سەردێڕ:

ترامپ لە بۆسەی دیموکراتەکاندا

2/11/2020 7:25:02 PM
13614 جار خوێندراوەتەوە
هێرش عەبدولڕەحمان
+ -

ئەوەی کۆماریەکان کردیان دیمەنێکی سیاسی ناشیرینبوو، وەک جارانی پێشوو ھەڵەکەیان بۆ ترامپ پەردەپۆشکرد و بەدیموکراتەکانیان ووت" کە ئەوان گرفتیان نیە لەگەڵ ھەڵسوکەوتە خراپەکانی ترامپ"، لە کاتێکدا ئەو سێ ساڵەی ڕابردوو تەواوی کار و ھەنگاوەکانی ترامپ لەھەڵسوکەوتی پادشایەک دەچێت کە پاریزراوە لە ھەموو ھەڵەو سزایەک.

کۆمارییەکان دوای ڕەتکردنەوەی ئامادەبونی شاھیدەکان لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا کۆتاییان بە دادگاییەکەی ترامپ ھێنا، لەکاتێکدا تەنھا مات ڕامنی ئەندامی کۆماریەکان کە دەنگیدا لەبەرژەوندی دیموکراتەکان، دەیانزانی ترامپ ئەو کارەی کردوە و بە ئامادەبون و ھێنانی جان بۆڵتن و سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی بۆ بەردەم ئەنجومەنەکە و بەرگریکردن لە ترامپ سەختتر دەبوو، ئەوکات لە نێوان دەستور و ترامپ بە ناچاری دەستوریان ھەڵدەبژارد و ترامپ دوور دەخرایەوە.

ئەو کاتەی دادگاییەکە دەگوازرایەوە چەند جارێک کۆماریەکان ھەوڵیاندا لە دەرەوەی ھۆڵەکە دیموکراتەکان ڕازیبکەن کە کۆمەڵێک یاسای ڕاگیراو لە بەرژەوەندیان دەردەچێنن، ئەگەر داوای شاھیدەکان نەکەن و کۆتایی بەو کەیسە بێنن، دوای بێ ئومێدبوون کۆماریەکان بێ گوێدانە بەڵگە و شاھیدەکانی پێشوو کارتی زۆرینەیان بەکارھێنا و یاساشکێنیەکانیان پینەکرد.

دیموکراتەکانیش لەسەرەتاوە دەیانزانی کۆماریەکان لە سینات کارتی زۆرینە بەکاردێنن و ترامپ دەپارێزن، بەڵام ئەوان توانیان لەو ماوەیەدا زۆرباش ڕای گشتی پڕبکەن لە کۆماریەکان و ئامادەیانبکەن تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، بە بێ ئاگایی دەنگ نەدەنەوە بە ترامپ و کۆماریەکان.

بەشێکی تری پێداگری دیموکراتەکانیش بۆ ئەوەبوو کە لەھەڵبژاردنی مانگی یانزەی ئەمساڵ ٢٣ سیناتۆری کۆماریەکان وادەی تێرمەکەیان کۆتایی دێت و، بەرنامەیان ھەیە خۆیان ھەڵبژێرنەوە، دیموکراتەکانیش خۆیان ئامادەکردوە لەو ٢٣ پۆستە ٥ کورسی ئەنجومەنی پیران لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بێتەوە، تا ھەردوو دامەزراوەی کۆنگرێس و پیران مسۆگەر بکەن، ببنە زۆرینە ئەوکات ئەگەر ترامپیش دەربچێتەوە ناچارە تەسلیمی ئەو دوو دامەزراوەیە ببێت، ئەم سێ چوار ساڵەی ڕابردوو لەچەندین بۆسەی دیموکراتەکان دەرچوو، تیرمی دووەمی ئەگەر دەربچیتەوە ئەیخەنە گۆشەیەکەوە بێ ئەوان نەتوانێت بریار بدات.!