سەردێڕ:

مەفرەزەکانی جنێو

7/16/2020 3:58:30 PM
20042 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

(ڕیچ)ی گەڕیدە و شوێنەوارناس لە گەشتەکەیدا بۆ کوردستان، کە باسی میللەتی کورد دەکات دەڵێ، خەڵکێکی میوان دۆست و دەست و دەم پاکن، ڕیچ ساڵی (١٨٢٠) بەوشێوە باسی جوامێری و فەزیلەتی گەلی کوردستانی کردوە، خۆ ئەگەر ئێستا ڕیچ زیندوو بکەیتەوە و لەڕێگای تەکنەلۆجیاوە سەیری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بکات، باوەڕ بەخۆی ناکات ئەمە ئەو گەلە بێت کە ئەو دیویەتی، دەبینێ فەزای گشتی، یەکپارچە بووەتە جنێو و ناوزڕاندن، لێرەدا دەبێ پرسیار لەخۆمان بکەین بۆ گەشتینە ئێرە؟ بۆ ئەو دۆخە وای لێھات؟  بۆ فەزیلەتەکان بوون بە ڕەزیلەت؟ مەرجی پاڵەوانبوون و قارەمانبوون، مەرجی دلێری، پێناسەکەی بۆ گۆڕدراوە؟ بۆ پێناسەیەکی شەرمھێنەر.

جاران قارەمانەکان ئەوانە بوون لە زیندانەکاندا بەگژ فاشیستەکاندا دەچوونەوە، قارەمان ئەوانە بوون بە ھەلومەرجێکی تاقەت پڕوکێنا، دە ڕۆژ لە شەڕی دەستەویەخەی بەعس دابوون و چۆکیان دانەدەدا، بەڵام ئێستا پێناسەکانی پێچەوانەبوونەتەوە، چەمکەکان ڕەسەنایەتی خۆیان لەدەسداوە ئێستا قارەمانی ساختە دروستبووە، چونکە قارەمان ئەوەیە باشترین جنێوفرۆش بێت خولقاندنی ئەم زەمینەیە بۆ جنێو، لەخۆیەوە دروست نەبووە، بەڵکو دوژمن لەڕێگای جەنگێکی کلتوری بە بەرنامە بەڕێوەی بردووە تا ئێمەی گەیاندووەتە ئەم دۆخی کەوتنی کلتورە، لەھەمانکاتدا، لەدەرئەنجامی ئەو ململانێ ناتەندروست و نازانستیەوەیە کە لەدۆخی ڕکابەرییەوە چووەتە دۆخی دوژمنایەتی لەنێو خۆی کورد و لەنێو ھێزە سیاسییەکاندا، لەڕێگای میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لەبری ئەوەی ئیدارەی سیاسەت بە ئەرگۆمێنتسازی  بەڕێوەبەرن، بە جنێو و ناوزڕاندن و شکاندنی یەکتر بەڕێوەدەبرێ! ئەم گەمە بچوکانەش پێویستی بە پیاوی بچوکە، دەنا کەسێک جەوھەری ھەبێت دانابەزێ بۆ ئاستێک ببێتە دەسکەلا بۆ جنێو.

سیاسی ئاقڵ بەتەحەدا سیاسەت دەکات، سیاسی بودەڵەش بە ئیستیفزازی ئەوانی دیکە سیاسەت بەڕێوەدەبات، ئەمجۆرە لە سیاسەت و ئەم فەزایەی جنێو کاریگەریی کردوەتەسەر پەروەردە و کلتورمان و وێرانی کردووە، دۆخێکی سازاندوە کەسێک بۆ ئەوەی لای زۆرینە بە سیاسی بناسرێت و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ خۆی دروستبکات و خۆی بکاتە ژمارە لەبری ئەوەی مرۆڤێکی داھێنەر و بیرکەرەوە بێت، دەبێ جنێوفرۆشێکی باش بێت.

لەھەمانکاتدا بۆئەوەی دڵسۆزی خۆی نیشاندا بۆ ھێزەکەی خۆی، لەبری پێشنیار و پرۆژەی داھێنەرانە، تەخوینی ھەموو کەس دەکات، مەفرەزەی شەڕەجنێو دروست دەکات، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان شەلم کوێرم ناپارێزم دەستپێدەکات، ئەمەش وایکردووە خەڵک زیاتر بۆ جنێوفرۆشەکان گوێبگرن تا بیرکەرەوەکان، چونکە واقیعێک چەسپاوە گەشتن بە پۆست و بە پلە لە بری خۆ پەروەردەکردن و خۆ ڕۆشنبیرکردن و بەشداریکردن لەخولەکانی پێگەیاندندا، دەڕۆن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند مەفرەزەیەک بۆ شەڕەجنێو دروست دەکەن، چونکە ئەم ڕێگەیە دەیانگەیەنێتە ئامانج.

لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ئامرازەکانی گەیشتن بەئامانج گۆڕاون، میتۆدەکان گۆڕاون، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ جنێوفرۆشەکان زیاتر لەبیرکەرەوەکان گوێیان بۆدەگێرێ و دەگەنە ئامانجی خۆیان، بۆیە بەختیار عەلی لەکەشتی فریشتەکاندا دەڵێ: (کوڕم بڕۆ فەیسبوکێک بکەرەوە، لە بابا تاھیری ھەمەدانەوە پیاوەرەخوار جنێو بەھەمویان بدە، ھەرچی نوسەرە، بەمردوو و زیندووەوە، ئیتر خەڵک بەجدی  وەرت دەگرن، گەر لەو سەردەمەدا، بەجۆرێکی موقنیع  جنێو بدەی حسابی بلیمەتی عەسرت بۆدەکرێت! بەس ئەوە دەیخوات تۆ وابکە بەقەبری مردوم، دوای ساڵێک بیست ھەزار کەس چەپڵەت بۆ لێدەدەن).

سەیرکەن ئەم دۆخی جنێوە پەروەردە و کلتورمانی چۆن توشی داڕزان کردووە گەر جنێوفرۆشان دەس بەجنێوەوە نەگرن و دڵسۆزان ھێرشی پێچەوانەی فیکریان نەبێت، ئەواھیچمان  بەدەستەوە نامێنێ، بەڵام سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە شێواو ئەوفەزا ناشیرینە، ئەو نائومێدیە قوڵەی کە مرۆڤی کوردی تا ئاستی کەوتن غەمگین کردوە تا ئاستێکی پوچگەرا، تا ئاستێک ھەموشتەکان یەکسان بن بەھیچ، لەم دۆخە ماندوکەرەدا، باوەڕم ھەیە ئەوەندە خەڵکی دڵسۆز و زمان پاک و ئاقڵمەندمان ھەیە، بتوانن گەمەکە پێچەوانەکەنەوە، وەک ئاو ڕۆشنکەرە، بەقەڵەمەکان و بیرکردنەوەکانیان ئەو ئاوە لێڵە لە زمانپیس و قەڵەم ژەھراوییەکان پاککەنەوە، ئەمەش دەبێت بکرێتە خەمی کۆی دڵسۆزان خەمی ڕۆشنبیرانی بەھەڵوێست، خەمی سیاسی دەوڵەتمەدار و دڵسۆزیش بێت، خەمی کارەکتەرە باشەکانی کۆمەڵگا بێت و ھاوکاربن لەم شەڕەکەلتورییەدا، کە لەھەموو شەڕێک ترسناکترە، چونکە کە لێرەوە لە کلتوردا شکایت، لەجێگاکانی دیکە خۆت ناگریتەوە، بۆیە سەرەتا دەبێ وتەکەی ئانتۆنی باکۆن بکەینە دروشم کە دەڵێ: (گوێ لەجنێودەران بگرن، بەڵام وەڵامیان مەدەنەوە، گوێگرتن لەجنێودەران فێری ئەوەت دەکات شانازی بە پەروەردەی خۆتەوە بکەیت، وەڵام نەدانەوەشیان شانازی ئەوەت پێ دەبەخشێ کە تۆ لەوان نیت).

دواتر بە بیرێکی وورد و ستراتیجێکی داڕێژراو، ڕوبەڕوی ئەم بێ باکیەی جنێودەران ببینەوە، بۆ ئەوەی کوردستان نەبێتە جنێوستان، ئەگەر نمونەکانی ڕیچ گەشتیان کرد بۆ کوردستان، کە چونەوە لەبیرەوەرییەکانیاندا بنوسن میللەتێکی دەم پاک و زمان شیرین، نەک بنوسنەوە و وا باسمان بکەن کە کورد میللەتێکی زمانبەو و جنێوفرۆش و دەمپیسن، ئەمەش دەبێت ئەو فەزای جنێوە، تێکشکێنین و زەمینەیەکی جوانتر بڕەخسێنین بۆ گفتوگۆ، بۆئەوەی ئەم دۆخی جنێوە نەبێتە کلتور و بەرەو کەوتنی یەکجاریمان بەرێت.