سەردێڕ:

سیستەمی سەرۆکایەتی و گۆڕینی بۆ پەڕلەمانی، لەڕوانگەی (نەوشیروان مستەفا)ەوە

5/11/2019 11:55:11 AM
3486 جار خوێندراوەتەوە
زمناکۆ ئیسماعیل
+ -

گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ سیستەمی پەڕلەمانی، لە پێشینەی کارەکانی رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) بوو، ئەو پێداگری دەکرد، دەربارەی گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ پەڕلەمانی، لەناو ئەو پێداگرییەشدا بۆچونی وابوو "کە دەبێت سەرۆکی ھەرێم، لە پەڕلەمان ھەڵبژێرێت، نەک لەدەرەوەی پەڕلەمان"، بەڵام تێڕوانینی کاک نەوشیروان، لەو شێوە ھەڵبژاردنەی ئێستای سەرۆکی ھەرێم لەپەڕلەمان جیاواز بوو.

کاک نەوشیروان جەختی دەکردەوە، "دەبێت سەرۆکی ھەرێم تەشریفاتی بێت"، واتە، نابێت ھەرێمی کوردستان سەرۆکێکی ھەبێت خاوەنی دەسەڵاتێکی بەھێز بێت، نابێت سەرۆکی ھەرێم خاوەنی یەک بودجەی زەبەلاحی خۆی بێت و پارەی ئەم ھەرێمە لەدیوەخانێکی سوڵتان ئاسادا بەھەدەر بدات، نابێت سەرۆکی ھەرێم خاوەنی ھەیکەلەیەکی بەھێزی ئیداری و سیاسی بێت بەجۆرێک کە دەسەڵاتی ئەو سەرۆکە لە دەسەڵاتی پەڕلەمان و سەرۆک و سەرۆکایەتی حکومەت بەھێزتر بێت، چونکە لە داھاتودا بەریەککەوتنی سیاسی دروست دەکات و ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی رونتر لە پڕۆژە یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم تێبگەین، دەبێت شیکاری بۆ ھەندێک ماددە و خاڵ و بڕگەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە بکەین و بزانین، چ پڕۆژە یاسایەک دەبێتە مەترسی ئەگەر لەدەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمدا بێت.

لەماددەی یانزەی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا، دەڵێت " موچەو دەرماڵەی سەرۆکی ھەرێم بەیاسا دیاری دەکرێت". لەماددەی دوانزەشدا دەڵێت "سەرۆکایەتی ھەرێم دیوانێکی دەبێت، پێکھاتەو ئەرکەکانیشی بەیاسا دیاری دەکرێت". لەڕوانگەی ئەم دوو ماددەیە، چەندین ساڵە پارەو بودجەی ئەم ھەرێمە، لەو دیوەخانە سوڵتانییە بەھەدەردەڕوات، جگەلەوەی کە لەساڵی ٢٠١٣ەوە ھەتا ئێستا، بودجەی سەرۆکی ھەرێم، نەچۆتە پەڕلەمان و سەرۆکی ھەرێم، بەئارەزوی خۆی ئەو بودجەیەی لەپارەو قوتی خەڵک بچڕیوە و بردووە، ھۆکارەکەشی ئەو دەسەڵاتە تاکڕەویەیە کە لەپڕۆژە یاساکەدا پێیدراوە، دەکرێت سەرۆکی ھەرێم بودجەو دیوەخانی ھەبێت، بەڵام لەچوار چێوەی بەھەدەر نەدانی بودجە، نەک ئەو دیوەخانە ببێتە ھۆکاری بەھەدەردانی بودجە، وەک لەساڵانی رابردودا ئەمە رویداوە.

