سەردێڕ:

ئەمریکا لە دیموکراسییەوە بۆ ئاسایش

8/22/2019 1:06:47 PM
3408 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز
+ -

بە دیموکراسیکردنی دونیا یان دیموکراتیزەیشن، یەکێکە لە پرۆسە و چەمکە بڵاوەکانی پاش جەنگی سارد. ئامانجی ئەم پرۆسەیە ئەوەبو کە دیموکراسی بە دونیادا بڵاوبکاتەوە. ئەم پرۆسەیە ڕەخنەی زۆر زۆری لە سەرە، بەڵام ئێمە لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە وەریدەگرین.

ئایا چۆن ئەم پرۆسەیە کاریگەری ھەبو لە سەر کورد لە عێراق؟ یەکەم ھەنگاوی ئەم پرۆسەیە بەوە دەستپێدەکات کە عێراق لە وڵاتێکی ناوەندیەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی لامەرکەزی. ئەمە ڕێگە بە کورد دەدات کە لە سەرەتای نەوەدەکان ھەڵبژاردن بکەن. دووەم ھەنگاو، کاتێک کورد لە بڕی حکومەت دروستکردن شەڕی یەکتر دەکەن، لە ساڵی ١٩٩٨ مادیل ئۆلبرایت لەوەی بە ڕێککەوتنی واشنتۆن ناسراوە، پەیمان بە کورد دەدات کە وەک کوێت بیانپارێزێت. ھەرچەندە دەکرێت دابەشبونی کوردستان بە سەر ناوچەی سەوز و زەرد یان لە قاڵبگرتنی دوو ئیدارەیی یەکێک بێت لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی ڕێککەوتنی واشنتۆن. وەھا ھەست دەکەم بە فشاری تورکیا، کە یەکێک بوە لە بەشداربوانی ڕێککەوتنەکە، ئەو ئارگومێنتە زاڵبوە کە باشترە یەکگرتنەوە نەبێت، چونکە پەرتی دەبێتە ھۆی ھاتنە ئارای میکانیزمی چاودێری یەکتر. گەر کەسێک بە ئاگابێت لە خیتابی سیاسی تورکی بە ئاگایە کە ئامانج چیە.

لە ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا عێراق داگیر دەکات، پرۆسەی ھەرە گەورە و ڕاستەوخۆی دیموکراتیزەیشن دەست پێدەکات کە ھەردوو پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە لە خۆی دەگرێت. ئەوەی لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسیدا بە ستەیت بڵدینگ و نەیشن بڵدینگ ناسراوە. یەکەم ئامانجی ئەمریکیەکان ئەوەبوە کە عێراق ببێتە وڵاتێکی دۆست و بتوانێت پاریزگاری لە خۆی بکات و بەشێک بێت لە سیستەمی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.

لێرەدا قسە زۆرە بیکەین بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پرسی بونیادنانی دەوڵەتی عێراق و ھەروەھا کوردستانە. ئەمریکاییەکان لە میانەی پرۆسەی بونیادناندا ھاوکاری میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوی جیاواز دەبن لەم بوارەدا. لەم سەردەمەدا چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێتە یەکێک لە چەمکە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی. دیارە لە دیدە ھێگڵییەوە کۆمەڵگای مەدەنی میانگیریە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا، کاتێک نە خەڵک ھەیە نە حکومەت، ئەوا ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی تەنھا نێگەتیف دەبێت. چونکە میانگری لە نێوان دوو جەمسەری لاواز یان نەبودا دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە میانگری لە نێوان دوو لاواز یان ھیچدا، بە دیدێکی ڕەخنەییانە، لە ئەنجامدا لاوازی ھەموی لێدەکەوێتەوە. دیارە ئەگەر بە دیدێکی سینیک قسە بکەین نە خەڵک و نە کۆمەڵگای مەدەنی و نە حکومەت ھاوردە ناکرێت وەک شمەک. بە ھەمانشێوە ڕێکخراوە بیانیەکان ھاوکاری میدیا دەکەن و لە ئەنجامدا کەشێکی باشی میدیای ئازاد دێتە ئاراوە لە کوردستان.

لە چەند ساڵی ڕابوردودا ئەمریکا زۆر بێتاقەت و بێزارە لە چەمکی بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە. ئەم بێزارییە لە ئەنجامی بێئەنجامی ھەوڵەکاندا بوە لەم بارەوە. ھەروەھا خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بەبێ ھیچ سودێک.

یەکێک لە دوفاقیە سەیرەکانی ئەم بوارە ئەوەیە کە لە سەردەمی ئۆبامادا ئەم وەرچەرخانە ڕوئەدات. ئۆباما کە خۆی پاشخانی چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بوو، پێش ئەوەی سیاسی بێت، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاراستەیەک دەبات کە دەڵێت گەر مەترسی ڕاستەوخۆ نەبێت لە سەر ئەمریکا ئەوا ئەمریکا پێویست ناکات بە ڕاستەوخۆیی دەستوەردان بکات.

ھەوڵ و جەنگەکانیش لە پێناو گۆڕینی ڕژێم و بونیادنانی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوە ھەمو بە کارێکی گەمژانە لە قەڵەم ئەدات.

لە سەردەمی ئۆبامادا چەند چەمکێک دێتە ئاراوە، وەک سەرکردایەتی لە پاشەوە، بە پارتنەرکردنی ھێزە لۆکاڵەکان، درۆن یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھەروەھا قاچ نەخستە سەر زەوی. ھەمو ئەم چەمک و پرۆسانە ئاماژەن کە ئەمریکا ئامانجی ئیدارەدانە نەک گۆڕانکاری و بونیادنان. لێرەوەیە چیدی دیموکراسی یان بە دیموکراسی کردن ھەوڵدان بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت بایەخ لە دەست دەدەن لە سیاسەتی ئەمریکیدا و ھەمو ھەوڵ لە سەر ئەوە دەبێت کە چۆن ئاسایش، بە مانا فراوانەکەی، فەراھەم بێت. جەختکردنەوەی ئەمریکا لە سەر ئاسایش، بە مانای کارکردن لە سەر ریفۆرمی بوارەکانی ئاسایش، کە ھەمو چەکدارێک دەگرێتەوە، بە ھەمو جیاوازییەکانیەوە لە ھەناو سیستەمی حوکمڕانیدا، بە مانای ئەوە دێت کە ئامانجەکان سنوردارن و زۆرجار دابڕاون لە کۆمەڵگان.

لەم ڕوەوە ئەوروپیەکانیش بە ھەمانشێوە لە گۆڕانی ئەجیندایاندان. بەڵام جیاوازی ھەیە لە نێوان ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکان لە سەر چۆنێتی و چیەتی ئاسایش. بۆ ئەمریکاییەکان ھاوپەیمانێتی و کاریگەری لە سەروی ھەمو شتێکەوەیە. بەڵام ئەوروپاییەکان باس لە ریفۆرمی کەرتی ئاسایش دەکەن، ھەروەھا حوکمداری کەرتی ئاسایش لە گەڵ ئاسایشی مرۆیی. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریکیدا کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لە سەر کورد لە عێراق. لە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی نەمانی میدیای ئازاد، نەمانی کاریگەری کۆمەڵگای مەدەنی، باس نەکردنی دیموکراسی و ماف و ئەم چەمکانە. جەختکردنەوە لە سەر ڕیفۆرمی پێشمەرگە، پاشان کەرتەکانی تری ئاسایش. 

ھەوڵی من لەم بوارەدا ھەمیشە لە ڕوانگەیەوە ھاتوە کە سوپا دەزگایەکی ئاڵۆزە دەرئەنجامی ھەمو پێکھاتە و خەسڵەتەکانی ناو کۆمەڵگایە. کۆمەڵگایەکی لاواز ھەرگیز ناتوانێت خاوەن سوپایەکی کاریگەر بێت، بۆیە ڕەنگە لە مێژودا سەرۆگەیت کاریگەری ھەبوبێت بەڵام ئەمڕۆ سەردەمی بەسەر چوە. سەرۆگەیت بە مانای سودبینین لە ھێزی خەڵکانێک بۆ بەرژەوەندی خەڵکانێکی تر.

توانیمان ئەو ئارگومێنتە ببەینەوە کە پرۆسەی ریفۆرمی کەرتی ئاسایش پێش ھەمو شتێک سیاسیە، نەک ئیداری و دەزگایی. بە داخەوە زۆربەی زۆری کۆمەڵگای کوردی و ھێزەکانی لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەن لە ئاستی مەعریفی و کرداریدا.