گەنجان تێکدەرن..!
1/20/2021 9:51:43 AM
2649 جار خوێندراوەتەوە
کامەران عەزیز
+
-
گەنجان وەک مرۆڤە وەھمگەرو پاسیڤەکان نایانەوێت لە ژیانێکی بازنەیی دوبارەدا بژین، کەمترین ساتی خەویان ھەیەو بڕوایان بە خەڵوەت نییە لە شوێنێکی وەستاو نەگۆڕدا، گەنجان ژیانێکی نەوەستاو پڕ لە گۆرانکاریو نوێکاریان پێخۆشە، ئارەزو دەکەن ژیانیان بەردەوام لەسەر ھێڵێکی ڕاست بەرەو پێشەوەو تازەبونەوە بڕوات.
لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی، سیاسییە دەستەڵاتدارەکانو بەشێک لە ڕۆشنبیرانو گروپە ئیسلامیەکانو زۆرینەی کۆمەڵگا، ھەم گەنجانیان پەراوێز خستوە، ھەم خاسیەتو کەسایەتی گەنجان ناناسن و لە گەنجان تێناگەن، کە گەنجان بە دوای خودو بونی سەردەمیانەی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان لە ڕۆحو دەرونی گەنجان تێناگەن کە دەیانەوێت جیاوازبنو جیاوازی خۆیان لە ڕێگای بیرو ستایلی نوێی ژیایانەوە بسەلمێنن، خۆیان لە نەوەی کۆن جیابکەنەوە،وە گەنجان ھەرگیز نایانەوێت بە دوای نەوەی کۆندا بچن و ببنە کۆپی ئەوان، کۆپیکردنی نەوەی نوێ بە ھەموو بیرو کولتوری نەوەی کۆن لە ھەر کۆمەڵگایەکدا، حاڵەتێکی نا ئاساییە.
لەو کاتەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بونی ھەیە، لەگەڵ بونی ھەموو ململانێکانی تردا ململانێی نێوان نەوەی کۆنو نەوەی نوێ بونی ھەبوە، ئەم ململانێیە فاکتەری گەورەی نوێکاریو نوێبونەوە بوە، ئەگەر ئەم ململانێیە بونی نەبوایە ئەوا پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆش بونی نەدەبوو.
پیرە سیاسییەکان لە شەڕە تایبەتیەکانیاندا دەیانەوێت بەزەبری دەستەڵاتیان ھەم گەنجان وەک سوپایەکی بەھێزو فیزیکی زیندوو بۆ پاراستنی دەستەڵاتیان بەکاربھێنن، ھەم گوڕو ھێزی گەنجان بگوێزنەوە بۆ نێو جەستەی خۆیانو بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەنجییەتی، وە بە جەبرو بڕیاری دەستەڵاتیان خاسیەتی گەنجیەتی لە گەنجان وەربگرنەوەو خاسیەتی پیری و پاسیڤیستی بە جەستەی گەنجان ببەخشن، واتا گەنجان لەلایەن پیرە سیاسیەکانەوە ئامرازن وەک ھەموو ئەو ئامرازەی دی کە ھێزیان پێدەبەخشێت، نەک ئامانج.
ئەوە نەزانییە ئەگەر ململانێی گەنجانی کوردستان لەگەڵ پیرە سیاسییەکاندا بۆ گەیشتن بێت بە ھەمان پێگەو جێگای پیرە سیاسیەکانو بەڕێوەبردنی بابەتیانەی نەوەی کۆن، چونکە ئەمە پێچەوانەی سروشتی گەنجانو نەوەی نوێیە، نەوەی نوێ بە مانای:
(جیاکردنەوەی نەوەی نوێ لە نەوەی کۆن، بە مانای ھەڵوەشاندنەوەی کۆن و چاککردنەوەی بە مۆدێلی نوێ، تێکدانی کۆنو دروستکردنەوە بە ڕێگای نوێ، ڕوخانی کۆنو بنیاتنانەوە بە کەرەسەی نوێ، سڕینەوەی سەرلەبەری بڕیارو بەرنامەو یاسای کۆنو بەسەرچو وە نۆژەنکردنەوەی بە سیستەمی نوێ).
پیرە سیاسییەکان لەوە تێناگەن گەنجانی ئەم سەردەمە جودان لە نەوەی سەدەکانی پێشو، نەوەی کۆن دەیتوانی لە نێو ئەڵقەیەکی بازنەیی داخراودا، تەنھا سیستەمێک، کۆمەڵگایەک، وڵاتێکو شارێک یان ڕێسای کولتورو ئایینێک ببینێو ببیستێ، بەڵام ئەمڕۆ بیستنو بینینی گەنجان زۆر کراوەترە، بە کلیکێک دەتوانن ھەموو سنورەکان ببڕن، دەتوانن لە یەک ساتدا ژیانە سەرەتاییەکانی نێو دارستانەکانی ئەمازۆنو کۆنگۆو تەواوی پێشکەوتنو جوانیو شتە سەیرو عەجیبەکانی ئەم دونیایە ببیننو ئاستی ژیانی نێو کۆمەڵگاکەیان بە کۆمەڵگاکانی دی بەراورد بکەن..!
