سەردێڕ:

​سەرۆک چى وت و من چى بڵێم؟

11/9/2019 2:37:25 PM
7360 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

سەرۆکایەتى هەرێم لەسەرەتای دامەزراندنیەوە دامەزراوەیەکى پێویست و کاریگەر بوو بۆ دۆخى سیاسى و حوکمڕانی کوردى، هەرچەندە لە ساڵانی پێشودا زۆر لایەنى سیاسی کاری بوو بووە ئەوەى چۆن دژایەتى خۆیان بۆ ئەو دامەزراوەیە ئاڕِاستە بکەن و هەموو وزەی خۆیان دژى ئەو دامەزراوە خستووە گەڕ. ئەمەش لە چوارچێوەى ئایدۆلۆژیای حزبی و ڕقى حزبی و بەرژەوەندى حزبیدا بووە، بەڵام ئەوە بوو بەدوێنێ، دوێنیش بوو بە مێژوو، مێژووش بۆ ئەوەیە پەندی لێوەر بگرین، ئێستا دۆخى سیاسی و ئابورى و کۆمەڵایەتى ناوچەکە چاوەڕوانی گۆڕانکاریى چاوەڕوان نەکراوە، بۆیە کورد بۆ تێگەیشتن لەو چاوەڕوان نەکراوانە دەبێت خۆى ئامادەکات، ئەویش بە کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان لە ناوەندێکداو ئاراِستەکردنیان بۆ بەرژەوەندى کورد لە ژێر فەرمانى سەرکردایەتییەکدا.

ئەمەش هەنگاوی یەکەم لەوێوە دەست پێدەکات هێزە سیاسیەکان خۆیان لەو گرژى و ڕقە بەرامبەر یەک داماڵن و پڕۆسەى نەرمکردنەوەى مێشک هێواش هێواش دەست پێبکەن و لەگەڵ هەڵەکانى خۆیاندا ڕوبەڕو ببنەوە. لێرەوە  بۆ ئاسایى بوونەوەى دۆخەکەو هێور بوونەوە، پێویستمان بەهێور بوونەوەى خۆمانە، ئەمەش پێویستى بەدامەزراوەیەکى شەرعى و سەرکردەیەکى پڕاکتیکى هەیە، چونکە ڕۆڵى سەرۆک بۆئەم قۆناغە سەختانەو ئاوەدانکردنەوەى وڵات لەڕووى سیاسى و بژێوى و دبلۆماسیەوە زۆر گرنگە، لەم بارەیەوە پڕۆفیسۆر (ئەفیل ویشدال) لەبارەى گرنگى پڕۆسەى دروست بوونى وڵات و ڕۆڵى سەرۆکدا دەڵێ ( هۆکارى سەرەکى دروست بوونى وڵات ئەوەیە لەکوێوە دەست پێبکەین، ئایا داهاتێکى سروشتى و مرۆیمان هەیە؟ لەبەر ئەوە فاکتەرە سەرەکیەکانى یاخود ستراتیجیەکانى مێژووى قووڵ لەم پرۆسەیەدا سەرۆک ڕۆڵى کاریگەرى هەیە)، دەکرێت بڵێن جوڵەکانى سەرۆکى هەرێم (نێچیروان بارزانى) لەم ئان و ساتەدا و بەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو لە ئیدارەدانى وڵات و بونیادنان و هەوڵدانى ئێستاشى بۆ یەکخستنەوەى ماڵى کورد، دەتوانێت بەجوانى سەرکردایەتى ئەم قۆناغەى گەلى کوردستان بکات.

