سەردێڕ:

کۆرۆناش تێدەپەڕێت

3/20/2020 11:20:04 AM
9829 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد مەحمود
+ -

لە ماوەی ڕابردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتی چین سەریھەڵدا و لە ئێران تەشەنەی کرد و پاشان بەشێکی زۆری وڵاتانی دونیای گرتەوە بە عێراقیشەوە لە ناو عێراقیش ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوە.
دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەشێوەیەکی کاریگەرانە و تا ئەندازەیەکی باش و دڵسۆزانە ھاتنەسەرخەت و  لە تەواوی بوعد و لایەنەکانەوە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی ئەم  ڤایرۆسە کوشندەیەی ڕاگەیاند و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کە بەرەنگاربوونەوەکە بەردەوامی ھەیە توانیویەتی کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکات و خۆشبەختانە لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێم لە چەند حاڵەتێک تێنەپەڕیووە. 
ئەوەی کە دەمەوێت لەم کورتە ووتارەەمدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە لەم بەدەمەوە ھاتنەوەی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پاراستنی خەڵک لەم ڤایرۆسە، ھەست بە چەشنێک لە دڵسۆزی و خەمخۆری دەسەڵات دەکرێت بە جۆرێک کە وادەزانی لە سەردەمێکی تر دەژین و دەسەڵات و حکومەت گۆڕاوە جۆرێکی ترە، کە ئەمە سەرجەمی جێگەی ستایش کردن و دەستخۆشییە .
 لێرەوە وەک ھاونیشتمانیەک بە دەسڵاتدارانی ھەرێم و تەواوی دەزگا پەیەوەندیدارەکان دەڵێم: وێڕای بەرزڕاگرتنی ئەرک و ماندووبونتان و ستایشکردنی کە لە ڕاستیدا ئەرکی ھەموانە، بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتییە و بەسەردەچێت و لەمەودایەکی زەمەنی کورت بە کەمترین قوربانی کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەوەی کە کۆتایی نەھاتووە و بە درێژایی ٢٨ ساڵ لە تەواوی کەرت و کایەکانی حکومەت ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە تا ھەنووکەش بەردەوامی ھەیە ڤایرۆسی (گەندەڵی) یە .
 ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە نزیکەی (٢٨) ساڵە لە ژێر سایەی حوکمڕانی ئێوەدا تا ئێستاشی لەگەڵ بێت نەگەیشتووە بە ئاوات و ئامانجەکانی، لە ئێستەدا کە بە زەمەنی یادکردنەوەی ڕاپەڕینە مەزنەکەدا گوزەر دەکەین، تا ھەنوکە لایەنی کەمی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین نەھاتوونەتەدی، ساڵانە بە ھەزاران گەنجی خوێن گەرممان لە زانکۆ و پەیمانگاکان تەخەروج دەکەن و بێکار دەمێننەوە و ھیچ ھیوایەکیان بە دامەزراندن و دۆزینەوەی ھەلی کار نییە، ساڵانە سەدان مناڵ و گەنج و لاوو تاک و خێزان تەرم و لاشەکانیان لە دەریای ئیجەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەدۆزرێنەوە، ئیتر بەسە ھەر وەکو چۆن لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپرسانە مامەڵەتان  کرد و دەکەن و شەو ڕۆژ دەخەنە سەریەک بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان، بە ھەمان شێوەش لە بابەتە ھەستیارەکانی تری پەیوەندیدار بە گیان و ژیانی ھاوڵاتیانەوە دڵسۆزی بنوێنن، ئیتر با بەس بێت شکاندنی شکۆی تاکی ئەم میللەتە، بابەس بێت بەھەدەردانی موڵک و ماڵی میللەت، بابەس بێت ئەو شتانەی کە پەیوەندیان بە موچەی موچەخۆرانەوە ھەیە، ھەرلە گێڕانەوەی پاشەکەوتەکەیان و گێڕانەوەی بەرزە موچەو دواکەوتنی موچە لە کاتی خۆی و ساڵانە پێدانی تەنھا (٩)  موچە و ھەتا دڵەڕاوکێان سەبارەت بەوەی ئاخۆ موچە لەکاتی خۆیا دێت یاخودنا، بابەس بێت بن دیوار و کڕینی کەرامەت و کەسایەتی تاک بە موڵک و ماڵی میللەت ، بابەس بێت تاکەی ھاوڵاتی بەدرێژایی زستان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی بەرمیلێک نەوت دا بێت و دواجار پێشی ڕەوا نەبینرێت، تاکەی کارەبامان ھەمیشە وەک ترافیک وابێت، لەکاتە ھەستیار و پێویستیەکانا تەنھا (٥) کاتژمێر بدرێت، دەپرسم لە چ ووڵاتێک ھاونیشتمانی ھێندە گوێڕایەڵ و ئارامگر لەسەر ئەم ھەموو گەندەڵی و بە ھەدەردانە  دەست ئەکەوێت، تاکەی لایەک بەلای میللەتا ناکەنەوەو واقیعی ژیانیان نابینن، دوێنێ زەبرو زەنگی دەسەڵاتی بەعسی فاشست و ئەمڕۆش نادادی و گەندەڵیەکانی ئێوەی ھاوزوبان و ھاونیشتمان و نەتەوەمان ئێوەی کەس و کارانی خۆمان، تاکەی لەگەڵ نەیارەکانی ئەم گەلە ھەمیشە دەم بەخەندەو نەرم نیان و لەگەڵ گەلەکەی خۆتان دڕدۆنگن و لەکاتی داواکردنی سەرەتایی ترین مافەکانیان بە ئاگرو ئاسن وەڵامیان دەدەنەوە،  تاکەی تاکەکانی ئەم میللەتە بەھۆی نادادیەکانی ئێوەوە بەھۆی گەندەڵیەکانی ئێوەوە تف لە زێدی باب و باپیرانی بکات و ئینتیماو سۆزداری بۆ خاک و ئاڵا و نیشتمانە شیرینەکەی نەمێنێت، با ئیدی بەس بێت ھەستن و جارێکی دی ئیعلانی ئاشتەوایی لەگەڵ گەلەستەم دیدەکەی خۆتان بکەن و ھەروەک چۆن لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دڵسۆزیتان نواند، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ھەموو گەندەڵیە لەم نیشتمانە نازدارەدا کە بەدەستی خۆتان دروستتان کردووە دڵسۆزی بنوێنن.