گۆرانکاریە مێژوویەکان، دەیسەلمێنن کە ھیچ سیستەم و ڕژێمو حوکمڕانیو دەستەڵاتێکی گەندەڵو ستەمکارو دیکتاتۆرو نادادپەروەر، بەبێ تێکدانو ھەڵوەشاندن نەگۆڕاوە..! چونکە ئەم جۆرە دەستەڵاتدارانە نایانەوێت کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن، ژیانی ھاوڵاتیان ئاسودە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت ببنە مشەخۆرێکی ھار تا بە خێرایی سەروەتو سامانی وڵات ھەڵلوشن، ئەمە ھۆکاری سەرەکی ڕوخانی ئەم جۆرە ڕژێمانەیە..!
گەنجان دڵیان لە زۆربەی شتەکانی ژێر سایەی دەستەڵاتدارانی ھەرێم ھەڵکەندراوەو شتێک نەماوە لەم نیشتمانەدا ئاسودەیان بکات و دەرونیان ئارام بکاتەوە، گەنجانی ئەم سەردەمەی کوردستان بڕوایان بە ھیج دەستێکی باڵاو بەرزەمنیو بەزەیی نەماوە، کە بە ناوی دەستی سەمیمیەوە بخرێتە سەرشانیان، بۆیە بێ ئۆقرەنو لە ھیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرن، دەیانەوێت ئەم قەفەزی بێھیواییە تێکبدەنو بشکێننو بە ئازادی لە سەروی باڵای سەرکردەکانو کۆشکە بەرزەکانیانەوە، بێبونی ھیچ سنورێک بدەن لە شەقەی باڵو بفڕن..!
گەنجانی ئەم سەردەمە دەیانەوێت وەک ئەلکترۆنی ھێڵە ئەلکترۆنیەکانی ئینیستیگرامو سناپچاتو فەیسبوک بە خێرایی وێنەکان ببینینو دەنگەکان ببیستن،گەنجان نایانەوێت وەک نەوەی کۆن لە نێو بیرەوەریو حەکایەتە بەسەرچوەکانی بە ناو (شۆڕش و پیرۆزیەکانە)وە خەو بیانباتەوە.
گەنجانی کوردستان بەم حەقیقەتە گەیشتون و دەزانن کە بەبێ سڕینەوەو ڕوخاندنی دەستەڵاتدارە ستەمکارەکان، زوڵم و ستەمی سەر مرۆڤەکان کۆتایی نایە، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بەبێ زەبرو توندویژی ناگۆڕێت بە ڕژێمێکی دیموکراتی..ھیچ سیستەمێکی کۆن بەبێ سڕینەوەو ھەڵوەشاندن ناکرێت بە سیستەمێکی نوێ.. وە حوکمڕانی و دەستەڵاتدارانی نادادپەروەر بەبێ تێکدان ناگۆڕێت بە دەستەڵاتێکی دادپەروەر، ھیچ دەستەڵاتداریەتیەکی پاوەنخوازو تاڵانچیو گەندەڵ، بەبێ ڕاپەڕینو ھێزی خەڵکی ناگۆڕێت بە بەڕێوبەردنێکی مەدەنی خاوەن یاساو ڕێسای یەکسان..!
کەواتە نەک نابێت ڕێگا لە ھێزی تێکدەرانەی گەنجان بگرین بەڵکو دەبێت ئومێد بە ھێزو ھزری ئەفسانەیی و نوێکاری گەنجانی کوردستان ببەخشین، چونکە ئەگەر گەنجانی ھەر کۆمەلگایەک بێئومێدبنو نەتوانن مومارەسەی خاسیەتی گەنجانەی خۆیان بکەن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە بە وەستاوی و نەگۆڕی دەمێنێتەوە، وە تەنھا شتێک کە ھیواو بۆ گەنجان دەگەڕێنێتەوەو ژیانیان لا شیرین دەکات تێکدانی پایە کۆنەکانی دەستەڵاتی پیرە سیاسیەکانە، وە بە پێچەوانەوەشەوە ئەگەر گەنجانی ھەر کۆمەڵگایەکیش ئازادبن ئەوا ئەو کۆمەڵگایە ھەمیشە پڕە لە ھیواو گۆڕانو پێشکەوتن.