سەردێڕ:

کابینەی چارەسەر نەک قەیران

5/10/2020 3:10:09 PM
3306 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دواجار درەنگانێکی شەوی شەش لەسەر حەوتی ئەم مانگی ئایارە، مستەفا کازمی بوو بە سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و کۆتایی بەو ململانێ توند و سەختە ھێنا کە لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی ھاتبووە گۆڕێ، کە لە ١٠ ھەفتەی ڕابردوودا، سێ کەسایەتی کاندید کران بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ بۆ سەرکردایەتی کردنی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و ھەڵبژاردنی پێشووەختە کە محەمەد تۆفیق عەلاوی و دوای ئەویش عەدنان زورفی شکستیان ھێنا لە پێکھێنانی حکومەت و دواجار کازمی بە پشتیوانییەکی بەھێزی کورد و سونە و بەشێک لە شیعە کابینەکەی پێکھێنا.

لە یەکەم لێدوانیدا کازمی ئەوەی بە گوێی عێراقییەکاندا دا کە کابینەکەی کابینەی چارەسەری کێشە و قەیرانە قورسەکانی وڵاتە، نەک کابینەی قەیران و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی چەقبەستوی وڵات.
ئەوەی بەدیکرا لە کاتی وتوێژەکانی پێکھێنانی کابینەکەدا قەبارەی گەورەی ئەو ململانێ و دەستوەردانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بوو کە لەسەر گۆڕەپانی عێراق بوونی ھەیە جگە لە ململانێی ناوخۆیی ناو ھەناوی حزبە دەستەڵاتدارەکانی حەڤدە ساڵی ڕابردوو.

کازمی و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی
ئەوەی نھا پێویستی بە چارەی ڕاستەوخۆ ھەیە و قەیرانی تازەیە بۆ عێراق جگە لە قەیرانە کۆبووەوەکانی ڕابردوو ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆنا و دابەزین و داڕمانی نرخی نەوتە کە تاکە سەرچاوەی داھاتی بودجەی عێراقە.

جگە لەوانەش داخوازییەکانی شەقام و خۆپیشاندەرانی عێراق کە لە چەند مانگی ڕابردوودا خەبات و بزاڤێکی جەماوەری گەورەیان ڕێکخستبوو کە عەبدولمەھدیان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد کە ئێستا لە ماڵەوەن بەھۆی کۆرۆناوە کە ھەر سات و چرکەیەکی گونجاودا بۆی ھەیە بڕژێنەوە سەرشەقامەکان و داوای مافەکانیان بکەن.

ئەمە لەلایەک، لە لایەکی ترەوە، ئەو حزب و تاقمانەن کە پشتیوانی کابینەکەی کازمییان کرد و دەنگیانپێدا لە ئەنجومەنی نوێنەران. ئێستا ئەمانیش داخوازی و داواکارییان لە کازمی ھەیەو دەخوازن بەرژەوندییەکانی خۆیان بپارێزن و دەستکەوتی تریش بەدەستبخەن. ئەو ھێزانەش تاقم و گروپی جیاجیا لەخۆدەگرێت تیایاندایە کە خوازیارە بە کازمی، ھێزی بیانی، واتە ئەمریکا بکاتە دەرەوە و میلیشاکانی بپارێزێت کە ئەمەش بۆ کازمی ئەرکێکی ئاسان نابێت کۆکردنەوە و گونجان لە نێوان ئەم بەرژەوەندییە دژ بە یەکانەدا.

لە کاتێکدا کازمی بانگەشەی ئەوە دەکات و لە یەکەم وتاریدا بە ئاشکرا وتی ئامانجمان خزمەتی گەلە و پاراستنی سەروەری و دابینکردنی دادپەروەریی و ئاسایشە بۆ ھاوڵاتیان، لەوانەش گرنگتر وتی کابینەکەم کابینەی چارەسەرە نەک قەیران، ھەروەھا ڕایگەیاند کە بە ھەموو جۆرێک بوارنادەین خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێکانی وڵاتانی تر کە ڕوونە مەبەستی ئێران و ئەمریکایە.

کورد و کازمی
ئەگەرچی ھەر لە ساتەکانی سەرتای ڕاسپاردنی کازمییەوە و لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکھێنانی کابینەکەی، ھێزە کوردییەکان بە تایبەتی یەکێتی و  پارتی بی ھێچ مەرجێک پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاگەیاند، بەڵام کازمیش ئەوەنەبێت بە چەند دێڕێک لە کارنامەی کابینەکەیدا بەڵێنی چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوەندی داوە ھیچی دی دیار نییە.

بۆیە چاوەڕوانین ڕۆژەکانی داھاتوو کازمی ئەو متمانەی سەرکردایەتی کورد پێیداوە پابەند دەبێت پێوەی یان ئەمیش لەژێر فشاری تاقم و ھێزە تائیفیەکاندا خۆی دەدزێتەوە لە چارەسەر ئەگەرچی ھەندێک لە چارەسەرەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خودی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

‌بەپەلە