سەردێڕ:

ئاشنابوون بە (شێوازی ھەڵبژاردن) بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان

8/30/2019 3:13:43 PM
2767 جار خوێندراوەتەوە
شاسوار کەمال مەحمود
+ -

ئەم باسەی بەردەستتان توێژینەوەیەکی تیۆری و ناساندنێکی زانستییە دەربارەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بە شێوازی ھەڵبژاردن (Multiple Choice) کە لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەکان بەگشتی و تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی ١٢ پەیڕەوی بکات.
ئامانج لە نووسینی ئەم توێژینەوەیە بریتیە لە ئاشناکردنی مامۆستایان و پەروەردەکارانی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ئەم شێوازە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، چونکە وەک لای ھەمووان ئاشکرایە، ئەنجامدانی ھەر شێوازێکی تاقیکردنەوە پێوەر و یاسای خۆی ھەیە، ئەگەر پەیڕەو نەکرێن ئەوا ئامانجەکان ناپێکن کە لە پێناویدا دانراون. ھەربۆیە توێژینەوە لەو بابەتە لە ئێستادا گرنگی بەرچاوی خۆی ھەیە.
تاقیکردنەوەی (شێوازی ھەڵبژاردن) چیە؟
ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بە رێگای ھەڵبژاردن یەکێکە لە شێوازەکانی ھەڵسەنگاندن کە بەھۆیەوە فێرخوازی تاقیکراوە (داواکاریەک، قەد = Stem)ی دەخرێتە بەردەم لەگەڵ ( چەند بژاردەیەک = Options)، کە لە ٣-٥ بژاردە پێکدێت  و تەنھا (یەکێک) لەو بژاردانە دەبێت راست بێت و ئەوانی دیکە دەبێت ھەڵەبن.
ئەم شێوازە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بەشێوازێکی بەربڵاو دادەنرێت لە بوارەکانی: پەروەردە، لێکۆڵینەوەی بازارگەڕی، ھەڵبژاردنی سیاسی....ھتد. مێژووی ئەم شێوازە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٤_ یەک سەدە لەمەوپێش_ کاتێک لەلایەن پڕۆفیسۆر  ( Frederick J. Kelly) لە زانکۆی (کینساس) ی ئەمریکی بۆ یەکەمجار بەکارھێنرا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە کارگەکان و بوارەکانی دیکەی ئەوکاتی ئەمریکا ھەبوو بۆ دەستەبەرکردنی کرێکار و سەرچاوەی مرۆیی. ھەربۆیە ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە پەیڕەوکرا بەمەبەستی خێرا ھەڵسەنگاندنی کرێکاران و کەسەکان بۆ کارگە و بوارە جیاوازەکان. دواتریش ئەم شێوازە لەلایەن دەروونناسان و زمانناسان و پەروەردەکاران و پسپۆڕانی دیکەوە پەرەی پێدراوە.
لە ئێستادا ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا زۆر بەربڵاوە و ھەروەھا لەسەر ئاستی جیھانیش رۆڵێکی زیندووی ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی پێویستیان بە ھەڵبژاردن ھەیە.
پێکھاتەی تاقیکردنەوەی (شێوازی ھەڵبژاردن) وەک لەسەرەتادا باسمان کرد ئەم تاقیکردنەوەیە پێک دێت لە دووبەشی سەرەکی:١- (Stem = ستێم)  واتە قەد_ بریتیە لەبەشی دەستپێکردنی داواکاری کە لەوانەیە ئەو دەستپێکردنە بە شێوەی (پرسیارکردن) بێت یاخود بە شێوەی (نووسینێکی ناتەواو)بێت. لەم بەشەدا (گرفتێک) دەخرێتە بەردەم قوتابی کە دەبێت لە بژاردەکاندا وڵامی راست بەدەست بھێنێت.
