سەردێڕ:

جیھان لەژێر ھەژمونی کۆرۆنادا

3/15/2020 4:44:31 PM
4665 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

لە ساڵی ۲۰۱٦دا کاتێک چۆمسکی کتێبی( کێ حوکمی جیھان دەکات)ی بڵاو کردەوە، گومان دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەمریکا بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، بەھۆی کۆمەڵێک خاڵی لاواز کە لە ئەو زلھێزەجیھانییەدا رویداوە.
لەھەمان کاتدا، باس لە سەرھەڵدانی چین دەکات وەک ھێزێکی ئابوری جیھانی، کە توانای کۆنترۆڵکردنی جیھانی ھەیە، بە درێژایی مێژوو زلھێزە گەورەکان لە ھەوڵی ئەوەدابوون  وەک ھێزێکی ئابوریی سیاسیی کۆنترۆڵی جیھان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سەدان جەنگیان دروست کردووە و دەیان ملیۆن مرۆڤیان کردووەتە قوربانی.
ھەتا ئەم کاتەش ئەو خەونانە ھەر درێژەیان ھەبووە بەڵام ھۆکارەکان گۆراون، لەگەڵ پێشکەوتنی زانست ئەم ململانێیانە توندتر و وێرانکەر و دڕندانەتر بوون، چونکە لە پێناو سەرکەوتن لەو ململانێیانەدا جۆرەھا چەکی لەناوبەری وەک ئەتۆمی و وێرانکەرو بۆمبی فسفۆری و لەم دواییانەشدا لێزەریان بەکارھێناوە بۆلەناوبردنی یەکتر، ھەر وڵاتێکی جیھان کەتوانای ھەبوبێت ھەوڵی دروستکردنی چەکی کۆکوژی داوە، ئەوەش یان بۆبەرگری یان بۆھێرش بردن .
بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت، لە دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ھەمو تیۆرو دیدە ستراتیجی و سەربازییەکانی ھەڵگێرایەوە و جیھان کەوتە دۆخێکەوە، کە نەھیچ دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پێشبینی کردبوو، نەھیچ زلھێزێکی جیھانی خۆی بۆ ئامادەکردبوو بۆ بەرەوڕووبونەوەی، ئەوان دوژمنێکی وەھمیان لەپێش چاو دانابوو، کە خاوەنی سوپایەکی بەھێزە و چەکی ئەتۆمی ھەیە ..... ھتد.
بەڵام ئێستا ئەو ھێزە تازەیەی کە ھاتووەتە سەرزەوی، ھیچ لەمانەی نییە، ڤایرۆسێکی بچوکە و بەوردبینی ئاسایی  نابینرێت، لەھیچ چەکێکی کۆکوژو ناوەکی ناگەڕێتەوە و سوپا زەبەلاحەکانیان ناتوانێت پاشەکشەی پێ بکات.
لە ئێستادا ھەردوو زلھێزە جیھانییەکەی خستووەتە حاڵەتی باری نائاسایی و سەرۆکی ئەمریکای ناچارکردووە باری نائاسایی رابگەینێت و بری ٥٠ ملیار دۆلار تەرخان بکات، واشی لێبکات کە بڵێت با ھەموو ئەمریکییەکان ڕۆژی یەک شەممە رو لەخوا بکەن ھەتا لەم بەڵایە بیان پارێزێت.
چینییەکانیش پێموایە لە دۆخێکی دەرونی خراپدان، چونکە ئەوانیش گەیشتونە ئەوراستییەی کە ئەم ھێزە نادیارە نوێیە بەچەکی تەقلیدی لە ناو ناچێت، بەڵام کتێبەکانی ماوتسی تۆنگیش نزایەکی وای تیانییە بەکەڵکی ئەم دۆخە بێت.
ئەورپییەکانیش ئێستا لە خراپترین دۆخدان، چونکە بارە ئابورییەکەیان ھەرگیز بەرگەی دۆخی کەرەنتینە ناگرێت و ئابورییەکەیان ھەرەس دەکات، بەپێی بۆچونی پسپۆرانی ئابوریش قەیرانێکی دارایی بەھێز رودەکاتە جیھان و ڕۆژئاوا، ئابوری سەرمایەداری گەورەترین زیانی توش دەبێت.
لەلایەکی ترەوە ئەم قەیرانە کاریگەری لە سەر بازاری نەوتیش دروست کردووە و رۆژ بەڕۆژ دابەزینی زیاتر بەخۆوە دەبینێت کە بەمەش ئابوری جیھانی توشی زیانی گەورە دەکات.
لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کەکێ ھەژمونی بەسەر جیھاندا دەکات و چۆن لە ئاستێکی باڵاوە زلھێزەکان دەجوڵێنێ و چۆن ترسی خستووەتە دڵی ھەمویانەوە.
 بەم شێوەیە ئەو گروپەی کە حوکمی جیھانیان کەوتە دەست بەھۆی نەبونی بەھای مرۆیی تیایاندا مرۆڤایەتییان توشی گەورەترین نەھامەتی و قەیرانکرد.
جاران وایان دەزانی ئەوان خوای سەرزەوین و ھەر ئەوان مردن و ژیانی مرۆڤەکان دیاری دەکەن و کەسێکی وەک نیتشەش بانگەشەی مردنی خوای دەکرد، بەڵام ئێستا ڤایرۆسێکی بچوکی وەک کۆرۆنا جارێکیتر مرۆڤی بە ئاگا ھێنایەوە و پێی وت، ئەی مرۆڤ خۆت بناسە بزانە تۆچیت ودەسەڵاتەکانت ھەتا کوێ بڕدەکەن و دەبێت لە خاڵێکدا بوەستیت.