کۆبوونەوەکانى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ سەرۆک کۆمارو هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم، ئەوەى پێ وتین سەرەڕاى جیاوازییەکانمان لەکاتە چارەنووس سازەکاندا دەبێ یەک هەڵوێست بین. ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتایەکى باشە بۆ تێکەڵ کردنى تواناکانى پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمار وەک کورد، بۆ ئەوەى هەمووتواناکان بخرێنە خزمەت ئایندەى کوردستانەوە. لە کۆبوونەوەى لەگەڵ هێزە سیاسیەکان و دواتر دیدارى مێرى دا سەرۆکى هەرێم بەزمانێکى واقعى و ڕوون و هەم دبلۆماسى شەرحى حاڵى کورد و دراوسێکانى کرد، لێرەوە دەبێ بزانین  سەرۆک (نێچیروان بارزانى) چى پێ وتین؟ ئەوەى پێ وتین  نابێ  هەموو شکستەکانى خۆمان بخەینە گەردنى ئەوانى دیکە، ئەى خۆمان چین؟ خۆمان بۆ نەتوانین ئیدارەى گەمەکان بکەین، تیۆرى گەمەکانیش لەسەربنەماى گریمانەیە، بەوە دەبێ هەڵسوکەوتى ژیرانەى یاریزان ئەنجامى بردنەوەو دۆڕانى کایەکە ڕوون دەکاتەوە، تا ئەو ڕادەیەش لەبیرکردنەوەى لایەنەکان و خەڵکانى عاقڵمەند گەشتبم، ئەوان بڕوایان وایە (نێچیروان بارزانى) ئەو یاریزانەیە بتوانێ گەمەکە لەبەرژەوەندى کورد بەرێتە پێش. بەڵام ئەمە بەچى مەرجێ دەبێ؟ بەو مەرجە دەبێت یاریزانەکانى دیکە لە گەمەکەدا پاس بەیەک بدەن، لێرەوە گەمەکەرى سەرەکى یارییە سیاسیەکە لەم قۆناغەداو بە هەموو پێوەرە سیاسیەکان و شەرعییەکان (سەرۆکى هەرێمە)، بۆیە دەبێَ هەردوو دامەزراوەى پەرلەمان و حکومەتى کوردستان و حزبەکان، لە هەموو ئاستێکداهاوکارى بن، بۆ ئەوەى کورد لە گۆڕانکارى  ناوچەکەدا وەک ژمارەیەکى  قورس خۆى بسەلمێنێت. لێرەوە ئەرکى سەرۆکى هەرێم  قورستر دەبێ، چوون لایەنە سیاسیەکان توشى بێ متمانەى و پارادۆکس بوون و متمانەیان بەیەکتر لاوازە، دەبێ سەرۆکى هەرێم بەحیکمەتى خۆى ئەم کێشەیە چارە سەر بکات و لەگەڵ کۆى لایەنەکان بەلایەنى سەرەکى و ئەولایەنانەشى کەمترین نفوزیان هەیە گفتوگۆ بکات، لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیجێ بۆ خیتابێکى هاوبەشى میدیایى لەکاتە چارەنووس ساسەزەکاندا داڕِِِێژن، دواتر بیرکردنەوە لە گوزەرانى خەڵک، کە ئەمە زیاتر یەکانگیرى کۆمەڵایەتى دروست دەکات و زامنى دروستکردنى متمانەیە. کەواتە (نێچیرەوان بارزانى) ئەوەشى پێوتین کە خۆمان هەبین سەردەکەوین کەیەکیش نەبین و نەفى یەکترمان کرد، ئەوسا شکست نەخەینە سەر کەس، پێشى وتین ئێمە زۆرترین جیاوازیمان لەگەڵ خۆمان هەیە، چۆن ئیدارەى ئەو جیاوازییانە بدەین، پێى وتین گەر یەک نەبین وەک پاپۆڕى تێکشکاوى ناو دەریامان لێ دێت، پێى وتین با کەمتەرخەم نەبین، چونکە یەکێک لە ڕەهەندەکانى شکست کەمتەر خەمییە، پێشى وتین سیاسەت ڕکابەرى و پێشبڕکێیە نەک دوژمنایەتى.

کەواتە بە تێگەیشتنى هاوبەش لەسەر هەموو کایەکان با هاوکارى سەرۆک بین. دواجار منیش دەڵێم سەرۆک، لە جوڵەکان بە ئاڕاستەى بەرژەوەندى و چاکەى گشتى دا بەردەوام هەمووان بە ئەوکات هەمووان لەگەڵتان، سەرەڕاى هەموو کارێک کە بەڕێزتان ئەنجامى دەدەن، پێویستە چى خۆت و چى کارەکانت هەموو کوردێک بە هى خۆى بزانێت بۆیە دەڵێم، پێویستە سەرۆک با هەمیشە دەستت لەسەر دڵى ڕاى گشتى بێت.