سەردێڕ:

پەروەردەو گەشەپێدان،لایەنێکی فەرامۆشکراو لە کارنامەی حکومەتی نوێدا

7/22/2019 2:48:15 PM
2256 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

بە درێژایی ٢٨ ساڵی رابردوو ھەرێمی کوردستان بەدەست کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێت، بەبێ ئەوەی ھیچ نەخشە رێگایەک ھەبێت بۆ چارەسەر، بەردەوام قەیرانی تری بۆ دێتەسەر و دۆخەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەکات، سەرەڕای ئەوەی پارتە سیاسەکان و پەرلەمان و حکومەت چەندان پرۆژەی چاکسازیان پێشنیار کردووە، بەڵام ھەر لە بواری تیۆریدا ماونەوەو نەچوونە بواری پراکتیکیەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ھەتا ئێستاش نە حکومەت و نە پارتە سیاسیەکانیش نەیانتوانیوە جۆری نەخۆشیەکە دەست نیشان بکەن، لەبەرئەوە ھەموو چارەسەرەکانیشیان بە ھەڵە بەکارھێناوە. چونکە ئەگەر چاوێک بگێڕین بە مێژوی گەلانی پێشکەوتوودا، دەبینین یەکەم ھەنگاویان بۆ ھەستانەوەو رێنسانس و گەشە و پێشکەوتن لە بواری پەروەردەو فێرکردنەوە بووە، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێت چاو بگێڕدرێت بە مێژووی یابان و ئەوروپا و وڵاتانی ئەسکەندەنافی و باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیادا، کە چۆن بەھۆی گرنگیدانیان بە بواری فێرکردن و توێژینەوەی زانستی، توانیویانە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەو دواکەوتویی بەجێ بھێڵن و بگەنە ئاستی گەلە پێشکەوتووەکانی جیھان، چونکە فێرکردن لە ھەموو سەردەمێکدا تاکە رێگەی گەشە و پێشکەوتن و داھێنان بووەو ھەموو ئەو وڵاتانەش کە ئێستا بە وڵاتە پێشکەوتووەکان ناودەبرێن بە گرنگیدان بە بواری پەروەردەو فێرکردن گەیشتوون بەم ئاستە.
لەلایەکی تریشەوە تاکە نەخشەرێگەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دواکەوتوویی و چارەسەری قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ھەردەبێت لە رێگەی فێرکردنەوەبێت، چونکە خوێندەوار و رۆشنبیر و ئەکادیمیەکان دەبێت ببنە کلیلی چارەسەری قەیرانەکان و گوێیان بۆ بگیرێت و دەستیان کراوە بێت لەپێناو بنیاتنانی سیستمێکی پێشکەوتوو، ھەتا لە ئەم رێگەیەوە تاکی ھۆشیار دروست بکرێت، چونکە کە تاک ھۆشیار بوو خێزانیش ھۆشیار دەبێت کە خێزانیش ھۆشیار بوو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی پێشکەوتوو دروست دەبێت، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی ئێمە پێویستی بەوە ھەیە کە ھەڵوەستەیەکی گرنگ بکات لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن، چونکە ئەگەر بەخۆداچوونەوەیەکی زانستی و ورد و ئەکادیمی بۆ بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە ھەموو ئەو گەندەڵی و دواکەوتوویی و نزمی ئاستی ململانێکان و خەونی بچوکی تاک و پارتە سیاسیەکان ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ شکستی پرۆسەی فێرکردن لە ھەرێمی کوردستاندا، لە بەر ئەوەی نەیتوانیوە تاکێک دروست بکات کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیە گەورەکانی وەک نیشتمان و نەتەوەیی و ئاینیدا بێت، چونکە ئەگەرکۆمەڵگە  خاوەنی رێژەیەکی زۆری ئەو ھاوڵاتیانە بێت کە ھەڵگری ئەم خەمە گەورانە بن، ئێستا کوردستان لە ئەم بارودۆخە ناھەموارەدا نەدەبوو.
