سەردێڕ:

بۆچی خەڵک لەسەر ھەدەپە نایەتە دەنگ؟

8/29/2019 10:23:52 PM
3932 جار خوێندراوەتەوە
موراد ئەكینجی
+ -

حکومەتی تورکیا ١٩ی ئەم مانگە دەستی بەسەر شارەوانییەکانی، دیاربەکر، مێردین و وان ی ھەدەپە دا گرت، ھەدەپە لەو سێ گەورە شارە، ٩٥٩ ھەزار و ٩٢ دەنگی بەدەستھێنابوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرج و پرسیاری جددییە، بۆچی لە خۆپیشاندانەکانی ھەدەپەدا ٢٠ کەسیش ئامادە نابن و لەسەر حزبەکەیان نایەنە دەنگ؟

لە راستیدا پرسیارەکە نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆیە، بەڵکو چوار ساڵە ھەدەپە ناتوانێت خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەی ئەنجامبدات، یاخود خەڵک گوێ ناداتە داخوازی ھەدەپە بۆ خۆپیشاندان.

لە ١١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٦، حکومەتی تورکیا بۆ جاری یەکەم قەیوومی لەسەر ٢٨ شارەوانی ھەدەپە دانا و دواتر ژمارەکە بووە ٩٤، دواتر شارەدارەکان زیندانیکران و تا ئێستاش بەشێکیان لە زینداندا ماون، بەڵام ئەوکاتیش وەک ئێستا ھیچ خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام نەدرا و خەڵک لەسەر شارەوانییەکانی ھەدەپە نەھاتە دەنگ. ئەو بێدەنگییە بەھەمان شێوە بەرامبەر دەستگیرکردنی ھاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی ھەدەپەش ھەر بەردەوام بوو، بە ھەمان شێوە لە ئۆپەراسیۆنی عەفرینیش.

ھاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی ھەدەپە تا ئێستاش لە زینداندان و دوای عەفرین، تورکیا ئەمجارە دەیەوێت بەرەو رۆژھەڵاتی فوراتیش ھەنگاو بنێت، کە لەو باوەڕەدام، نەک ئۆپەراسیۆنێک، تورکیا ١٠٠ ئۆپەراسیۆنی سەربازیش دژی رۆژھەڵاتی فورات ئەنجامبدات، دەست بەسەر ھەموو شارەوانییەکانی ھەدەپەدا بگرێت و ھەموو پەرلەمانتارانی ئێستای ھەدەپەش زیندانی بکرێن، ھیچ کەس دەنگی لێوە نایەت. بەڵام وەک دەزانین، لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، لە باکوری کوردستان گۆڕەپان و کۆڵان نەبوو خەڵکی لێ نەبێت و دەنگ دژی ئەو ھێرشە بەرزنەکاتەوە و تەواوی باکوری کوردستان بووە گۆڕەپانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین.
بەڵام ئاخۆ بێدەنگییەکەی ئێستا چییە؟

پێویستە ھۆکاری ئەو بێدەنگییە، بۆ سەردەمی شەڕی خەندەقەکانی پەکەکە بگەڕێنینەوە، پەکەکە لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦، لە شارو شارۆچکەکانی وەک شرناخ، جزیر، سلۆپی، نوسەیبین، ناوچەی سوور، فارقین، دێرک، جۆلەمێرگ، گەڤەڕ و وارتۆ خەندەقی ھەڵکەند و شەڕێکی ھەڵە و ناڕەوای دەستپێکرد، شەڕەکە بۆ حکومەتی تورکیا بووە بیانوو بۆ ئەوەی شار و شارۆچکەکانی کورد وێران بکات. لە ئەنجامی شەڕەکەشدا ئەوەی زیانێکی گەورە و بەردەوامی کرد، کورد بوو، پەکەکە سەدان گەنجی بوێر و چالاکی لەو شەڕەدا بەکارھێنا و بە کوشتنیدان، ھەزاران خانوو و موڵکی خەڵک وێرانکران، نزیکەی ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.