لەھەمانکاتدا ماددەی سیانزەھەم بڕگەی یەک، یەکێکە لە پڕ کێشمەترین ماددەکانە، کە دەڵێت " سەرۆکی ھەرێم، فەرمانداری گشتی ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت". لەڕوانگەی ئەو ماددەیەوە، سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت جوڵە بەھێز بکات، ئەو دەتوانێت کەی ویستی ھێز بنێرێت بۆ تەقەکردن لەخۆپیشاندەر، کەی ویستی ھێز بنێرێت بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبی رکابەری، کەی ویستی ھێز بجوڵێنێت بەڕوی نەیارانیدا، کەی ویستی شەڕ بۆ رۆڵەکانی ھەرێم ھەڵبگیرسێنێت و شەڕی کورد بە کورد بکات، کەی ویستی تاکڕەوانە دەتوانێت ھێز بەڕوی ئەو ھێزو لایەنەشدا بجوڵێنێت، کە نەیاری حیزبەکەیەتی، لەژێر ناوی (دروستکردنی مەترسی بۆ سەرۆک)، لەو ڕوانگەوە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، چۆن دەبێت سەرۆکی ھەرێم سوڵتان ئاسا، فەرمانداری گشتی ھێزەکانی ھەرێم بێت، دەبێت ھێزی پێشمەرگە بەھەمان شێوەی بەغداد لەژێر فەرمانداری سەرۆکی حکومەتدا بێت، لەھەمانکاتدا دەبێت حکومەتیش لەژێر چاودێری و رێنوێنی یاسایی پەڕلەماندا بێت، ئابەوە دەگوترێت دەسەڵاتی پەڕلەمانی، نەک بەو دەسەڵاتەی ئێستا کە دەسەڵاتی سوڵتانی نیمچە پەڕلەمانییە.

یەکێکی دیکە لە گرێ کوێرەکانی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ماددەی دەیەمە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٨ بڕگە، لەژێر ناوی ( ئەرک و فەرمان و دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم). ئەم ماددەیە رێک سەرۆکی ھەرێم بە سوڵتانی دەکات.

لەبڕگەی یەکەم ھەتا دەگاتە بڕگەی پێنجەم، سەرۆکی ھەرێم راستەوخۆ دەستوەردان دەکات لە کاری پەڕلەمان، ھەر لەھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان، بگرە ھەتا دەگاتە بانگھێشتی پەڕلەمان، لەپاش دەرچواندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی نوێی حیزب و قەوارەکان بۆ پەڕلەمانی کوردستان.

دەبوو وە دەکرا، ئەم بڕیارانە لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەڕلەمان خۆیدا بێت، نەک لەدەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم، ئەگەر پەڕلەمانێک بتوانێت خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، پەڕلەمانێک بتوانێت لەپاش ھەڵبژاردن دەستا و دەستی دەسەڵات بکات، پەڕلەمانێک بتوانێت بەدەنگی ھەموو ئەندامەکانی خۆی نوێ بکاتەوە، کەواتە ئەوە سیستەمی پەڕلەمانییەو ئەو پەڕلەمانەش دەسەڵاتی بەسەر سەرۆکی ھەرێمدا دەبێت، جا کە سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی بەسەر پەڕلەماندا زیاتر و باڵاتر بوو، جا کە سەرۆکی ھەڕێم توانای ھەڵوەشاندنەوە و دانانی سەرۆکی نوێی پەڕلەمان و دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن و واژۆکردنی بڕیارو یاساکانی پەڕلەمانی ھەبوو، ئیدی لەکوێوە سیستەمی ھەرێم کراوە بەپەڕلەمانی؟!.

ھەریەکە لەبڕگەی شەش و حەوت کە تایبەتن بە (لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیکراوان و پەسەندکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ بەندکراو و یان سوککردنی حوکمەکەی). ئەمەش بەشێکە لەو دەسەڵاتە سوڵتانییەی کە سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت، بەئارەزوی خۆی، پیاو کوژی حیزبی و نەوتفرۆش و چەتەی دەستگیراو و لە گرتوخانەکان بھێنێتەدەر و فەرمانی بەربونیان بۆ دەر بکات، لەھەمانکاتدا دەتوانێت سەروەری دادگاکان بخاتە ژێر ھەیمەنەی خۆی، کە بەبڕوای ئێمە ئەوەش کارەساتێکی دیکەیە کەچەندین ساڵە ئێمە پێوەی دەناڵێنین.

