سەردێڕ:

دەسەڵاتی گەرەک!

1/14/2019 7:36:49 PM
8293 جار خوێندراوەتەوە
عەلی کەریمی
+ -


باش بوو جاری جاران میرێک ھەبوو لە گەڵ ھەموو کەم و کۆڕیی و بێئاگا‌ھـ بوونی لە دونیا و لە میللەتی خۆی، ھەڵپڕژان و جارو وبار شەڕە تفەنگ لە گەڵ میری ئەمبەر و ئەوبەر، بەڵام لە جوغرافیای خۆیدا ھەر میر بوو، لە لای دەرودرواسێ، دۆست و دۆژمن و میللەتی خۆی، حوکمی دەرۆیشت و مەشروعییەتی ھەبوو.

ئەوە چەند ساڵە لە لایان سەرۆکی یەک لەم عەشیرەتانە، ئێستا بەناوی سەرۆکی حیزبی مۆدێرن پێناسەی دەکەن، ھەر دەم و نادەمێک لەپڕ و لەناکاو باسی دەوڵەت دەکەن، نەک جارێک و دوان و سێیان و... ئەوە بوو بە دەیان جار ئەمانە ئەم باسە بە نەزۆکی دێنە گۆڕ و لە دوایەشدا بە سەرشۆڕیی و دەست لە ئەژنۆیان درێژتر دەچنە بە بارەگای عەرەبەکان لە بەغدا، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران. ئەوجار ھەر ئەوانەی دۆینێ بە پەنجە راوەشاندن و ھەڕەشە و گوڕەشە لە بەغدا و عەرەب؛ ئیتر ئێوە جیران بن و تەڵاقمان دان، ھاووڵاتی بۆ کام وڵات یەکەم جار بە پاسپۆرتی کوردیی سەفر دەکا و سەدان شێعر و بالۆڕە لێدان لە لایان ئەو موستەفید و بەرماوخۆرانە بە ناوی "نوخبە و رۆشنبیر" یەک جێ ١٨٠ دەرجە دەگۆڕێن و لە ھۆڵەکانی بەغدا و ھەولێر ھەر ئەوان ئەوجار باسی شەراکەتی راستەقیینە و زەروورەتی بەشداری لە عێراقی واحید، شەڕە خەنجەر لە سەر پۆستی سەرکۆماری عێراق، بە دەیان تیۆریی و شانتاژ و قسەی بێ مانا و دوور لە عیلم و زانستمان بۆ دەکەنەوە و ھەر پێش نازانن ھەر ئەو زاتە  موبارەکە دۆینێ چی دەگووت و ئەمڕۆ چی دەڵێت؟!

ئێستا ئەوە چەند رۆژە لە چێکردنی دەوڵەتی مۆدێرن و موئەسساتی ھاتووینە سەر حوکمی گەرەک و تەنانەت خانەوادە بچووکەکانی ناو بنەماڵەکان!

سەیر ئەوەیە ئەو "نوخبە"یە کە خۆی وا وێنا دەکا لە خانەوادەیەکی ئەو بنەماڵەیە نزیکە و نووسینەکانی ھەموو لە رووی عیلم و زانیاریی و دەزگا سیخور و ئەمنی و ئیستخباراتێکانەوە بۆ دێ، و بە داخەوە سایت و رۆژنامەنووسی دێیەکەی ئەمبەریش پێی سەرسام و موعجیبن و بە بێ ئەوەی وتارەکەیان بۆ بنێرێت یەکسەر ھەر خۆیان بڵاوی دەکەنەوە و  روخساری سایت و رۆژنامەکەیانی پێ ناشیرین دەکەن، دیسان زۆر "دایی جان ناپلیون"انە تەحلیل و لێکدانەوە نا بەڵکوو وەک ئەوەی تەنیا ئەو مەعلومات و عیلمی ھەیە دیسان کەتۆتە  ھینانو بردن و حیکمەتی گەورەی ئەمریکا و بە ھێند وەرگرتنی ئەم سەرۆک خانەوادانە لە سەردانەکەی ھەفتەی رابردوویی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاغای مایک پۆمپیۆ.لێرەوە ئەم موحەلیلەی سیاسەتەکانی ئۆردۆغان دڵنیا دەکەمەوە، تەیارەکەی ئاغای پۆمپیۆ دوای ئەو ھەموو کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ خانەوادەکان، ھەر لە ئاسمانی ھەوڵیر بووە کە دەیان جار وشەگەڵی "F"ی لە زار دەڕپەریوە!  

ئاخر کوڕی باش ئەو کە وەک گەرەک و عێل و عەشیرە سەیری کورد دەکا تۆ بۆ تێناگەی و بە جیا سەردانی باوک و کوڕ و زاوا و ئەم وئەو، تیئۆریزەیەکی درۆزنانە دەکەی و دەرخواردی خەڵکیی دەدەی کە ئەمریکا ئەھا چەند کوردی بەلاوە مەتڵبە، ئاخر ئەی نوخبەی نا رۆشەن! ئەمریکا لە کام وڵات رەفتاری وا دەکا؟! سەردانی ھەفتەی رابردووی ئەمریکا زۆر دیار و روون بوو دیدی ئەوان بۆ کورد تەنیا دەسەڵاتی گەرەک و خێل و عەشیرەیە و تەنانەت شکافەکانی مام و ئامۆزاکانیش دەزانن و بە پشی پشی پێکردن ھەروەک سەردەمی "خاتوو بێل" کە خەریک بوو ئەمیر و ئەمیرزادەکانی ھەموو دنیای عەرەبی لە دوای سایکسپیکۆ لە سەر پەنجە توتەی ھەڵدەسوڕاند، ئەوە خەریکن ھەر ئەو سیاسەتەش لە گەڵ مام و برازا و کوڕ وبلیمەتەکانی مەملەکەتی لەمەڕ تۆش دەگێڕن و ئەم جۆرە سەردان و تەعامولە لە گەڵ کورد تەنیا بێحورمەتی و بە ھیچ نەگرتنمانە و تۆش ئیتر بۆ چەند ئیمتیاز و موستەفید بوون دەست ھەڵگرە لەم جۆرە تەحلیل و بەناو تیۆریی و عیلمی ناراست و لە ورگ دەرھاتوو. زۆر روون بوو ئەم جۆرە دیدار و بەسەرکردنەوانە لە لایان وڵاتان و زلھێزانی دونیا و دەر و دراوسێ روانگەی ئەوانمان پێ دەڵێت لەسەر کورد و ئەم "سەرکردانە" کە نەتەنیا وەک دەوڵەت وھەرێم و زۆنی سەوز و زەرد سەیرمان ناکەن، بەڵکوو ھەرکام لە وانەیان پێ مافیای گەڕەکێکە!