سەردێڕ:

وەڵامێک بۆ بەرنامەى (رووداو و مێژوو)ى کەناڵى ئێن ئاڕ تى

3/19/2020 11:43:50 PM
18272 جار خوێندراوەتەوە
د. گیان کامل بەسیر
+ -

"بۆ ئەوەی مێژوو وەک خۆی بوترێت و بنوسرێت"

سەرەتا یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کاری میدیا بە تایبەت میدیا کوردییەکان، کە دەبێت کاری جدی بۆ بکەن، گێڕانەوەی مێژووی گەلی کورد و مرۆڤە بەناوبانگەکانیەتی بە شێوەیەکی ڕاست و دۆکۆمێنت و بەپێی گەیاندنی زانیارییەکان بە ئەمانەتەوە، نەک بە قسە و میزاجی یەکێک یاخود بە بیستن و بۆچوون.

ئەرکی سەرشان و بەرپرسیارێتی میدیاکاران ئەوەیە، کە بە وردی بە دوای ڕووداو و مێژووی شێواوی گەلەکەماندا بچن، دوژمنانی کورد و کوردستان، ھەمیشە ھەوڵیانداوە و بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوە و بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان و شێواندنی ڕاستیە مێژووییەکان، لە پێناو پیشاندانی ڕووی ناشرینی مێژوو و کەسایەتیەکانمان بە شێوەیەک نەوەی داھاتوومان شەرم بکەن لە ڕووداوەکان و شانازییەکانمان لە بنبەرن.

کاری میدیاکار سوربوونە لە گەیشتن بە ڕاستیەکان و بڵاوکردنەوەیان، بۆ ڕێگرتن لە ھەڵەکردن لە مێژووی گەلەکەمان، بڵاوکردنەوەی زانیاری مێژووی نادروست و ھەڵبەستراو نەک خزمەت بە میلەتەکەمان ناکات، بەڵکو زیانی گەورە بەمێژوی گەلەکەمان دەگەیەنێت.

"بۆ ئەوەی مێژوو وەک خۆی بوترێت و بنوسرێت"

لە تەلەفزیۆنی(nrt) و لەبەرنامەی (رووداو و مێژوو)، باس لە دروستکردنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مامۆستا (محەمەد باقی سەعید)، لەو بەرنامەیەدا چەند جارێک ناوی خوالێخۆشبو د. کامل بەسیری ھێنا، بەڵام مامۆستای میوان، ھۆی گرتن و بەندکردنی خوالێخۆشبووی لە ساڵانی شەستەکان گەڕاندەوە بۆ ھۆکاری بە ئەندامبونی لە حیزبی کۆمۆنیست، بەڵام برای پێشکەشکار بەڕێز (فەیسەڵ ئەحمەد) لێی نەپرسی، ئەگەر د. کامل بەسیر ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بووبێت، چۆن و بۆچی (مەکتەبی سیاسی پارتی) پێشنیازدەکات، کە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دابمەزرێنێت و مەکتەبی سیاسی ئەو کات چۆن ڕازی دەبوو ئەندامی حیزبێکی تر پێشنیازی بۆبکات و شوێنی کۆبوونەوەش لە ماڵی د. بەسیر بێت؟

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان بۆ خەباتگێڕی حیزبی شیوعی، بەڵام ئەم بەرنامەیە وەک دۆکۆمێنت دەچێتە مێژووەوە و پێویستە ڕاستبکرێتەوە، لە بێئاگایی پێشکەشکار و بەلاڕێدابردنی میوان بۆ ڕاستی بابەتەکە، خەبات و دڵسۆزی مامۆستای خوالێخۆشبوو بۆ گەلەکەی و دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان، بە نادروستی لە بەرنامەیەکی مێژوویی بە نادروستی، بۆ مێژوو و لە بەرنامەیەکی مێژوویدا بگێڕدرێتەوە.

د. کامل بەسیر لە پێناو کوردایەتی و نەتەوەکەیدا بەردەوام خەباتی کردووە، لەو پێناوەشدا دووجار لە زیندانەکانی ڕژێمی عێراق گیراوە و ئەشکەنجە دراوە، دروست لە ساڵی ١٩٦٣دا کە لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی (پ د ک) بە نامەی ڕاستەوخۆی سەرۆک (مستەفا بارزانی)، کە بۆ (مام جەلال)ی ناردووە، بۆ ئەوەی ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ئازادکردنی، بەڵگەی حاشاھەڵنەگر و سەلمێندراومان ھەیە، کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێن و وەک دۆکۆمێنێت لامانە و پارێزراوە.

جارێکی تریش لە ساڵی ١٩٧٣دا کاتێک لە دائیرەی ئەمنی بە غدا گیراوە، لە کاتێکدا ڕاگری کۆلێژی ئاداب بووە لە زانکۆی سلێمانی، بۆیە ئێمە وەک بنەماڵە نامانەوێت مێژووی پڕشکۆی د. کامل بەسیر بشێوێندرێت، لەگەڵ ڕێزی زۆرمان بۆ خەباتی حیزبی شیوعی عێراق، بەڵام بەھیچ شێوەیەک د. کامل بەسیر نە ئەندامێتی و نەخەباتی لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراق نەکردووە.

بۆ ئەوەی مێژووش وەک خۆی بوترێت و بنووسرێت، لە کاتێکدا و ھەر لە بەرنامەی (بۆ مێژوو) کە چەند کەسایەتیەکی بەڕێز باسی مێژووی خۆیان کردووە، لە بەردەوامی پرسیار و وەڵامدانەوەدا پێویستی کردووە بەوەی ناوی د.کامل بەسیر بھێندرێت، بەداخەوە بە لێڵی و وەک پێویست باس نەکراوە.

بۆیە داوا لە بەڕێوەبەرانی کەناڵی (nrt) و سەرپەرشتیارانی بەرنامەی (بۆ مێژوو) دەکەین، کە ئەو ھەڵەیە ڕاستبکەنەوە، درک بە زەحمەتی دووبارەی بەرنامەکە دەکەین، بەڵام لە ڕێی سۆشیال میدیا و سایتی کەناڵەکەتانەوە، ئەم نوسراوە بڵاوبکەنەوە و ئەو ھەڵەمێژووییەی خەبات و دڵسۆزی مامۆستایەک دەخاتە ژێر پرسیارەوە ڕاستبکرێتەوە، بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵی و ڕەواندنەوەی ئازارێکی قوڵ و بۆ کەناڵەکەتان، پیشەیی دەسەلمێنێت.