سەردێڕ:

کۆمەڵگەی مەدەنی یان کۆمەڵگەی حزبی

9/21/2019 4:28:39 PM
2516 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

کاری جەماوەری و سەندیکایی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێستادا بووەتە پێداویستییەکی سەردەم و ھەموو ئەو دەوڵەتانەی کە بە سیستمی دیموکراسی کار دەکەن، رۆژ بەرۆژ کاری مەدەنی تیایاندا گەشەدەکات و خۆشیان باشترین فەزا دروستدەکەن بۆ گەشەکردنی، چونکە کاری دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێستادا وەک بەشێک لە تەواوکاری دەوڵەت سەیر دەکرێت و وەک ھۆکارێکیش بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی سەیری دەکەن، ھەتا لە ئەم رێگەیەوە رێگە لە دەوڵەت بگیرێت کە بەرەو تاکڕەوی و عەسکەرتاری ھەنگاو بنێت و لەم رێگەیەوە خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپیێنێت.

لە سیستمی دیموکراسیدا کاری مەدەنی رێکخراوەکان ھاوشان لەگەڵ کاری پارتە سیاسییەکاندا بە دوو ھێڵی تەریب دەڕۆن و کە ھەمووشیان لە پێناو چەسپاندنی مافەکانی ھاوڵاتیی و بنیاتنانی حکومەتی خۆشگوزەراندا خەبات دەکەن.

ئەگەر سەیر بکەین لە کوردستاندا ھەرچەند باس لە دیموکراسیەکی سیستمی فیدراڵی دەکرێت و دەیانەوێت وا خۆیان نمایش بکەن کەسیستمێکی سیاسیی دیموکراتی حوکم دەکات و بوونی ھەزاران رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیش بە سیمای ئەو سیستەمە لە قەڵەم دەدەن. بەڵام سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نابینرێت کە ئەم رێکخراوانە رۆژێک لە رۆژان توانیبێتیان دەیان ھەزار کەس بێننە سەر شەقام بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان یان بە بایکۆت و مانگرتنێک حکومەت بوەستێنن.

لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەک و رۆڵ و پرۆژەی پارتە سیاسییەکان لە دید و تێڕوانینیان بۆ شێوازی حوکم و کاری مەدەنی و گەشەپێدانی دیموکراسی. لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی چەوساوە و داگیرکراو بووە لەڕووی سیاسیەوە، لەبەرئەوە لەو فەزایەشدا کۆمەڵگەی مەدەنی گەشە ناکات، بەڵکو لەو بارودۆخەدا ئەو پارتە سیاسییانە دێنە ئاراوە کە بڕوایان بە توندوتیژی ھەیە و لەسەر بنەمای فیکری شۆڕشگێڕی کاری سیاسی دەکەن، کە ئەمەش وا دەکات شتێک بە ناوی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونەوە نەبێت.

پارتە سیاسیەکان بە ھەموو جۆرەکانیانەوە لە کوردستاندا ھەموویان پشتیوانیکردنیان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆئەوە بووە کە ھەژموونی خۆیان زیاتر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، لەبەرئەوە دەبینین زۆرینەی رێکخراوەکان سەربەخۆ نین، بەڵکو ھەریەکەیان نوێنەرایەتی پارتە دەسەڵاتدارەکان دەکەن ئەگەر بەو جۆرەش نەبێت ئەوا ھەموو پارتە سیاسیەکان لە ھەرەمی کارگێڕی ئەو رێکخراوانەدا ھەن و ئەمەش بەدیاردەیەکی شارستانی و دیموکراسی لە قەڵەم دەدەن، کەواتە لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستاندا شتێک نیە بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵکو ھەمووی کۆمەڵگەیەکی حزبیە و رووپۆش کراوە بە دیموکراسی.

ھەرلەبەرئەمەش بووە بە درێژایی ساڵانی رابردوو سەرەڕای ئەو ھەموو قەیرانە جۆربەجۆرانە، نەمانبینیوە رێکخراوێکی پیشەیی یان سەندیکایەک بە شێوازی مەدەنی بێتە سەر شەقام و دەسەڵات ناچار بکات بە ملکەچ کردن بۆ داواکانی، بەڵکو ئەگەر لە ساتەوەختێکدا رێکخراوێکیش ویستبێتی ئەم کارە بکات بەھۆی حزبی بوونی بەرپرسەکانی ھەر زوو لەباربراوە، لەلایەکی تریشەوە بەھۆی باڵادەستی حزب لە ژیانی سیاسیدا و لاوازی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بەردەوام حزب رێبەرایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە و رێگەی نەداوە سەربەخۆیانە کاری خۆی بکات، لەبەرئەوە لەم بارودۆخە تایبەتەدا نەتوانراوە خەڵک لە دەوری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبکرێتەوە و بکرێتە فشاری بەھێز لەسەر دەسەڵات، چونکە لەلایەک خەڵک بەردەوام مەترسی ئەوەی ھەبووە کە ھەر جوڵەیەک لەلایەن ھەر رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت لەلایەن حزبە سیاسیەکانەوە قۆرغ دەکرێت و بۆ مەرامی سیاسی بەکار دەھێنرێت، لەلایەکی تریشەوە سەربەخۆ نەبوونی رێکخراوەکان وای کردووە کە ھەر رێکخراو یان سەندیکایەک و کۆمەڵە و یانەیەک پاشکۆی پارتێکی سیاسیی بێت، لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا لە پێناو گەشەپێدانی رۆڵی کارای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت چی بکرێت و چۆن دەتوانین لە رۆڵ و کاریگەری ئیجابی ئەو رێکخراوانە تێبگەین.

لەسەر ئاستی  جیھانی ئێستا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنی جێگەی توندوتیژی و فیکری شۆرشگێڕی گرتوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئێمە پارتە سیاسیەکان لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن وەک ھێزێکی کارا بۆ ھێنانەدی مافەکان و چەسپاندنی ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی ھاوڵاتیی، گوێبیستی ئەوە دەبین کە پەنا ببرێت بۆ دروستکردنی میلیشیا و ھێزی سەربازی و ئەمەش بەھێزی پاراستنی دیموکراسی ناودەبەن، ئەم پاشەکشەیە لە عەقڵییەتی سیاسیی پارتەکان لە کوردستاندا مەترسیدارە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە و دووبارەکردنەوەی ئەزموونە شکستخواردووەکانی ناوچەکەیە، چونکە ئەو کارە پەرچەکردارێکە بە ئاراستەیەکی خراپ و دواجاریش ئەزموونەکانی سوریا و لیبیا و ناوچەکەمان بۆ دووبارە دەکاتەوە کە گەل و نیشتمان و نەتەوەیان ھەموو سەرگەردان کرد.