویستە وەکخۆی ببینرێت، دەبێ لە بری نوسینی ھۆنراوە بە باڵای کەسایەتییەکی سیاسی، یان سەربازی، ھۆنراوە بۆ کۆی شەڕڤانان بنوسرێت، دەبێ لە بری ھەڵواسین و کێشانی وێنەی فەرماندەیەک، وێنەی ھەر شەڕڤانێکی یەپەژە، یان یەپەگە ھەڵواسین، کە لە قوربانیدان و پێشاندانی جوانترین مۆدێلی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانی لەگەڵ داگیرکەراندا، جیاوازییەکیان لەگەڵ فەرماندەکانیاندا نییە. من لەوە تێدەگەم کە لە ھەموو شوێنێکی ئەم ڕۆژھەڵاتەدا، فەرماندەی سەربازی، یان کارەکتەری سیاسی، بایەخی خۆی ھەیە، دەشزانم کە لە باشوری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، کاتێک سەرۆک نەخۆش دەبێت، کۆی ئۆرگانەکانی حیزب دووچاری نەخۆشی دەبن، کاتێک سەرۆک دەمرێ، حیزبیش دەبێتە ئامرازێکی شەق و شڕی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە شەخسییەکان، بەڵام دەبێ ددان بەوەشدا بنێین کە کوردانی ڕۆژئاوا و باکور، ئەگەر شەخسی ئۆجالانی لێبکەینەدەر، تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ھالە پیرۆزەیان تێکشکاندووە، کە بە چوار دەوری سەرکردەدا کێشراوە، نەریتی کورتکردنەوەی حیزب بۆ سەرۆک و بینینی کۆی حیزب لە جوڵەی سەرۆکدا.     
ناسیۆنالیزم، ئەگەر دیوێکی ئینسانی ھەبێت، دیوێک بە ھەموو توانایەوە، خەریکی پڕ وزەکردنی سەرزەمینە کۆمەڵایەتییەکەی بە ژەھری (منی باڵا) و (ئەوی بچووک) بێت، دواتریش بە کردەوە ھەوڵی بەتاڵکردنەوەی ئەم وزە ژەھراوییە لە ڕێی پەلاماردان و توندوتیژییەوە لە ئەویدیکەدا بدات. لێرەدا مرۆڤبوون ئەوەیە بە ھەموو ھێزمانەوە، دژی ئەو ناسیۆنالیزمە پەڕگیر و پەلاماردەرە بوەستینەوە، کە پەڕیوەتەوە بۆ فاشیزم و لە مۆدێلی فیکری فاشیزمیشدا گوزارشت لە خۆی دەکات. بەڵام کاتێک (ئەوی باڵا) بە دوا مۆدێلی تەکنۆلۆژیای ھاوچەرخ و چەکی مۆدێرن، خەریکی کوشتنی ھەموو خەونێکی ئینسانی و نەتەوەیی و سیاسی تۆیە، بە ھەوڵدان بە ئاراستەی لە باربردنی خەوبینین بە مرۆڤبونی خۆشتەوە، لێرەدا کاتێک ناسیۆنالیزم دەبێتە ئەو ناوەندە فیکرییەی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، دەتوانێ بەرەو یەکگوتاری لە بەرامبەر ستەمی فاشیزمدا کۆمانبکاتەوە، دەتوانێ لە دەوری خەیاڵێکی ھاوبەشدا، خەیاڵی خەوبینین بە مرۆڤبوونی خۆمان و داکۆکی لە کەرامەت و ئیرادە و بوونمان، خەیاڵی ڕەتکردنەوەی نە تەنھا پەلاماری سەربازی دوژمنێکی ھاوبەش، بەڵکو بایکۆتکردن و ڕەتکردنەوەی مامەڵە بە ھەموو شمەک و کاڵایەکی کە لەماڵی ئەو دوژمنەوە دێت، بە بڕوای من لێرەدا ناسیۆنالیزم شایستە بە کۆمەک و پشتیوانییە.
ئەوەی مرۆڤی ئێمە لە ئێستادا وەک کورد لە کۆمەک و پشتگیری بە فۆڕمی جیا جیا پێشکەش بە کوردانی ڕۆژئاوای دەکات، چەندیش گەرەکمان بێت ددانی پێدانەنێین، بە ئاگا یان بێئاگا، سەرچاوەکەی بە پلەی یەکەم لە فیکری ناسیۆنالیزمەوە ھاتووە، نەک بیرۆکەیەکی دی. ئەوە ڕاستە، کە ڕاست و چەپ، ئەوانەی بڕوایان بە ناسیۆنالیزم ھەیە، یان نا، تەنانەت ئەوانەش کە ھۆشیاری پێویستیان بە فیکری ناسیۆنالیزم نییە، ھەموویان وەکیەک لە نێو ئەو بازنەی داکۆکی و کۆمەکەدا دەرھەق بە ڕۆژئاوا کۆبوونەتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، بزوێنەری سەرەکی ئەم ماشێنی کۆمەک و ھاوسۆزییە، بە پلەی یەکەم، ناسیۆنالیزمە.
بایکۆت بە تەنھا بریتی نییە لە پرسێکی ئابووری ڕووت، بەڵکو پرسێکی سیاسی، نەتەوەیی، ئینسانیشە. پرسێک کە ھەمووان بە جیاوازی بیروباوەڕی سیاسییەوە، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە، بەرپرسیارێتی ویژدانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی. پرسی گەلێک کە دەخوازێ وەک مرۆڤ گوزارشت لە بوونی خۆی بکات و بە کەرامەتەوە بژی، بەڵام ستەمێک، ستەمکارێک، بە ھەموو ھێزییەوە خەریکی کوشتنی ئەو ئازادی و بوون و ژیانەیە.   
پرۆسەی بایکۆتکردنی کوردی بۆ تورکیا، ئەگەر ھیچ دەستکەوتێکی بۆ ئێمە وەک کورد پێنەبێت، ئەوەی پێیە، کە دەتوانێ مۆدێلێکی مەدەنی و ھاوچەرخی نوێ لە خەباتی دژی فاشیزمدا پێشکەش بکات، مۆدێلێک ئەگەر بگۆڕێ بە پرەنسیپ و بەشێک لە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی ئینسانی ئێمە، دەتوانێ سەرەتایەکی گرنگ لە کاری بە یەکەوەیی و بە سەنتەرکردنی کێشە وخەمی ھاوبەشی ھەمووان، یان لانیکەم خەمی ھاوبەش و چەوسانەوەی ھاوبەش، بکاتە سەرزەمینی ھاوبەشی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەمووان، ھەر وەکچۆن ئەو مێژوو و چەوسانەوە ھاوبەشە، رەگەزێکی گرنگی کۆکردنەوەی جولەکەی سەرانسەری دونیا دژ بە ستەمی جولەکە بوو.