ھەردوو بڕگەی دە و یانزە لە ماددەی دەیەم، کە سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت فەرمانی ھاتنە ناوەوەی ھێزی فیدڕاڵی عێراق بدات بۆ ھەرێم و فەرمانی کشاندن یان ناردنی ھێزی پێشمەرگەش بدات بۆ دەرەوەی ھەرێم، ئەم دوو بڕگەیەش مەترسیدارن، جوڵاندنی ھێز کە لەدەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمدا بوو، ھەم دەبێتە سەرئێشە بۆ حیزب و لایەنە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ھەم دەشبێتە کێشە بۆ حیزب و لایەنەکانی دیکەی ھەرێم لەکاتی ئاڵۆزی و کێشمە کێشمی سیاسیدا، وەک ئەوەی کە لەشەڕی ناوخۆدا بینیمان، ئەوان ئەوکات پێیان عەیب نەبوو، دەبابەی بەعسیان ھێنایە سەر پەڕلەمان و جەندرمە و کۆماندۆسی تورکیان ھێنایە سەر قەندیل، جا ئێستا کە یاسا رێگا بدات ھێزی فیدڕاڵی بە ئەمری سەرۆک بجوڵێت، دوور نییە سبەی لە ململانێ سیاسییەکاندا پەنای بۆ نەبەن!.

دەکرا بڕگەی سیانزەھەم بکرایە بەڤیتۆ، چۆن دەبێت سەرۆکی ھەرێم ئەوەندە دەسەڵاتی ھەبێت کە سەرۆک وەزیران یان وەزیرێک دەستی لەکار کێشایەوە، ئەو قەبوڵی بکات. بڕگەی چواردەیەمیش بەھەمانشێوەیە کە تەواوکاری بڕگەی سیانزەھەمە، ئەگەر سیستەمی ووڵات پەڕلەمانی بوو، دەبێت بەتەنھا پەرڵەمان متمانە بە وەزیر بدات و پەڕلەمانیش متمانە لەوەزیر بسەنێتەوە، ئەوەش دەبێت لەپەڕلەمان بە دانیشتنی تایبەت و بە دەنگدانی زۆرینەی پەڕلەمانتاران ئەنجام بدرێت، نەک بە دەنگی تەنھا کەسێک کەناوی سەرۆکی ھەرێمە، جا کە سەرۆکی ھەرێم توانای ئەوەی ھەبێت متمانە بە وەزیر بدات و متمانەشیان لێ بسەنێتەوە، ئیتر ئێمە پەڕلەمان و ھەڵبژاردنمان بۆ چییە، بۆ ئەو ھەموو پارەیەو ئەو ھەموو ووزە مرۆییە لە سندوقەکانی دەنگدان و لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا بەھەدەر بدەین، با ھەموو شتەکان جەنابی سەرۆکی سوڵتانی خۆی بیکات و پەڕڵەمانیش دابخەین.

بڕگەی پانزەھەم، (تەرخانکراوە بە پێدان و دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەکان لەسەر پێشنیاری وەزیری پەیوەندیدار)، ئیشی سەرۆکی ھەرێم نیییە کە خاوەن پلە تایبەتەکان دابمەزرێنێت، لەھەمانکاتدا، دەبێت ئەوە ئیشی ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمان بێت ئەویش بە وەرگرتنی سی ڤی بەھێزی ئەو کەسە و بە دەنگدان و ھەڵسەنگاندنی لیژنە تایبەتمەندییەکانی پەڕلەمان، چونکە دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەکان، یانی تێچونی بودجەو داھات، ھەر بڕگەیەکی خەرجکردنی بودجە، دەبێت لەپەڕلەمان بێت نەک لە دەرەوەی پەڕلەمان. 

 بڕگەی شانزە، (دامەزراندنی دادوەر (حاکم) و سەرۆکی دادگاکان و  سەرۆکی دادگای گشتی ئەمەش پاش پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرانەوە)، ئەگەر سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی بەسەر دادوەرەکاندا ھەبێت، سبەی دەتوانێت دادگاکان بۆ مەرامی کەسی سەرۆک و حیزبەکەی بەکار بھێنێت، کە سەرۆکی ھەرێم بتوانێت دادوەرەکان دابمەزرێنێت، دەشتوانێت دەستوەردان لە دادگاکان بکات، لەوڕوانگەشەوە سەرەوەری یاسا ئەوەندەی دیکە دەکەوێتە ژێر مەترسی دەستوەردانەوە، بۆ ئەوەش دەبێت دامەزراندنی حاکم و سەرۆکی دادگا و دادگای گشتی لەلایەن پەڕلەمان و سەرۆکی پەڕلەمان بێت بە دەنگی زۆرینە، نەک لەلایەن سەرۆکێکی تاک دەنگ بێت، ئەوەش وا دەکات کە دادگاو سەروەری یاسا، لەژێر ھەیمەنەی پەڕلەمان بێت نەک لەژێر ھەیمەنەی سەرۆکی ھەرێم.

