سەردێڕ:

بۆ نێچیروان ئیدریس مستەفا بارزانی!

9/24/2019 1:40:00 PM
24546 جار خوێندراوەتەوە
عەلی کەریمی
+ -

لە ساڵانی ئەوەڵ و ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لەسەر گۆش کردنمان بە وانە و تیۆرییەکانی مارکسیستی و ناساندنی کۆمەڵگای بەشەری بە سەر سێ قۆناغی کۆیلایەتی، فیودالی و سەرمایەداری و ھاتنە ئارای توێژی بورژوا و دابەش کردنیان، پێمان وابوو کۆمەڵگا لە سەردەمی کۆیلایەتی پەرە دەستێنێت و ئەوجار لە ترۆپکی گەشەکردنی خۆیدا پێ دەنێتە قۆناغی فیودالی، ئەوجار بە ھاتنە کایەی سەنعەت و پیشەسازی و بەرھەم ھێنانی زۆرتر بە تێکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کشت وکاڵ؛ سەردەمی سەرمایەداری و بە واتایەکیش مۆدێرنیتە دێتە کایەوە.
لە ناوەراستی ھەزارەی دوو تیۆریگەلی بازدانی قۆناغەکانی گەشە سەندنی کۆمەڵگا و پێویست نەبوون بە تێپەربوونی سەردەمی فیودالی، بوو بەباس و بە کورتی گوتیان شەرت نییە کۆمەڵگایەک گەشەی سروشتی خۆی بکا و دەتوانێ بە ھۆکاری پێشکەوتنی زۆری تێکنۆلٶژیای لەناکاو، یەکسەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی جوتیاری و فیودالی بگات بە مۆدێرنیتە، تەنانەت بە بێ چینی کریکار و بورژوا. کۆمەڵیک دەوڵەت – نەتەوەش ھەر لە سەر ئەم روانگەیە لە دوای شەڕی عەلەمی یەکەم و دووھەم لە جیھان بە بێ ھۆکارە سروشتی و قوناغەکانی گەشە سەندن دروست کران بۆ بەرژەوەندی ئەمپریالیزمی جیھانی بەتایبەت ئەمریکا کە وەک ئینگلیس و فەرانسە سەردەمی کلۆنیالیزمی نەبووبوو. ئەنجامی ئەم کارە بوو بە دەرکەوتنی دەوڵەت گەلێک کە بە پارە و پێشەسازی زلھێزەکان نەک خۆیان؛ بۆ مەرامی تایبەتی بە بێ بنچینە و بنەما ھەڵقوڵین و کرانە داردەستی وڵاتانی رۆژئاوا و ئامرازی سەرکوت و بونیادی جەھەنەمێک بۆ گەل و وڵات و دیاردەی دیکتاتۆر و دەوڵەتانی سەرکوتگری خەڵکی ھەژار و ئازادیخواز و چەوساوە بە دەستی زاڵمی خۆیی بەڵام بەکرێگیراوی رۆژئاوا، ھاتە ئاراوە و دەیان دەوڵەتۆکەی سەر بە ئەمپریالیزمی جیھانی لە لاتین ئەمریکاوە بگرە تا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای دوور ھەڵتۆقین و کرانە دەستەچیلەی زلھێزەکان و سەرکوتگەری خەڵکی جوتیار و ھەژاری خۆیان.
دلنیام گەر بە زاھیر و رەواڵەتیش دژم بی لە بەحر و ناخی خۆتان لە گەڵمی کە ئێوە وەک عەشیرەیەکی چەند ھەزارکەسی ھەژار و بێ زەوی کشت وکاڵ و تەنانەت وەک فیوداڵیکی گەورەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیش نا، بەڵکوو لە دەسپێک وەک تەریقەت و شێخایەتی و دواتریش بە ھۆی بابە گەورەتەوە بە تەواویی ھاتنە ناو دنیای شۆڕشگێری و بە رەواڵەت خەبات لە پێناو گەلی کورد.
ئێستا دەوڵەمەندترین کەسی کوردستان و یەک لە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیھانن. دارایی و ماڵی ئێوە لە زۆربەی رۆژنامەنووس و دام و دەزگاکانی حکومی کوردستان شاراوەیە و بە تەواوی نازاندڕێ چەند و چوونە؟! ئەوەی دیارە چەند کۆمپانیای زەبەلاحی بەرھەم ھێنانی نەوت و کۆشک و ھەزاران  دۆنم  زەوی  لە کوردستان و دەرەوەیە و دەزگایەکی بێ وێنە دەوڵەمەندی بێ رەکابەریی میدیایییە، مەبەستی من لەم نووسینە کورتە تەنیا ئەم بەشەیە لە ماڵ و دارایی و ستراتیژی ئێوە و چەند سەرنجێک بۆ گەڵی چەوساوە و ھەژاری کوردم لە روانگەی سیستمی عەشایری و تێکترنجانی لە گەڵ دەسەڵاتی ئابووری و بەکار ھینانی تێکنۆلۆجیای ھەرە بەرز و پێشکەوتوو بۆ خزمەت بە پاشماوەی فئودالی و شوان کارەیی لە وڵاتێکی بچوک و عاشایری وەک ھەرێمی کوردستان.
