سەردێڕ:

ئەم ترسە چ پرسێکە بۆ کورد؟

3/24/2020 12:54:50 AM
8828 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ھەندێک ترس ھەیە دەبێتە پرسێکی گشتی وھەندێکیش دەبێتە پرسێکی تایبەتی، بۆیە کۆمەڵە پرسیارێک دروستدەکەن، ئەو پرسیارانەش وەڵامی جیایان دەبێت، چونکە پرسیارەکە لەترسێکی گشتییەوە سەرچاوەی گرتووە، ھەندێک پرسیاریش پێویستیان بەیەک وەڵامە.

ئێمە ئێستا لەزەمەنی کۆرۆناداین، کە چرکەساتێکی ترسناکە، ئەگەرچی ئێستا لە سەر ئاستی جیھان بووەتە پرسێکی سیاسیی وبازرگانیی لەنێوان دەوڵەتە زلھێزەکان، لەم دۆخە قەیراناوییە جیھانییەدا، کە زۆرشت بەدوای خۆیدا دێنێت، دەبێت کورد جیاواز لەھەردەوڵەتێکی دیکە مامەڵە لەتەک ئەم ترسەدا بکات، چونکە ئێمە لە زۆر لایەنەوە  گەلێکی ھەژار و بێ پشتوپەناین.

باری دارایی وتەندروستیی حکومەتیش لەوئاستەدا نییە بەرگەی چڕبوونەوەی شەڕەکە بگرێت.

خۆئەگەر سەیری ئامارەکانی توشبووان بکەین لەجیھاندا، جێگای سەرسوڕمانە جیھان بەوھەمو پێشکەوتنە زانستییەوە لەبەرەدەمی ئەم پەتایەدا دەسەوسان وەستاوە.

کەواتە دەبێت  ئێمەی کورد ئەم ترسە وەک پرسێکی میللی وگشتی سەیربکەین، دوور لە عەقڵی شارچییەتی و حیزبی روبەڕووی ببینەوە، دوور لە  ئیستیغلالکردنی دۆخەکە بۆشکاندی یەکتر، یان حکومەت یان حیزب، چونکە  ئەم ترسە ھەموومانی تەنیوە، بۆیە دەبێ ھەموومان روبەڕووی ببینەوە.

ئەمە بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقییە، دەبێت مامەڵەی ئاکاری لەتەک بکەین، ئاکاریش بریتییە لەو بەھا و ئایدیایانەی کە ھەڵسوکەوتی مرۆڤ ئاراستە دەکات بۆ چاکە و دوورلە خراپە.

لێرەدا سیاسەت و ئەخلاق ئامانجیان دەبێ بەیەک کە تێڕوانینێکی ھاوبەش و پێشوەختیان ھەبێت بۆ ژیان و ئاستەنگ و قەیرانەکان، کەواتە ئەرکی ھەموومان ئەرکێکی ئەخلاقی سیاسییە، کە پێکەوە دژی ئەم دوژمنە بووەستینەوە.

ئەم قۆناخە دەتوانێت فەزیلەت ببەخشێت و ڕەزیلەتیش ببەخشێت، چ دەرفەتێکە بۆ دەوڵەمەندەکان بتوانن فەزیلەت بەدەست بێنن، ھاوکارییەکی ئەو دۆخە بکەن.

چەند ڕەزیلەتیشە بۆکەس و لایەنێک ئەو دۆخە بەکاربێنێت بۆ لێدانی حزبیی وشارچییەتی، بۆیە دەبێت ئەو ترسە وەک پرسێکی گشتیی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، دووئامانج بکەینە کار و ئاکارمان لەم قۆناغەدا، ئەویش بردنەوەی ئەم شەڕە و دابینکردنی موچە و گوزەرانی خەڵکە.