سەردێڕ:

کڵاوشینەکان لە بەرگرییەوە بۆ پەلامار

2/10/2020 10:24:13 PM
8893 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دوای ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی کە عێراقی گرتەوە، لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩وە  تا ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەو بەڵێن و داخوازییانەی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ھێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، گۆڕانکارییەکی سەیر لە هەڵوێستی موقتەدا سەدر و تاقمەکەی کە بە سەرایا سەلامو کڵاوشینەکان ناسراوە، ڕوویدا.

دوای ڕاسپاردنی موحەمەد توفیق عەلاوی بۆ پێکھێنانی کابینەی وەزاری نوێ، ئەویش ھەوڵدان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک لە گۆڕەپانی تەحریر و ھەموو گۆڕەپانەکانی تر، لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھێز و توندوتیژی و تۆقاندن، سەرەتا دەستیان گرت بەسەر باڵەخانەی ڕیستوڕانتی تورکی و سەکۆی ڕاگەیاندن و تریبوونی ئازادی گۆڕەپانەکە، ھەروەھا دەستیانگرت بەسەر خێمەی خۆپیشاندەران و ھەروەھا ئەو لافیتە و دروشمانەیان ھێنایە خوارەوە کە دژ بەڕاسپاردنی عەلاوی نووسرابوون، ھەروەھا ھەموو ئەو ڕێگا و شەقامانەیان کردەوە کە خۆپیشاندەران دایانخستبوون، ھەروەھا ھەڕەشەیان لەو چالاکوانانە دەکرد کە داوای مانگرتن و خۆپیشاندانیان لە خەڵک دەکرد و دەوامی قوتابخانەو دامودەزگا حکومیەکانیان بەزۆر دەست پێکردەوە.

لەم پێناوەشدا بەریەککەوتنی زۆر و توندوتیژی بە دەمانچە و دار و چەقۆ ڕوویدا لە نێوان کڵاو شینەکانی سەر بە سەدر و خۆپیشاندەراندا، دواتر زیندانیکردنی چالاکوانان و ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنیان بە مەبەستی تێکدانی یەکڕیزی خەڵک و بڵاوەپێکردنیان و لادان لە ئامانجە ڕەوا و ڕاستەکانییان، دوای ئەوەی حکومەت ومیلیشاکان شکستیانھێنابوو، بە ھەموو شێوازەکانی کوشتن و بڕین و فڕاندن و بە شەیتان کردنیان بۆ ئەوەی عێراق بکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا.

بەڵی، تاقمەکەی سەدر ھەر بە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی بەغداوە نەوەستان و پەلاماری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی تریشیاندا، مەیدانی حەبوبی لە ناسریە، گۆڕپانی پەروەردە لە کەربەلا، ھەروەھا پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی نەجەف و بابل، بە ئامانجی لادانی خۆپیشاندانەکان لە ڕێگاڕاستەکەی خۆی کە چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و کۆتاییھێنان بە میلیشیات و بەڵکو کۆکردنەوەی خەڵکەکە لە شوێنێکی دوورە پەرێزو بێ کاریگەر و گۆڕینی دروشمەکان لە دژی گەندەڵی دژی دەستوەردانی ئێران بۆ دژی ھێزەکانی ئەمریکا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە شکست بە خۆپیشاندەران بھێنن.

ھەڵگەڕانەوەی سەدر و ھەڵوێستە ناجێگیرەکانی

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ئێستادا بە قورسترین و سەخترین قۆناغەکانی  ژیانی سیاسی خۆی و شوێنکەوتووانیدا گوزەر دەکات، ئایا لەگەڵ بەرەی گەل و چاکسازییە یان پشتیوانی میلیشیات و گەندەڵکارانە، ئەوەی جێی سەرنج و سەرسووڕمانە سەدر ھەڵوێستەکانی زوو دەگۆڕێت بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی، سەرەتا بەشداری خۆپیشاندانەکانی نەکرد و لە مانگی تشریندا، دوای چەند ھەفتەیەک بڕیاری بەشداری داو کڵاو شینەکانی نارد پارێزگاری خۆپیشاندەران بکەن، دواتر دوای کوژرانی قاسم سلێمانی ھەڵوێستی گۆڕی و کڵاوشینەکانی کشانەوە لە گۆڕەپانەکان، ئێستاش دوای ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت، گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکان و پشتیوانی عەلاوی دەکەن و بە تەمای پلە و پۆست و ئیمتیازن و پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن.

گۆڕەپانەکان عەلاوی ڕەتدەکەنەوە

سەدر لە کاتێکدا پشتیوانی عەلاوی دەکات کە ھەموو گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بە توندی دژی کاندیدکردنی عەلاوین، لەبەر ئەوەی ئەو مەرجانەی کە خۆپیشاندەران دایان نابوو بۆ سەرۆکی حکومەتی نوێ ھیچیان لە کەسایەتی عەلاویدا نییە، چونکە پێشتر وەزیر بووە و تێوەگلاوە بە گەندەڵی و تائیفیە و جدی نییە لە بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، بە تایبەتی کە لەلایەن فراکسیۆنی بیناوە پشتیوانی دەکرێت، کە لە ئێرانەوە نزیکن و ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆری خۆپیشاندەرانی تووڕە و بێزاری عێراقە.

لە کۆتاییدا ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە عەلاوی بژاردەی شەقامی عێراقی نییە، کە ماوەی چوار مانگە ڕاپەڕیوون و نزیکەی ٧٠٠ کەس بووە بە قوربانی و ٢٥ ھەزار کەس بریندارە، بەڵکو بژاردەی ئەو حزب و لایەنانەیە کە خەڵکی عێراق لە دژیان ڕاپەڕیووە و خوازیارە سزایان بدات و پارووی دزراوی دەمی ھەژارانی عێراقیان لە گەروو بھێننەدەر.