شتێکی گرنگ کە پێویستە لەبیر نەکرێت ئەوەیە، سەلاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپەش پشتیوانی لە شەڕی خەندەقەکان دەکرد، بەڵام خەڵک پشتگیریی نەدەکرد و زۆریش ناڕازی بوو. سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ھەدەپە کە دژ بە بڕینی دارێک قیامەتی لە مەیدانی تەقسیمی ئیستانبوڵ دروستدەکرد، لە شەڕی خەندەقەکاندا دژی مردنی کورد بێدەنگیی ھەڵبژاردبوو، سەرۆک بارزانی، ئەوکات لەگەڵ بەرپرسانی ھەدەپە باسی لە سیاسەتە ھەڵەکانی ھەدەپە و کۆتایی ھێنان بە شەڕی خەندەقەکان کردبوو، بەڵام ھەدەپە گوێی بۆ نەگرت و شەڕی خۆی کرد، ئەو کاتەی لە بۆردومانەکاندا مرۆڤ دەکوژران و تەرمی ئافرەتان حەوت رۆژ لە کۆڵانەکان دەمایەوە، تەرمی منداڵان بۆ ئەوەی بۆن نەکات، لەنێو ساردکەرەوەکاندا ھەڵدەگیرا (لە کاتی شەڕی خەندەقەکاندا ھاتوچۆ قەدەغەکرابوو)، ئەو کاتەی ماڵ و موڵکی خەڵک ھەڵدەوەشێندرایەوە، لە ھیچ شارو شارۆچکەیەکی دیکەی باکوری کوردستان دەنگی ناڕازیبوون بەرزنەبووەوە، بۆیە ھەر کەس سوپاسگوزاری خودا بوو کە لە شارەکانیان خەندەق ھەڵنەکەندراون.

بە کورتی و کرمانجی، ئەو شەڕەی روویدا، بیروباوەڕی خەڵکی تێکشکاند، رۆحی بەرخودان و راپەڕینی ھەزار ساڵەی کوردی کوشت، لەگەڵ بێھیواکردنی ئەو گەنجە بوێرانەی کە ئەمڕۆ بتوانن خۆپیشاندانێکی سڤیل و دیموکراتخوازانە ئەنجام بدەن. پەکەکە و ھەدەپە بە شەڕ و سیاسەتی ھەڵەیان، متمانەی خەڵکی خۆیان لەدەستدا، ئەو خەڵکەی کە پێشتر پێش ھەموو شتێک دەچووە بەردەم گازی فرمێسکڕێژ و پێشی بە ھێرشەکانی پۆلیس دەگرت، ئەمڕۆ شارەدار و پەرلەمانتارەکانیان لەبەردەم ئەو گازە ھەژار و بێ خاوەن جێدەھێڵێت. ئەو خەڵکە ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر دەتوانێت لە ھەڵبژاردنێکەوە تا ھەڵبژاردنێکی دیکە، دەنگ بداتە ھەدەپە. سودی ھەدەپە ئەوەیە کە لە دەرەوەی ئەو حزبە، لە باکوری کوردستان پارتێکی دیکەی کوردی کە بتوانێت بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکات و دەنگی جددی وەربگرێت، نییە. ئەگەر ھەدەپە بەدیلێکی دیکەی ھەبووایە، ئەو دەنگانەش نەدەمان. ئەو کاتەی ھەدەپە پشتگیری جەماوەریی خۆی لەدەستدا، حکومەتی تورکیا لە دژی بوێرتر بووە و توانیشی تا عەفرین بچێت. تا وایلێاتووە، ئەمڕۆ میدیای تورکیا باس لە داخستنی ھەدەپە دەکات. دوای ئەو ھەموو رووداوە، داخستنی ھەدەپەش کارێکی مەحاڵ و سەخت نییە بۆ حکومەتی تورکیا.

رەنگە ھەندێک کەس بڵێت "پرسەکە تەنیا شەڕی خەندەقەکان نییە، جگە لە شەڕی خەندەقەکان، تورکیا رووبەڕووی ھەوڵی کودەتا بووە و دوو ساڵ لە دۆخی با ئاساییدا بوو تورکیا بەڕێوەبردراوە، ھەزاران کەس زیندانیکران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا کۆمەڵگە ترساوە"، بەڵام پێویستە لەبیر نەکرێت، ساڵانی نەوەدەکان لە رۆژانی ئەمڕۆ سەختتر بوون، ئەو کاتیش لە کۆڵانەکاندا خەڵکی دەکوژران و دەڕفێندران و بکوژانیشیان نە دەدۆزرانەوە و ئاشکرا نەدەکران، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەو بکوژانە دیارنین. ئەنجامی ساڵانی نەوەدەکان، دایکانی شەممەی گۆڕەپانی گەلاتاسەرای ئیستانبوڵن کە تا ئێستاش لە تەرمی منداڵ و کەسوکاریان دەگەڕێن و بەدوای بکوژەکانیاندا وێڵن. ئەو کەسانەی لە ساڵانەی نەوەدەکان نەترسابن، ئێستا ھەرگیز ناترسن، بەڵام خەڵک دەتوانێت کارتی سوور بۆ سیاسەت و شەڕی ھەڵە بەکاربھێنێت. بێدەنگییەکەی ئەمڕۆش ئەو کارتە سوورەیە کە خەڵک دەیداتە ھەدەپە و پەکەکە.