سەردێڕ:

ئەزموونی (ئێن ئاڕ تی چوار) و چەند سەرنجێک

7/22/2019 10:10:50 AM
3908 جار خوێندراوەتەوە
یەحیا عومەر ڕێشاوی
+ -

بەدەر لە ئامانجی پشت دامەزراندنی کەناڵی NRT٤ و ستراتیجیەتی کارکردنی، بەڵام ستایلی کارکردنی ئەم کەناڵە و ناوەرۆکی بەرنامەکانی، ئەو راستیەی سەلماند کە گوتاری ئاینیی ھۆگر و بینەر و جەماوەری خۆی ھەیە و بەشێکی زۆری ھاولاتیانی ھەرێمی کوردستان لە فەزایەکی میدیایی ئاینیدا خۆیان دەبیننەوە، ئەو ھێرش و ناوەرۆکە میدیاییەی کە نامۆیە بە بەھا و کولتوری کوردی و نیگەرانیەکی دروست کردووە، بەشێکی زۆر لە ھاولاتیانی کوردستان گەیاندە ئەو قەناعەتەی کە چارەسەر بە فەزایەکی میدیایی ئاینیە و ئەوان دەیانەوێت خێزان و منداڵەکانیان لەم گوتارە میدیاییە نامۆیە بپارێزن و بە ناوەرۆکێکی ئاینی و ئیسلامیی لایەنی رۆحیان خۆیان  و خانەوادەکانیان لەم دونیا مادیەدا تێر بکەن.
ئەگەر چی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرھەم و ناوەرۆکە ئاینیەکان ئاسان نیە و ھێشتاش ئەو بوارە بە بەراورد بە بواری ھونەر لە دونیادا بە شێوەیەکی گشتی دەوڵەمەند نییە، بەلام ئەوەی ئەم کارەی کەمێک ئاسان کردووە بوونی خەرمانێک لە بەرھەمی ھونەریی ئیسلامیی لە ناوەو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەرھەم ھێنراون و لە فیستپڤال و بۆنە جیاواز و لە رێگەی کەناڵە میدیاییە ئیسلامیەکانەوە پێشکەش دەکران، ئەو بەرھەمانە ئەگەرچی رەنگە ئاستێکی ھونەریی بالایان نەبێت، بەلام بۆ سەردەمی خۆیان بۆشاییەکیان پرکردەوە و ئەزمونێک بوون، جگە لە پەیدابون و دروستبونی دەیان کەسایەتی بانگخواز کە ئەزمونی روبەرووبونەوەی شاشە و پێشکەشکردنی بەرنامەی ئاینییان ھەیە و جەماوەرێکی تایبەتیان دروستکردووە. 
ئەزموونی میدیایی ئاینیی یان راستر ئیسلامیی ماوەیەکە فەزایەکی بەرفراوانی میدیایی داگیرکردووە و لە سایتە ئەلیکترۆنیەکانەوە بۆ فەزای تۆرە کۆمەلایەتیەکان، لە دوانگەی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانەوە بۆ فیستیڤاڵ و بۆنە ئاینیە جەماوەریەکان و چەندین شێوازی تر، بەڵگەن لەسەر تەشەنەسەندن و زیادبونی ئەو پانتاییەی کە ئەم ستایڵە میدیاییە داگیری دەکات و رۆژ بە رۆژ جەماوەرێکی زیاتر بۆ خۆی کەمەندکێش دەکات، لەگەڵ ھەموو ئەمانە ھێشتا سەرنج و تێبینی جۆراوجۆر لەسەر ئەم گوتارە میدیاییە ھەن،‌ کە دەکرێت لەم چەند خاڵەدا ھەندێکیان بخەینە روو:
-ھەندێک لە بانگخواز و مامۆستایان، ئەزموون و ستایڵی نێو مزگەوتەکان وەک خۆی دەگوازنەوە بۆ نێو شاشەی تیڤیەکان، ئەوەش ئەزموونێکی سەرکەوتوو نیە و بینەر زوو بێزار دەکات، ئەم ئەزموونە سەرەتا لە کەناڵەکانی اقرا و ریسالە و ھەندێک کەنالی میسریدا تاقیکرایەوە و پاش ماوەیەک بینەری خۆی لەدەستدا، بە تایبەت لە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گەشەکرنی ستایلی کارکردنی تەلەفزیۆنیدا. 
-ھەندێک لە بانگخوازەکان دەتوانن سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوانەی بانگخواز ئەحمەد شوقەیری وەربگرن کە لە رێگەی بەرنامە سەرنجراکێشەکانی توانی ستایل و شیوازێکی نوێ لە گوتاری میدیایی بھێنیتە نێو فەزای میدیای ئیسلامیی و سەرنجی جیھانی ئیسلامیی رابکێشێت، رەنگە تاقیکردنەوەی ھەمان ئەزموون کارێکی ئاسان نەبێت بەلام دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت و بە شێوازی دیکە تاقی بکرێتەوە.
-بەدەر لە جەدەل و گفتوگۆی سوفەستائیانە، دەکرێت ئەم جۆرە کەنالانە قسە لەسەر ھەندێ بابەتی ئیسلامیی ھەستیار و فیکری جێگەی مشتومر بکەن و کەسانی پسپۆر و شارەزای بۆ بانگھێشت بکەن، دروستکڕدنی ئەم فەزایە بۆ حیوار و گفتوگۆکردن و خستنە رووی را و رای جیاواز میدیاکە لای خەڵک نزیکتر دەکاتەوە و جەماوەرێکی بەرفراوانتری بۆ دروست دەکات.
-ئەم ستایڵە میدیاییە دەتوانێت ستایڵی ئامۆژگاری و گوتاری ئاراستەکراو تێپەرێنێت بۆ چوونە نێو خەڵک و دواندنی کەسانی ئاسایی، کە رەنگە پرسیاریان لەسەر پرسە ئاینیەکان ھەبێت یاخود بیانەوێت تەعبیر لە خۆیان بکەن و راوبۆچونی خۆیان دەرببرن. ئەم تیکەڵبوونە لە خەڵکی ئاسایی و خستنەرووی بابەتە ئاینیەکان ھۆگر و بینەری کەناڵەکە زیاتر دەکات و لە نوخبەویەوە دەبێتە میدیایەکی جەماوەریی.
-ئەگەرچی رەنگە ئاسان نەبێت، بەلام ئەگەر ئەم جۆرە کەنالانە بتوانن تەقە لە دەرگای ھونەری ئیسلامیی خۆماڵیی بدەن، ئەوا بۆشاییەکی گەورە پر دەکەنەوە و ئامانجێکی گەورەتر دەپێکن. ئەزموونی ولاتی ئێران لەم بوارەدا جێگەی سەرنجە و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت.