سەردێڕ:

پارتی و ترس لە خۆپیشاندان

2/22/2020 9:56:40 AM
18867 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

خۆپیشاندان مافێکی سروشتی ھەموو تاکێکە و تەنانەت لە بڕگە و یاساکانی نەتەوەیەکگرتوەکانیشدا جێگیرکراوە.
لە وڵاتە دیموکراتەکاندا وێڕای ئەوەی مۆڵەت بە خۆپیشاندان دەدەن، ھاوکات بە ھێزی پۆلیس پارێزگارییان لێدەکەن و لە سەرەتاوە تا کۆتایی یاوەری خۆپیشاندەران دەبن.

خۆپیشاندان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری، نادادپەروەری، بێکاری، کەمی مووچە و زۆر ھۆکاری دیکە سازدەکرێت.

ڕژێمە تۆتالیتار و دیکتاتۆر و نادیموکرایتەکان، بە ئەستەم ڕێگە بە خۆپیشاندان دەدەن، خۆگەر سازیش بکرێت ئەوە  زۆر جار بە زەبر و زەنگ و لێدان و گرتن،  تەنانەت بە کوشتنیش کۆتاییان  بەو خۆپیشاندانانە ھێناوە.

لە ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە بەردەوام خۆپیشاندان سازکراوە کە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ داکۆکی بوون لە مافی خەڵی  کوردستان .

ھەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی کە تا ئێستاش ھەرێمیان لە نێوان زۆنی سەوز و زەردا دابەشکردوە، ھەر ئەم دابەشکردنەش وایکردوە کە ھەریەکەیان ئەجندا و مەرامی خۆپیشاندانەکان بقۆزنەوە و دژ بەلایەنەکەی تر بەکاری بھێنن.

بۆ نمونە گەر لە ھەولێر خۆپیشاندانێک بۆنی دژایەتی دەسەڵاتی یەکێتی لێبێت، ئەوە ڕیگەی پێدراوە، ئەگەر لە سلیمانیش  خۆپیشاندانێک دژ بە پارتی یا دژ بە لایەنێکی دەرەوەی ھەرێمی دۆستی پارتی کرابێت ئەوە ڕێگەی پێدراوە.

بەڵام ئەگەر داوای مۆڵەتی خۆپیشاندان لە سلێمانی یا زۆنی سەوز کرابێت، ئەوە زۆر جارئەو داوایە ڕەتکراوەتەوە، خۆئەگەر بێ مۆڵەتیش ئەنجامدرابێت ئەوە سەرکووتکراوە، یا گەر لەکاتی بەڕێوەچوونیدا  زانیبێتیان لە بەرژەوەندی حیزبەکەیان نیە و کێشەیان بۆ دروستدەکات ئەوە بەزەبر و زەنگ کۆتاییان پێھێناوە.

ئەوەی زانراوە کەمترین خۆپیشاندان لە زۆنی زەرد ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت ئەگەر بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بێت دژ بە گەندەڵی  و داخوازی دیکەی گرنگ کە پەیوەستە بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە.

خۆ گەر خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەت (چونکە پارتی  زۆر بەدەگمەن مۆڵەت دەدات) ئەنجامدرابێت ئەوە خێرا و بە زەبری ھێز کۆتاییان پێھێناوە، تەنانەت ھەندێکجار حاڵ گەشتوەتە لێدان و سوکایەتیکردن بە خۆپیشاندەران، ( نمونەی بەرشەقدانی مامۆستاکە و قسەی ناشیرین بە پزیشکە ئافرەتەکە لە ھەولێر).

دەمێک داعش لە ئارادا بوو، بە بیانوی تەقینەوە لە نێو خۆپیشاندەراندا لەلایەن داعشەوە خۆپیشاندان قەدەغە دەکرا، پاشان لە دەمی  سەرھەڵدان و دەسەڵاتی داعشدا، بە بیانوی خراپی و نالەباری  دۆخی ئەمنی، دیسان ڕێگەیان بە خۆپیشاندان نەدەدا، کە ئەمانە  بەھانەی بێ بنەما بوون.

 لە ئێستادا مەترسی داعش لە ئارادا نەماوە، کەچی پارتی ھەر مۆڵەتی خۆپیشاندان نادات،بەتایبەت ئەگەر لەلایەن حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنەوە سازبکرێت، نمونەی نەوەی نوێ.

 ئەوەی ڕوونە پارتی زۆر لە خۆپیشاندان دەترسێت، بە ئەستەم ڕێگە بە خۆپیشاندان لە زۆنی زەرد دەدات.

جا قەدەغەکردن یا نەدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندانی ڕۆژی شەممە کە نەوەی نوی داوایکردوە، دەچێتە ھەمان خانەوە، خانەی ترس لە خۆپیشاندان.
سەیرە گەلۆ حیزبێکی تەمەنی ٧٤ ساڵ، ھەڵگری پاشناوی ( دیموکراتی )، خاوەنی چەندین دەزگای ئەمنی و پۆلیسی، پتر لە سەدھەزار زێرەڤانی و یەکەی ٨٠ و چی و چی ھەبێت کەچی لە خۆپیشاندنی چەند سەد کەسێک بترسێت.

گەر حیزبێک بەو ھەموو توانا دارایی، چەکداری، ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی مرۆییەوە بەرگەی خۆپیشاندانێک نەگرێت و بە ناوی ( پاراستنی باری ئەمنی ) بەردەوام خۆپیشاندان ڕەتبکاتەوە، دەی  کەواتە ئەم حیزبە نە متمانەی بە دامودەزگاکانی خۆی ھەیە و نە لە دڵسۆزی ھاوڵاتیانی نێو زۆنەکەی دڵنیایە، بۆیە بە بچوکترین جوڵە عەرشی  دەسەڵاتی دەلەرزێت.
.