سەردێڕ:

کورد و ئامۆژگاری

8/22/2019 4:41:43 PM
4705 جار خوێندراوەتەوە
یادگار واژەیی
+ -

تاکە میللەتین لە جیھاندا کە ھیوایەتمان ئامۆژگاری کردنی بەرامبەرە و ڕێگە نیشانی ھەموو کەسێک دەدەین کە چۆن ژیان بکات و چۆن بەختەوەری بەدەست بێنێت و ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو، ھەمیشە لای بەرامبەر وا بانگەشە بۆ خۆمان دەکەین کە خۆمان بەو شێوە سەرکەوتووین و خۆشبەختین دەمانەوێت تۆش وەک ئێمە سەرکەوتوو بیت.

 بۆیە ھەوڵ دەدەین لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا ڕێی درووست(ئەوەی کە خۆمان بە دروستی دەزانین) نیشانی بەرامبەرمان بدەین و ئامۆژگاری بەرامبەری پێ بکەین، کە وابکات و وا نەکات یان ئەوە بخوات و ئەوە نەخوات، یان وا بژی و وا مەژی، یان وا بڕوا و وا نەڕوات، یان ھاوژینی لەگەڵ ئەودا بکە و لەگەڵ ئەم مەیکە، یان پچۆ بۆ ئەوێ و مەچۆ بۆ ئەوێ، یان گوێ لەو بگرە و گوێ لەو مەگرە، یان سەیری ئەو بکە و سەیری ئەم مەکە یان ئەوە بکڕە و ئەوە مەکڕە ، یان ئەوە بخوێنەرەوە و ئەوە مەخوێنەرەوە، لەگەڵ ئەو ھاوڕێیەتی بکە و لەگەڵ ئەم مەیکە، یان بەداخەوە وای لێھاتووە ئەم ئامۆژگاریە ھەندێ جار چووەتە ناو ھەست و لاشعوریشمانەوە بە نموونە پێمان دەڵین ئەمت خۆشبوێت و ئەوت خۆشنەوێت یان ڕقت لەم بێت و ڕقت لەمەیان نەبێت...ھتد.

لە ناو میللەتانی پێشکەوتوودا شتێک نیە بەناوی ئامۆژگاری کردن بەڵکو ڕێنمایی و پێدانی زانیاری یان ڕوونکردنەوە ھەیە، واتە فەرمانەکان بە ئەمە بکە و ئەمە بخۆ نیە بەڵکو بە ڕاگۆڕینەوە و بە پرسیارە نەک فشارخستنە سەرت بە ئەنجامدانی کارێک، وەرگرتنی بۆچوونتە سەبارەت بەو زانیاریە، بە نموونە لە ناو ئەوروپیەکاندا ھەموو فەرمانەکان بە ڕاوێژکردن بۆت نمایش دەکەن ، لە جیاتی بڵێ بخۆ دەڵێ دەتوانی بیخۆیت؟ یان لەجیاتی ئەوەی بڵێ ئەمە بکە دەڵێ دەتوانی ئەمە بکەیت؟ یان وا باشترە ئەمە بکەیت ئیتر ناچێت بە شێوەی ئامۆژگاری و تەداخولی ژیانت فەرمانەکەت پێ بڵێت.

بەداخەوە زۆرینەی کورد لە تاکێکەوە بیگرە ھەتا خێزانێک یان کۆمەڵەیەک یان گروپێک ھەر خەریکی ئامۆژگاری و نەسیحەتی بەرامبەرە و بەردەوام ڕێ بۆ بەرامبەر نیشان دەدات لە کاتێکدا بە ھیچ جۆرێک لە جۆرەکان خەریکی خۆی نیە و خۆی لە بیر کردووە یان بەھیچ شێوەیەک گرنگی بە گەشەی خۆی نادات و لە پەروەردەکردنی خۆی دەستی ھەڵگرتووە و بە قەولی خۆی گەیشتۆتە یەقین، وازی لە پەروەردەکردنی خۆی ھێناوە و ھەر خەریکی نەسیحەتی خەڵکیە و ژیانیان بووە بە خەریک بوون بە بەرامبەرەوە، بەبێ ئەوەی خەریکی خۆیان بن.