ئەگەر ستێم بە شێوەی پرسیارکردن بوو ئەوا قوتابی دەبێت وڵامەکەی لە بژاردەکاندا ھەڵبژێرێت، وە ئەگەر شێوەی ستێم (نووسینی ناتەواو) بوو ئەوا قوتابی دەبێت بەشە تەواوکاریەکەی لە بژاردەکاندا ھەڵبژێرێت بۆ تەواو کردنی نووسینە ناتەواوەکە.
٢- (Options = بژاردەکان) _ بریتین لەو وڵامانەی دەخرێنە بەردەم قوتابی بەمەبەستی ھەڵبژاردنی وڵامی راست. لەناو ئەو بژاردانەدا دەبێت (یەک وڵامی راست) ھەبێت و وڵامەکانی دیکە ھەڵەبن و لەسەر قوتابی پێویستە وڵامە راستەکە ھەڵبژێرێت.
لەناو بژاردەکاندا وڵامی راست پێی دەترێت Key واتە کلیل، ھەروەھا وڵامە ھەڵەکانیش پێیان دەوترێت distracters واتە سەر لێ تێکدەرەکان.
نمونە بەشێوەی پرسیارکردن
١. Who is the author of Treasure Island? 
(a) Jules Verne 
(b) Oscar Wilde
(c) Walt Whitman
(d) Robert Louis Stevenson
نمونە بەشێوەی نووسینی ناتەواو
١- Erbil ancient Citadel stands at the ---------- of this fast growing city.
A- centre      B- north     C- south     D- west
بنەماکانی دانانی پرسیار لەسەر (شێوازی ھەڵبژاردن)
دانانی ئەم شێوازی تاقیکردنەوەیە کات و ھەوڵ و کارامەیی زۆری دەوێت، ھەربۆیە دەبێت لە دانانی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیەدا ئەم بنەمایانەی خوارەوە پەیڕەو بکرێن:
١-پێویستە (یەک وڵامی راست) لە ناو بژاردەکاندا ھەبێت بۆ ھەڵبژاردن.
٢-ھەروەھا دەبێت (وڵامە ھەڵەکان) لەناو بژاردەکاندا بوونیان ھەبێت.
٣-نابێت وڵامی ھەڵەی نەگونجاو و نابەجێ لە ناو بژاردەکاندا ھەبن.
٤-ھەموو بڕگەکان دەبێت بەقەد یەکتری بژاردەیان ھەبێت.
٥-دەبێت ستێم و وڵامی راست لە رووی زمانەوانی و رێنووسەوە دروستبن دوای ئەوەی لێک دەدرێن.
٦-پێویستە خاڵبەندی پێویست لە نێوان ستێم و وڵامی راستدا پەیڕەو بکرێت.
٧-دەبێت ھەر بڕگەیەک تەنھا داوای (یەک) گرفت بکات بەمەبەستی وڵامدانەوەی لە لایەن قوتابیانەوە. نابێت زیاتر لە گرفتێک یاخود داواکارییەک لە ھیچ بڕگەیەکدا  بوونی ھەبێت.
٨-دەبێت رێنماییەکان زۆر روون و ئاشکرابن، بەو مانایەی دەبێت فێرخواز بزانێت چ شتێکی لێ داوا کراوە.
٩- لە بەشی پرسیاردا پێویستە وشە و دەستەواژەی پێویست بەکار بھێنرێت بەمەبەستی ئاسانکردنی تێگەیشتنی قوتابیان.
١٠-پێویستە پرسیارەکان ھانی بیرکردنەوەی قوتابیان بدەن.
١١-ھاوکات دەبێت پرسیارەکان لەگەڵ ئاستی قوتابیاندا بگونجێن.
١٢- درێژ و کورتی بژاردەکان پێویستە وەک یەک یاخود نزیک بن لە یەکترییەوە.
١٣-ھاوسەنگی ھەبێت لە دانانی وڵامە راستەکاندا، واتە نابێت ھەموویان  لەسەرەتا یاخود ناوەند...ھتد بن. 
١٤-نابێت وڵامی ھیچ بڕگەیەک لە بڕگەکانی تردا ھەبێت.
