سەردێڕ:

کۆمەڵی ئیسلامی، لە دۆخێکی شڵەژاوی سیاسیدا

5/5/2019 9:17:02 AM
5790 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد مەحمود
+ -

لە (٣٠/٩/٢٠١٨) ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچوو، کۆمەڵی ئیسلامی توانی (٧) کورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بکات ، دوای مەودایەک لە زەمەن پارتی دیموکرات کە براوەی یەکەم بوو لەو ھەڵبژاردنەدا ھەستا بەسەردانی کردنی حیزبە سیاسیەکان بەمەبەستی پێکھێنانی حکومەت و چۆنیەتی بەشداری کردنیان، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کردوو دواجار لە (١٦) ی شوباتی ئەمساڵ گەیشتنە ڕێکەوتنێکی سیاسی بۆ پێکھێنانی ئەو حکومەتە،  نزیکە لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانیش بگەنە ڕێکەوتن و حکومەتەکە پێکبێت.
ھەرچی کۆمەڵی ئیسیلامییە بەدرێژایی ئەو ماوەیە کە زیاتر لە حەوت مانگە ھەڵبژاردن ئەنجام دراوە  لە چاوەڕوانی وەفدی پارتی دا بوون، بەتایبەت دوای ڕێکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی سیاسەتەکەی بە چەشنێک دیبوو لای بەلای کۆمەڵی ئیسلامیدا نەکردەوەو خەونی ئەم حیزبەی بۆ بەشداری لە کابینەی نۆیەم خستە ژێر گڵەوە وەختێ کۆمەڵ ھەستی بەمە کرد لێدوانێکی بەڕێز ئەمیری کۆمەڵی لێکەوتەوە کە ووتی : (کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم خەریکە مردار دەبێتەوە و بە شایستەی نازانم بەشداری تیادا بکەین)،  لێرەوە پرسیار گەلێک دێتە پێشەوە، بۆچی ھێندە کۆمەڵ نەرم بوو بۆ بەشداری لە کابینەی نۆیەم؟ ئایا کۆمەڵی ئیسلامی تا چ ئەندازەیەک پارتی دیموکراتی ناسیوەو لە شێوازی کاری سیاسی ئەو حزبە و ئەجێندای سیاسیان تێگەیشتوە؟ ئایا لێداوانەکەی ئەمیری کۆمەڵ لەو کات و زەمەنەدا چ ئەرزش و قورساییەکی ھەبوو؟ دواجاریش بۆچی  پارتی دیموکرات کەم و زۆر بەلای کۆمەڵدا نەڕۆیشت و فەرمووی بەشداری پێکردن لە حکومەتی نەکردن؟ وەلامی ئەم پرسیارگەلە لەم چەند خاڵەدا ئاماژە پێدەکەین: 
١.کۆمەڵی ئیسلامی و سەرکردایەتیەکەی خوێندنەوەیەکی ووردیان بۆ بارودۆخەکە بەگشتی و خودی پارتی دیموکرات بەتایبەت نەکردبوو،  وایان دەزانی ھەربە ‌ئەوەندەی کە کەمێک ژمارەی کورسیەکانیان زیادی کردووە پارتی زیاتر لە رابردوو بەرەو پیریان دێت و فەرمووی بەشداری پێکردن لە حکومەتیان دەکات، لەکاتێکدا لەو ڕۆژەی کە پارتی دەستی بەسەردان کرد بۆ لای حیزبەکانی دی بەمەبەستی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، بەجۆرێک لەگەڵ کۆمەڵ ھەڵوێستی دەنواند کە بە ئاشکرا ئەوەی لێدەخوێنرایەوە کە پارتی نایەوێت بە شداری بە کۆمەڵ بکات لەم کابینە نوێیە دا، بەڵام کۆمەڵ ھەر لە چاوەڕوانی بەردەوام دابوو تەنانەت ئەمیرەکەیان لەماوەی ڕابردوو لە لێدوانێکی داو وتی: ئەگەر پارتی مەرحەباییمان بکات بۆ بەشداری لە حکومەت ئەوا ئێمە بە گەرمتر وەڵامی دەدەینەوە.
٢.ھەمیشە کۆمەڵی ئیسلامی یەکێک لە سیفەتەکانی بریتی بووە لەوەی کە شوێن سیاسەتەکانی پارتە کوردیەکان دەکەوێت و وادەزانێت ئەو جۆرە لە سیاسەت بە قازانجی حیزبەکەی دەشکێتەوە بۆیە لە بابەتی بەشداریکردنییان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم شوێن پێی گۆڕانیان ھەڵگرت و ھەروەک وچۆن پێشتریش بە چەشنێک لە چەشنەکان ئەجێندای گۆڕانیان پیادە دەکرد و وایان لێکدایەوە کە بە ئاسانی ھەر وەک گۆڕان دەتوانن بەشداری حکومەت بکەن و پارتی فەرموویان لێدەکات بەڵام وا دەرنەچوو. 
٣.کۆمەڵ وای دەزانی بە ڕێکەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان و دواجار بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بەشداری پێکردنی ئەمانیش مسۆگەر دەبێت بەوەی کە ھەمیشە لەماوەی ڕابردوو لە دوای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتەوە خۆی بە ھاوپەیمانی بەھێزی گۆڕان داناوە، وای دەزانی گۆڕان لای پارتی شەفاعەتی بۆ دەکات و پارتی ڕازی دەکات بۆ ئەوەی ئەمانیش بەشداربن، بەڵام لێرەوە ھاوپەیمانی بوونی ئەم حیزبە لەگەڵ گۆڕان ئاکامێکی ئەرێنی نەبوو بۆ کۆمەڵ و دواجاریش کۆمەڵ بەجێماو ھەموو ئەوماوە زۆرەی ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ گۆڕان سوودی نەبوو بۆی . 