ئەوەی مایەی خەمێکی گەورەیە ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە سیستمی فێرکردن لە ھەرێمی کوردوستان لە ھەموو قۆناغەکان ھەتا خوێندنی باڵا لە چ ئاسێکی نزمدایە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە پێشکەوتووەکان، بەڵام ھەست ناکەین لە ئاستی حکومەت و پەرلەمان و ئاستە باڵاکاندا، نەخشە رێگایەک لە ئارادا بێت بۆ ھەستانەوەو گەشەکردن، چونکە فێرکردن بنەمای سەرەکی گەشەپێدانە لە بوارەکانی (فێرکردن - تەندروستی - ئابوری)و رۆڵی سەرەکی و ستراتیجی دەبینێت لە ھەر پرۆسەیەکی گەشەپێدان و گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا، ھیچ بەرەوپێش چوونێک لە بواری گەشەپێداندا روو نادات تەنھا لە رێگەی دەستەبەرکردنی سیستمێکی خوێندنی پێشکەوتوەوە نەبێت، چونکە لە سیستمی نوێی خوێندندا دەبێت تەوەری سەرەکی قوتابی بێت، واتە دەبێت تاک بکرێتە سەرمایەی مرۆیی و کاری لەسەر بکرێت بۆ گەشەپێدان، ھەرکاتێکیش تاک گەشەی کرد ئەوە سەرەتای ھەموو گۆڕانکاریەکە و یەکەم ھەنگاوە بۆ چاکسازی و چارەسەری گەندەڵی و پێشکەوتن، ئەگەر سەیری ئەزموونی پێشکەوتنی گەلان بکەین ھەر لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، دەبینین ھۆکاری گەشەی ئابوری دەگەڕێتەوە بۆ گەشەپێدانی تاک و بەرنامەکانی گەشەپێدانی مرۆیی کە سەرچاوەکەی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە سیستمی فێرکردن، ھەر لەم روانگەیەوە لە ٩٠% پێشکەوتنەکانی وڵاتانی پیشەسازی سەرچاوەکەی گرنگیدان بووە بە باش کردنی تواناکانی مرۆڤ و لێھاتن و بواری کارگێڕی، لەبەرئەوە ئێستا زۆرینەی توێژەران لەو بڕوایەدان ئەگەر سیستمی فێرکردن لەسەر بنەمایەکی پێشکەوتوو چاک و مۆدێرن دانەمەزرابێت لە جیاتی پێشکەوتن دەبێتە بارگرانی بەسەر حکومەت و رێژەیەکی زۆر لە گەنجانی بێکار بەرھەم دەھێنێت و دەبێتە مایەی خراپی گوزەرانی زۆر لە خێزانەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەبینرێت ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی سیستمی فێرکردن ببێتە سەرچاوەیەک بۆ گەشەپێدانی تواناکان و زیادکردنی ھەلی کار و کاریگەری لەسەر باشکردنی دۆخی بازاڕ و چارەسەری قەیرانەکان (سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە لە زانکۆو پەیمانگا و قوتابخانەکان) بەڵام ھەتا دێت رێژەی بێکاری و توندوتیژی و ناھۆشیاری تاکەکان زیاد دەکات و لە ئێستادا فێرکردن ھۆکارێک نیە بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن، ئەوەش کە جێگەی نیگەرانیە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمیشدا نە سەرۆکی حکومەت و نە یەکێتی مامۆستایان و نە ھیچ دامەزراوەیەکی باڵا، باسی لە قەیرانەکانی سیستمی خوێندنی نەکردوو پلانێکی نوێیان نەبوو بۆ ھەستانەوەو گەشەپێدان و گرنگی پێدانی ئەم بوارە، تەنانەت ئەو وەزیرەش کە دانراوە بۆ ئەم کابینەیە ھەر وەک وەزیرەکەی پێشوو کەسێکی حیزبیە و پسپۆڕی و ئەزموونێکی ئەوتۆی نیە لە بواری پەروەردە و فێرکردن و ھەتا ئێستاش ھیچ پرۆژەیەکی نەخستۆتەروو کە لە چوار ساڵی ئایندەدا جێبەجێی بکات.