گومانم نییە ئەم دەزگا زەبەلاحە کە بە سەدان کارمەندی ئاماتۆر و پرۆفسی لە سەرتاسەری جیھان ھەیە بە پارە و ئیمکانی باب و باپیران یان خود دەوڵەتانی جیران و داگیرکەری کوردستان پێک نەھاتووە. راستە  سەرکردایەتی کورد بە ھۆی مەوقعی جیۆپۆلتیک و دابەش بوونی کوردستان ھەر کامیان لە گەڵ دەوڵەتێکیان سات و سەودایەکی ھەبووە و ئەم دەوڵەتانە یارمەتی پارت و رێکخراوەیەکیان داوە لە کاتێکی دیار و سنوردار بەڵام ھەرگیز ئەوەندەیان نەکردووە ببێتە ھەوێنی سەرمایەکی بنچینەیی بۆ ئەم پارتە یان پارچەیە!
دەمێنێتەوە کە بڵێین مەسارفی سەدان ملیۆن دولاری ئەم دەزگا زەبەلاحەتان ھەر لە کوردستانەوە ھاتووە و بە پارە و مافی مناڵە ھەژار و ئەنفالکراوی گەرمیان و شەھیدان و بریندار و سەقەتەکانی شەڕی ناوخۆ و دەرەوە وەسەریەک نراوە و بە زمانی سادە و ساکاری ناوخەڵک دزراوە بۆ دەزگایەکی میدیایی بۆ ستراتیژ و مەبەستێکی تایبەت بە خۆتان و رازیکردنی خەڵکی دەورووبەرتان.
ئێستا دەمھەوێ پێتان بڵێم بە پارەی دزراو و مافی خەڵکی ھەژاری کوردستان ئێوە تۆوی چی دەچێنن و ئەمە لە بەرژەوەندی و گوتاری نەتەوەیی دوارۆژی کورد دایە یا لێدان و مەحوکردنی ھەموو بەھا سیاسی، ئەخلاقی و فەرھەنگی خاک و نیشتمان و میللەتە؟!
بەداخەوە لەم کورتە نووسینەدا ناکرێ بە ھەزاران نموونە باس بکرێ لە شێواندنی زمان و وشەی کوردی لە لایان کۆمەڵێک ستافی بێ مستەوای چەواشەکاری ھیچ لەباراندا نەبوو، بەڕاستی دەبێ کۆمەڵیک زمانەوان ماوەیەک موتابعەی زمانی ئەم دەزگایە بکەن و بیکەنە راپۆرتێک بۆ جەنابتان کە چ خیانەتێکی گەورە بەم زمانە جوان و بێچارەیەی کورد دەکەن ئەم کۆمەڵ نەزانەی بە ناوی میدیاکار بۆ جەنابتان کار دەکەن.