٤.لێدوانەکەی ئەمیری کۆمەڵ کە وتی (کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم خەریکە مردار دەبێتەوە و بە شایستەی نازانم بەشداری تیادا بکەین ) ھێندەی تر ھەڵوێستی کۆمەڵی لاواز کرد چونکە زەمەن و کاتی ئەم لێدوانە بەسەرچوو بوو، لەو پەڕی ناچارییەوە ئەم لێدوانەی دا و وەختێ کە زانی پارتی ھیچ حسابێک بۆ کۆمەڵ ناکات لە ژێر فشارێکی دەروونی تونددا ئەم لێدوانەی دا، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم ھەڵوێستەی کۆمەڵ ڕاستەوخۆ دوای ھەڵبژاردنەکان یاخود دوای ئەوەی کە حیزبی ڕاسپێردراو بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت داوای لێبکردایە گەلێک بە ئەرزش و بە ھێزبوو، وەک دەزانین ئەم حیزبە لە لیدوانەکانی ڕابردوویاندا گازاندەیان لە ھەندێک لایەن دەکرد بەوەی کە زوو بڕیاریانداوە.
٥.ھەرچی پارتی دیموکراتیشە لەماوەی ڕابردوو وەختێ بینی کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتدا ھەم بەشدارەو ھەمیش وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات و ڕەخنەی توند لەو کابینەیە دەگرێت و لاساییەکی کوێرانەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاتەوە، لەکاتێکدا پارتی خۆی بەخاوەنی کابینەکە دەزانی، بەشوێن ھەلێکدا دەگەرا کە تۆڵە لە کۆمەڵ بکاتەوە، بۆیە ئەم ھەل ومەرجە  بۆ پارتی دەرفەتێکی زێڕین بوو لە دوو ڕووەوە یەکەم، توانی کۆمەڵ پەراوێز بخات و ھیچ ئەرزشێکیان بۆ دانەنێت لەڕووی بەشداری پێکردنیان لە کابینەی نۆیەم و بیانکات بە ئۆپۆزسیۆنێکی ناچاری، دووەم، ھاوپەیمانیەتی نێوان گۆڕان و کۆمەڵ تێک بشکێنت و قورسایی سیاسی ھەم کۆمەڵ وھەمیش گۆڕان بخاتە ژێر پرسیارەوە. 
 ٦-ئەوەی جێگەی تێڕامانە  تاھەنوکە و دوای ئەوەی کۆمەڵ پەیامی بەشداری پێنەکردنیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم لەلایەن پارتیەوە پێگەیشتووە، تا ئێستا سەرکردایەتی ئەم حزبە  نەیتوانیوە ڕاشکاوانە بڕیاری بە ئۆپۆزسیون بوونی خۆی بدات ، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە کۆمەڵ تا ئێستاش بەتەواوەتی بێ ئومێد نەبووە لە بەشداری پێکردنیان لەم کابینە نوێیەدا و شەوو رۆژ بەڕێدەکات بەو ئومێدەوە ، یاخود پێیان شەرمە لە دۆخێکی ئاوادا کە بەکەمترین دەستکەوت ئامادەی بەشداری کردنن لەو کابینە نوێیەدا و پارتی قبوڵیان ناکات ئۆپۆزسۆن بوونی خۆیان ڕابگەیەنن.
ئێستا کۆمەڵ بە دۆخێکی لێڵ وشڵەژاوی سیاسیدا ھەنگاو دەنێت ھەم لە بەشداری چالاکانەی حکومەتی نوێ بێ بەشکرا، ھەمیش لە ئۆپۆزسیۆن بوونێکی ئازادانە وئازایانە و ھەمیش لە حیزبە ھاوپەیمانە دێرینەکەی کە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەم حیزبەش وەک سیفەتی ھەمیشەیی خۆی دەبێـت تابع وشوێنکەوتەی حیزبێکی دی بێت، ڕەنگە ئێستا بە شوێن بەدیلێکدا بگەڕێت بۆگۆڕان لە نێو ئەو حیزبانەی کە ئۆپۆزسۆنن، ئەستەمە شوین شێوازی کاری یەکگرتووی ئیسلامی بکەوێت لەدوو ڕووەوە یەکەم، لەبەرئەوەی لە ئێستادا کورسیەکانی کۆمەڵ لە یەکگرتوو زیاترە، ڕەنگە شێوازی کاری سیاسی یەکگرتوو لە ئێستا‌دا بە سەرکەوتوو لەقەڵەم نەدەن، دوووەم، لەماوەی ڕابردوو ئەمینداری یەکگرتوو (سەڵاحەدین بەھادین) پرۆژەی یەکخستنی تەوژمی ئیسلامی و پارتە ‌ئیسلامیەکانی پێشنیارکرد بەڵام کۆمەڵ پەکی خست،  بۆیە باشترین بەدیلێک بۆ کۆمەڵ کە شوێن پییان ھەڵگرن و ببنە شوێنکەوتەیان لە ڕووی سیاسیەوە نەوەی نوێیە ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم حیزبە ڕێژەی کورسیەکانی زیاترە لەکۆمەڵ و لە ئێستا‌دا بە بەھێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنیش لە ساحەکەدا لە قەڵەم دەدرێت و شێوازی کاری ئۆپۆزسیۆن بوونی لە شێوازی کاری ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان کە لەماوەی ڕابردوو ممارەسەی کرد بەھێزترە.