سەردێڕ:

كازمى سه‌ردانى واشنتۆن ده‌كات

8/15/2020 11:03:59 PM
2956 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

کۆشکی سپی رایگەیاند کە ٢٠ی ئەم مانگە سەرۆک ترەمپ پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بۆ باسکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی و دۆسیەکانی ئاسایش و وزە و ئابوری، لەکاتێکدا ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات بە کەشێکی گرژ و تەمومژاویدا دەڕوات بەھۆی خواست و ئارەزووی ھەندێک تاقم و ھێزی میلیشیاوی بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە بەرامبەریشدا ئەمریکیەکان دەخوازن سنورێک بۆ ھەژموونی ئێران لە عێراق دابنرێ و ئەم خاڵە زۆر بە گرنگ دەزانن چونکە خاڵی بەھێزبوونی ھەژموونی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوین لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە ھەر دەبێت لێرەشەوە بەری پێ بگیرێت بە دیدی ئەمریکا .

قۆناغێکی چارەنووس ساز

وەسفکردنی ئەم سەردانەی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا بە چارەنووس ساز بۆ خۆی مانا و مەدلوولی قوڵی ھەیە بۆ ئەمریکا و عێراقیش، ئەمریکیەکان دەخوازن چارەسەرێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بۆ جموجوڵی میلیشیا چەکدارەکانی وابەستە بە ئێران لە عێراق بدۆزنەوە، تەنانەت زۆرێک لە چاودێرانی دۆخی ناوچەکە لەو بڕوایەدان کە ئەمە یەکەم مەرجی واشنتۆنە بۆ ھەر کۆمەک و ھاریکارییەک کە عێراقیەکان لە ئەمریکای بخوازن .

ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە ئایا ئەمە لە توانای کازمی دایە؟ کە بتوانێت ئاوا ھەنگاوێک بھاوێژێت یان رۆڵی کازمی ھەر تەنھا گەیاندنی نامە و مەسجی ئێرانیەکانە بۆ ئەمریکا و ھەوڵی ئەوە دەدات وەکو رابردوو جۆرێک لە ھەماھەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە عێراق بھێنێتە کایەوە .

یان کازمی ھەوڵی وتوێژێکی دروست و راست و رەوان بدات لەگەڵ ئەمریکیەکان کە ھەموو دۆسیەکانی نێوانیان یەکلایی بکاتەوە، کە خۆی وا پیشانی ئەمریکیەکان بدات کە ھاوبەشێکی جێ متمانە و بەھێزە، کە ئەمەیان ئەگەرێکی لاوازە. لە ھەمان کاتدا ئەمریکیەکانیش دەخوازن توانای کازمی بزانن لە بەڕێوەبردنی  دۆسیەی ئەم ململانێیانە لەگەڵ تاقمە چەکدارەکاندا .

ئەوەی پەیوەندی بە بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختەوە ھەیە لەلایەن کازمیەوە پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، وا لەیەک دەدرێتەوە کە ئەمە بۆ خۆدزینەوەیە لە بڕیاری سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران و جێبەجێکردنی بڕیاری چەک بە دەست دەوڵەتەوە، کە ئەمەش ئەمریکیەکان وای دەبینن کە کازمی بەرنامە و پلانی نییە بۆ ئەو مەبەستە .

کازمی و ئێران

ھەرچەندە کازمی ناخوازێت و نیازی نییە بچێتە بەرەیەکەوە دژ بە ئێران بێت، بەڵام حەزدەکات نەخشەڕێگا و سنووری نوێ بۆ پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دابنێت، کە عێراقی بەھێز و کراوە بە رووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرژەوندی ئێرانیشدایە، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ خواست و مەیلی میلیشیا وابەستەکانی ئێران لە عێراق یەکناگرێتەوە کە دەخوازن خۆیان وتەی سەرەتا و کۆتاییان ھەبێت لە دۆسییەی پەیوەندی دەرەوەی عێراقدا .

ھەر لەو چوارچێوەیەشدایە کە ئەو میلیشیانە زوو زوو ھەڕەشە دەکەن و باسی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی و ئەبو مھدی موھەندیس لە ئەمریکیەکان دەکەن، ھەرچەندە ئێرانیەکان قەناعەتێکی وایان لادروست بووە کە فرسەتێک بە کازمی بدەن، بەڵام کە باسی کرانەوەی عێراق لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو دەکرێت و بەتایبەتی لە بواری وزەدا ئیتر ئەو ھێزانە زیاتر شپرزە دەبن و وەکو زەنگێکی مەترسی بۆ سەر خۆیان و ئێرانی دەزانن .

دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری

سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا لە رووی کات و رێکخستەوە لێکدانەوەی وردی بۆ کراوە لە کاتێکدا دەکرێت کە سەردانی تارانی کردووە و سەردانی عەرەبستانی سعودیە دواخراوە، کە ئەمەش خواستی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقە کە وڵات دووربخرێتەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و وابەستەیی بە ھیچ وڵاتێکەوە .

لە کۆتاییدا سەردانەکەی کازمی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستا و ئایندەی عێراق کە کۆتایی بە دابڕانی عێراق و تەریک بوونی بێت و ببێتە ئەندامێکی کارا و ئەکتیفی نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی کازمی ئێستا بە فەرمی نوێنەرایەتی عێراق دەکات و نابێت بچێتە ژێر فشاری ھێچ تاقم و میلیشیایەکی چەکدار کە وابەستەی وڵاتانن و بەرژەوەندی تائیفی و تایبەتی خۆیان ھەیە.