١٥- باشترە خۆ بەدوور بگیرێت لە پرسیاری نەرێ، باشترە بەشی ستێم ئەرێ بێت.
١٦- باشترە خۆ بەدوور بگیرێت لە وڵامی (ھەموویان راستن) یاخود ( ھیچیان راست نین)
لایەنە باشەکانی تاقیکردنەوە  بە(شێوازی ھەڵبژاردن)
ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بە شێوازی ھەڵبژاردن چەندین لایەنی باشی ھەیە، ئەمانەی خوارەوە پوختەی لایەنە باشەکانی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیەن:
١- بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە ئاسانە، بەشێوەیەک دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆری قوتابیان لە ھەمان ژینگە و ھەمان شوێن و ھەمان کاتدا تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن.
٢-نمرە دانان و پشکنینی پەڕاوی وڵامی قوتابیان (بابەتی) دەبێت و ھیچ بۆچوونێکی شەخسی کاریگەری لەسەر نمرەدانان نابێت.
٣-پشکنین و نمرە دانان (پرۆسەیەکی خێرا) دەبێت. ھەروەھا ئەم شێوازە لەچاو شێوازەکانی دیکە خەرجی کەمتری دەوێت.
٤-دەتوانرێت ئەم شێوازە بۆ زۆر بابەت و بواری جیاواز بەکار بھێنرێت.
٥-ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە جێی بڕوا (Reliable) و پەیوەندیدارە (Valid) بە بابەتی مەبەستەوە. ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستکردنی (متمانە) بە ئەنجامەکان.
٦-ھەندێک شارەزایی و زانیاری کەم پێویستن بۆ ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە لەلایەن قوتابیانەوە، بۆنمونە نووسینی زۆر و رەخنەگرانە پێویست نین لە کاتی وڵامدانەوەدا.
لایەنە خراپەکانی تاقیکردنەوە بە (شێوازی ھەڵبژاردن)
سەرەڕای بەربڵاوی و لایەنە باشەکانی شێوازی ھەڵبژاردن، ئەمانەی خوارەوە بریتین  لە پوختەی لایەنە خراپەکانی، ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە:
١- دانانی ئەم شێوازە کارێکی (قورسە). کەسێک بیەوێت پرسیار بەم شێوازە دابنێت دەبێت شارەزایی و زانیاری پێویستی لە بابەتی پەیوەندیداردا ھەبێت.
٢-ھەروەھا دانانی بڕگە و پرسیار و بژاردەکان کات و ماندوبوون و ھەوڵی زۆری دەوێت. بەشێوەیەک سەرەڕای ناوەڕۆکی بابەتی پەیوەندیدار دەبێت بڕگە و بژرادەکان لە رووی زمان و نووسین و رێنووس و خاڵبەندی و زانیاری و ئاستی قوتابیانەوە گونجاوبن.
٣- ئەگەر بڕگە و بژرادەکان بە ووریاییەوە دانەنرێن لەوانەیە ببنە ھۆی دروستکردنی بەدحاڵی بوون لەلای قوتابیان و لەئەنجامدا نازانرێت کەوا قوتابیان بەھۆی نەزانینەوە یاخود بەھۆی بەدحاڵی بوونەوە وڵامی راستیان بەدەست نەھێناوە.
٤-لەم شێوازەدا ھەڵسەنگاندنی شارەزاییەکانی نووسین و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و خەیاڵ و ئاخاوتنی قوتابیان سنوردارە و ناتوانرێت بەباشی ھەڵبسەنگێنرێن.
٥-خەمڵاندن رۆڵی دەبێت لە ھەڵبژاردنی ھەندێک وەڵام و ئەمەش ئاستی راستەقینەی قوتابیان دەرناخات.
٦-قۆپی و غەشکردن لەم شێوازەدا ئاسانترە وەک لە شێوازەکانی دیکە، بەشێوەیەک قوتابیان دەتوانن لەناو خۆیاندا رێک بکەون تابەیەکتری بڵێنەوە لەڕێگای ھێما و شێوازەکانی  دیکەی نازمانی بەبێ قسەکردن.
چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە  لە ھەرێمی کوردستان؟
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە تاقیکردنەوەکان لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن بن بەتایبەتی تاقیکردنەوەی نیشتمانی (پۆلی ٩ی بنەڕەتی) و تاقیکردنەوەی بەکالۆریای (پۆلی ١٢ی ئامادەیی)، ئەوا لەسەر وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە بگرنەبەر:
١- دەبێت تەواوی بنەما و رێساکانی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە پەیڕەو بکرێن.
٢- ئامانج و مەبەستی ھەربابەتێکی پڕۆگرامی خوێندن دیاریکراو بێت بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە.
٣- ناوەڕۆک و دیزاینی گونجاو دابنرێت بۆ ئەنجامدانی پرسیار و وڵامەکان.
٤- گرنگی تەواو بخرێتە سەر کتێبی پڕۆگرامەکانی خوێندن بەتایبەتی پەڕتووکەکانی قوتابی، چالاکی و مامۆستا.
٥-لیژنەیەک بەشداربێت لە دانانی پرسیار و وڵامەکانی ھەر بابەتێکی پڕۆگرامەکانی خوێندن.
٦-لیژنەیەک دروستبکرێت بۆ پێداچوونەوە و چاکردنی پرسیار و وڵامەکانی ئەم شێوازە پێش ئەنجامدانی، ئەویش لە پێناو چارەسەرکردنی کەموکورتیەکان.
٧-ئەنجامی تاقیکردنەوەی پێش وەختە لەبەرچاو بگیرێت بۆ گەشەپێدان و چارەسەرکردنی کەموکورتیەکان بۆ شێوەی کۆتایی تاقیکردنەوەکان.
٨-پێویستە بۆ ئەمساڵ زۆربەی پرسیار و وڵامەکان گشتی بن تا قوتابیان لەسەر ئەم شێوازە رادێن.
٩-دەبێت شێوەی پرسیاردانان و وڵامدانەوە فێری مامۆستایان و قوتابیان بکرێت.
١٠-دەبێت پەڕاوی پرسیارەکان و وڵامەکان بەشێوەکی بەرزی تەکنیکی چاپ بکرێن، چونکە بوونی ھەر کەموکوڕییەک دەبێتە ھۆی سەرلێشواندنی قوتابیان.
١١-پەڕاوی وڵامدانەوە پێویستە سەربەخۆ بێت لە پەڕاوی پرسیارەکان.
کۆتایی
قەناعەتھێنان و بڕیاردان بۆ گۆڕینی تەواوی پێکھاتەی شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆ (شێوازی ھەڵبژاردن) لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ھەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پێویست و ھەنگاو بەھەنگاو لەم بوارەدا، کە بەبڕوای من لە ئایندەیەکی نزیکدا کاریگەری ئەرێنی دەبێت و ھەمووان دەبینە ھاوبەش لەم پرۆسەیەدا.

 سەرئەنجام ئێمەی مامۆستا و پەروەردەکاران و قوتابیان و دایکان و باوکان سودمەند دەبین و ھەروەھا تاقیکردنەوەکانیش دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستاندا.
 سەرچاوەکان:
١- Mousavi, Seyyed Abbas. An Encyclopedic Dictionary of language Testing. ٤th ed. Tehran: Rahnama Press, ٢٠٠٩. 
٢- ١٤ Rules for Writing Multiple Choice Questions.
٣- http://en.wikipedia.org/wiki/Multiple_choice
٤- http://careertechtesting.blogspot.com/٢٠٠٩/٠٢/secret-of-writing-multiple-choice-test.html
٥- http://jfmueller.faculty.noctrl.edu/toolbox/tests/gooditems.htm
٦- http://www.paulallenhill.com/blog/the-history-of-multiple-choice-tests
٧- http://www.washingtonpost.com/opinions/standardized-tests-for-everyone-in-the-internet-age-thats-the-wrong-answer /٢٠١١/٠٩/٢١ /gIQA٧ SZwqK_ story. html