بڕگەی حەڤدە باس لە بەخشینی روتبەی سەربازی دەکات، بەبۆچونی ئێمە ئەمە ئیشی سەرۆک وەزیرانە، ئەوەش کاتێک دەبێت کە سەرۆک وەزیران، فەرماندەی یەکەمی ھێزە چەکدارەکان بێت، خۆ ئەگەر ئەم بڕگەیە بەشێکبێت لەئەرکی سەرۆکی ھەرێم، کەواتە ئەمەش پڕ دەبێت لەفەرماندە و بەرپرسی سەربازی و ئەمنی سەربە جەنابی سەرۆک، بەو پێیەش ھەیمەنەی ئەو ھێزانە دەخرێتە ژێر ھەیمەنەی سەرۆک، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەبێت ھەیمەنەی کەسانی پلەداری سەربازی پەیوەستبن بەفەرماندەیی یەکەم کە لە بنەمادا دەبێت سەرۆکی حکومەت بێت نەک سەرۆکی ھەرێم.

لەڕوانگەی ئەو چەند بڕگەو ماددەیەی سەرۆکایەتی ھەرێم، پڕۆژە یاسایەکی سوڵتانی بەسەر پەڕڵەمانتاراندا تێپەڕبووە، مەترسی ئێمە لەم ھەموو دەسەڵاتەی ئێستای سەرۆکی ھەرێم، بەرکەوتنی دوو سیستەمی سیاسییە، ئەگەر دوو سیستەمی بەھێزی جێبەجێکار ھەبێت لەھەرێمدا، ئەوا بەریەککەوتن بەئاسانی دروست دەبێت.

لەڕوانگەی ئەوەش بوو کە ھەمیشە رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) دەیگوت، "دەبێت سیستەمی سەرۆکایەتی ھەرێم، بەھەمان شێوەی بەغداد تەشریفاتی بێت، لەھەمانکدات دەبێت سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان بە دامەزراوە بکەین و  دەسەڵات و بودجەی زەبەلاحی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بگەڕێنینەوە". دەرئەنجام دەتوانین جەخت بکەینەوە لەسەر ئەوەی:

یەکەم: ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەپەڕلەمان، کارێکی باشە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام دەبێت بەبڕگە و ماددە و دەسەڵاتەکانیدا بچنەوە، کار بۆ کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە بکرێت، لەلایەن پەڕلەمان و پەڕلەمانتاران.

دووھەم: دەبێت دەسەڵاتەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ پەڕلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەجۆرێک بێت کە چاودێری بەردەوام ھەبێت لە سەر یەکتر.

سێھەم: فەرمانداری یەکەمی ھێز و جوڵاندنی ھێز دەبێت لەلایەن سەرۆک وەزیران بێت، بەھەمان شێوەی بەغداد.

چوارھەم: دەبێت بودجەی سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری بکرێت و رەچاوی بەھەدەردانی بودجەی گشتی لەلایەن سەرۆکی ھەرێم بکرێت.

پێنجھەم: نابێت چاکسازیکردن لەپڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ببەستینەوە بەوەی کە ئێستا سەرۆکی ھەرێم لەلای پارتییە، بەڵکو رەنگە سبەی سەرۆکی ھەرێم لای لایەنێکی دیکەی ھەرێم بێت، ئەوکات پارتیش گیرۆدەی ئەم جۆرە لە سەرۆکی سوڵتانی دەبێت، ئێمە بەدامەزراوەیکردنی ھەرێممان دەوێت، وەک کاک نەوشیروان دەیگوت " ئێمە کێشەی دەموچاوو کەسەکانمان نییە، کێشەی دامەزراوەیکردن و بەسیستەمکردنی ھەرێمی کوردستانمان ھەیە".