ھەموو زمانێک لەم دنیایە ئاھەنگ و مێلۆدی خۆی ھەیە تەنانەت گەر یەک وشەش لە فەرانسەویی نەزانی کە گوێت لێ دەبێ بە مێلۆدی قسەکەرەکان یەکسەر دەزانی ئەوە فرانسەویی یان ئینگلیسی یان ئۆکراینی و...یە. وادیارە جەنابتان سەیری دەزگاکەی خۆتان ناکەن یان دەیبینن و دەنگ ناکەن و یان بە دڵتانە و ستراتیژی خۆتانە بۆ گەڵی کورد و نەوەی دوارۆژ. ئاھەنگ و سروشتی زمانی کوردی مێلۆدی قسەکەردنی ھاورەگەزەکان نییە، چۆن دەکرێ شەو و رۆژ بێژەر و رێپۆرتەری ئێوە وەک ھێمۆسێکسوئێلەکان راپورت بخوێنێتەوە و مناڵ و خەڵکی تر پێیان وابێ کورد بەم شێوەیە قسە دەکا، ھەموو دەزانین تاکەکان ئازادن لە جنسییەتی سێکسی و شێوەی ئاخافتن بەس نابێ میدیایەک کە دەچێتە ناو ھەموو ماڵێک ئاوا بە بێ بەرپرسیارەتی و  شوێن دانەریی لەسەر پەروەردەی خەڵک بجوڵێتەوە، ریپۆرتێر، بێژەر، پێشکەشکار لە ھەموو میدیای جیھانی دەبێ بە کۆمەڵێک داب و نەریتی کۆمەڵگا وئەتەکیات و فیلتێردا تێپەڕن جا ئەوجار دەست بۆ کارێکی وا گەورە بەرن، ئاخر لە ھەموو دنیا و میدیاکانی جیھان ھەواڵەکانی سەری شەو بێژەر و پێشکەشکاری قورس و ئاکادێمی و بە مستەوای خاوەن کەسایەتی بەڕێوەی دەبن، ئەوەی تۆ بۆتە مەسخەرە و گاڵتە جاری و کۆمێدیا، ھیچ سنورێک و داب و نەریتێک نابێنی لە شعوری کاکی ھەواڵبێژ و ھەستێک بۆ بینەر دروست دەبێ کە ئەو کاکە خەریکی رابواردنە بە کۆمەڵانی خەڵک، ھەواڵەکانی سەری شەویان ئەوەندە سووک کردووە کە تەنانەت باسی پەڕینی زەلامێک بۆ سەر بزنەکەی دەکا یان باسی گلەیی ھاوسەری ترەمپ دەکا کە گۆیا ترەمپ پێی نەماوە!!!. مۆسیقای ئاخاوتنی زۆر ناکوردانە و کۆمێدی و بێ رەوشتانەیە.
بێژەری ھیچ لە باراندانەبووی وەک ئیشکەڕن بە ئەدا و ئەتوار و جوڵە بێ مانا و بێخودەکانی دێنن یەک شەوە دەیکەنە پرۆفیشوناڵ و دواتر ھەر بە یەک شەویش دەکرێتە پەرلمانتار و دانەری پرۆژە بۆ پرسێکی گرنگی وەک دیمۆگرافی کوردستان و لەوپەڕی فاشیزمێکی پۆپۆلیستیانە دێت و لە بەر چاوی سەرۆکی پەرلمان کە خۆی ژنە و ھەرگیز نەدەبوو ئیجازە بە خوێندنەوەی پرۆژە بدا لە لایان تاک پەرلمانتارێکەوە و ئەوە دوور لە دەستوری پەرلمانە، زۆر پیاوساڵارانە رێگە بۆ ژنی کورد دیاری دەکا کە لە ٥ مناڵیان کەمتر نەبێ و دەبێ عەشیمەتی کوردستان لەبەرامبەر عەرەب، بە خۆش خۆش دووگیان بووونی ژنەکان زیاد کەن، وەک ئەوەی "ژن"ی کورد وەک "دەواجین" تەنیا ئیشی مناڵ دروستکردن بێ، پەرلمانتارێک ئەوە فکری بێ و بێخەبەر بێ لە سیاسەتی جیھانی لەمەڕ عەشیمەتی گۆی زەوی، دەبێ چۆن رۆژی دواتر بێ و بە وێنەی جەنابتانەوە پشتیوانی ئێوە بۆ پرۆژەکەی راگەیەنێت و فشەی پێوە بکات. ئاخر لە کوێ باوی ئەوە ماوە بە زۆری و بۆری دەوڵەتی نەتەوە دروست کرێت، دەوڵەت بە ئیرادە و بەرنامە و ستراتیژیی نەتەوەیی دێتە چێ کردن نەک بەم فکرە سوکەی پیاو سالاریانەی فاشیزمی جەھالەت!
دەبێ عەرزتان کەم گەر پێتان وایە بەم عەقلییەت و کەرەسەیە و تەنیا بە پارە بۆتان دەکرێت دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد دروست کەن و پێ بنێنە دنیای مودێڕن، ئەوە دڵنیا بن بەم کەرەسە و سیاسەتەی نوخبە و رۆشنبیرانی جاھل، نەتەنیا کورد بە سەروەری و ناسنامە لە سەر دستی ئێوە ناگات، بەڵکوو ھەموو ئەو سەرمایە و ئیمکانەی کە بەڕاست دەکرا بە سیاسەتێکی ژیر و دووربینانە بیخەنە خزمەت بە نەتەوەکەمان بە بای دەدەن و دەچنەوە سەر ھەواری خاڵی و ئیفلاس دەکەن بە بێ ئەوەی بچوکترین دڕکتان لەم لەشە زامدارەی گەلەکەمان دەرکێشا بێت!