ئەوەش لەوەوە ھاتووە کە خۆی یان خۆیان بە کامڵبوون دەزانن و خۆیان وا شک دەبەن ھیچ کەم و کورتییەک لە خۆیان نادۆزنەوە ئیتر بێ ئاگان لەوەی ئەوان(ئامۆژگاریکەران) لە چاوی ھەندێک نەک ھەر کامڵ نین بەڵکو (أنقص النواقص)یشن ھەر خودی زۆر ئامۆژگاری کردنیان بە لاوازترین و پڕ کەم و کورترین کەس خۆیان نیشانی بەرامبەریان دەدەن.

ھەر لەسەرەتای منداڵی ھەر تاکێکمانەوە بیگرە ھەتا قۆناغی گەورەبوون و کامڵبوون سەیر ئەکەیت ھەر ئامۆژگاریمان ئەکرێ و ھەر ڕێمان بۆ نیشان ئەدرێ و ڕێمان بۆ ڕوون دەکرێتەوە کەچی بەردەوام ھەر پێویستمان بە ئامۆژگاریە و ھەر ڕێ بە خۆمان نادەین کەمێک بۆ خۆمان بیر بکەینەوە و چۆنمان بوێت وا بژین و چۆنمان بوێت وا ھەڵسین و دانیشین، ژیانمان بەتەواوەتی دەرفەتی بۆ بەرامبەر بە جێ ھێشتووە کە داخلی کار و ژیانمان بێ بۆیە تەداخولی ھەموو ووردەکاریەکانی ژیانت دەکات وەک ئەوەی تۆ بەتایبەت بۆ ئەو درووستکرابیت، سەرنج بدە ئەو ھەموو ئامۆژگاریە ڕێی لە بیر و ھزری خۆشمان گرتووە کە بیخەینە کار و بیری پێ بکەینەوە بۆیە زۆربەی تاکەکان بوون بە ئینسانێکی نیمچە ئالی، گەورەکانیان بە کۆنتڕۆڵ چۆنیان بوێت ھەر ئاوەھاش دەیانجوڵێنن و ھەڵیاندەستێنن و دایاندەنیشێنن.

کە زۆر ئامۆژگاری کرایت واتە عەقڵ و ھەستت دەکوژرێت بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت، چونکە کە ژیانت کردە ڕازی بوونی بەرامبەر واتە ڕێت لە خۆت و بیرکردنەوەی خۆت گرتووە کە چۆن بژیت و چی بکەیت، واتە عەقڵت داخستووە و بیرکردنەوەت قفڵ کردووە کە مرۆڤیش خاوەنی عەقڵێک نەبوو بۆ بیرکردنەو و خاوەنی ھەستێک نەبوو بۆ نەست و سۆزەکانی لەگەڵ ئاژەڵێکدا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نابێت.
 مرۆڤ بە عەقڵ و ژیری و ھەست و نەستەکانی خاوەنێتی خۆی دەسەلمێنێ و خۆی لەیەکێکی تر جیادەکاتەوە ، چونکە کە زۆر ئامۆژگاری کرایت و بەقسەی ئەو ژیانت کرد کەواتە تۆ ھیچ بوونێکت نەبوو و تەنھا کۆپی خاوەنەکەت بوویت و خۆت لەدەست داوە.

پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان زاراوەی (ئامۆژگاری) لەگەڵ زاراوەی (پرس) و (ڕاوێژ)، ھەمیشە پرسی سنوردار و ڕاوێژ بەکەسانی شارەزا و پڕ ئەزموون لەھەر کارێکدا پێویستیەکی ژیانە و نکوڵی لەو جۆرە ناکرێت بۆ ھەموو کەسێک بە درێژایی تەمەنی پێویستی بە ڕاوێژە نەک ئامۆژگاری! بەتایبەتی بۆ کەسانی تازە پێگەیشتوو و سەرەتای ژیانی ھەرزەییان کە ئەوانیش پێویستیان بە پرسی سنوردار و ڕاوێژی زۆر سنووردار ھەیە بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و پڕ ئەزموون، ھەتا بوار بۆ مێشک و بیریان بڕەخسێنیت کە بیرۆکە و داھێنانی نوێ بۆ ژیان و ژیان کردنیان تیا دروست ببێت.

با واز لە ئامۆژگاری یەکتر بھێنین و چیتر نەخشەی ژیان بۆ کەس دانەنێین، کە وازت لە بەرامبەر ھێنا چۆن بژی و چۆن بڕوات بە ڕێوە ئەوکات ئۆتۆماتیکی خەریکی ژیانی خۆت ئەبیت و نەخشە بۆ ژیانی خۆت دادەنێیت.