سەردێڕ:

بانگەشەی بەفاشیست بوون ئەو شتەی بەرامبەر دەیخوازێت

10/18/2019 10:42:06 PM
7211 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانى
+ -

لەسەروبەند‌و گەرمەی پەلاماری ناