سەردێڕ:

خوێندنی باڵا و چەند سەرنجێک

1/22/2020 3:06:06 PM
7822 جار خوێندراوەتەوە
سەعدى مستەفا
+ -

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمساڵ بەفەرمی بڕیاری داوە کە خوێندنی( دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا)  لەسەرجەم زانکۆکان بکاتەوە، بۆئەم مەبەستەش ٥٠٠٠ پێنج ھەزار کورسی بڕیاری لێدراوە و بۆ ھەر سێ بەشەکەی خوێندنی باڵا.

تا ئێرە جێگای دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینیە لای کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتە ئەو چەند تێبینیەی خوارەوەیە.

پێویستە دابەشکاری کورسیەکان بۆ کۆلیژەکان و بەشەکان بەگوێرەی پێداویستی کۆمەڵگا بێت، واتە ئایا کۆمەڵگای ئێمە و زانکۆکان چیان پێویستە؟ کە پێناچێت ئەو دابەشکارییە بەپلان کرابێت.

لەکاتی پێشکەشکردن برە پارەیەک وەردەگیرێت بە ناوی رسوماتی پێشکەشکردن، کە بڕەکەی (١٥٠,٠٠٠) سەدو پەنجا ھەزار دینارە، ئەو بڕە پارەیە رێژەکەی زۆر زۆرە لەلایەک، لە لەلایەکی تریشەوە ئەوانەی کە دواتر لە پێشبڕکێیەکە ناویان دەرناچێت ئەوا پارەکەیان  بۆ ناگێردرێتەوە، کە ئەگەر بە زمانێکی بیرکاری حسابێکی بۆ بکەین بڕی پارەی وەرگیراو بەم شێوەیەی دەبێت کە ٥٠٠٠ پێنج ھەزار کورسی بڕیاری لێدراوە ئەگەر بەلایەنی کەمەوە ١٠٠٠٠ دەھەزار کەس داخوازینامە پێشکەش بکەن بۆ ئەم مەبەستە، ئەوا کۆی پارەی وەرگیراو بەو شێوەیە دەبێت (١٠٠٠٠*١٥٠٠٠٠=١٥٠٠٠٠٠٠٠٠) کە دەکاتە ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار.

ئەگەر بەراوردێک بکەین بە زانکۆکانی وڵاتانی تر کە نزیکن لە ئێمەوە و تورکیا  و ئێران بە نمونە وەربگرین، کە بە گوێرەی بەدواداچوونمان دەبینین ئەوان تەنھا لەکاتی وەرگیرانی تەواوی فێرخوازەکە رسوماتی لێ وەردەگرن ،رێژەکەشی زۆر کەمترە لە ھی ئێمە. 

بەشێک لە کورسیەکان تەرخانکراوە بە سیستەمی پارالێل ، واخەریکە کاتی پێشکەش کردن تەواو دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا خوازیارانی ئەو بوارە نازانن نرخی بەشە پارالێڵەکەی ئەو خوێندنانە چەندە، کە ئەمەش خوازیارانی توشی دڵەڕاوکێ کردوە.

لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارە ٥،٦،٧ ی ساڵی ٢٠١٩ بۆ ھەر ٣ جۆری خوێندنەکە و کورسیەکان کە دابەشکراون بۆ بێ پارە و پارالێل، بەڵام لە ئێستادا ھەموو کورسیەکانی دبلۆمی باڵا  بووەتە پارالێل، کە ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەکانی خۆیانە، بۆیە لە کۆتاییدا پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوە بەو رێنماییانە دا بکاتەوە، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی فێرخوازان و ئارەزوومەندانی ئەو بوارە بێت.

لێرەوەش داوا لە لیژنەی پەروەردە  و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن، چونکە ئەوان نوێنەری ھاوڵاتیانن لە پەرلەمان لەلایەک، لەلایەکی تریش کارێکی سەرەکیان بەدواداچوونە بۆ کاری وەزارەتەکان و فەرمانگە میریەکان.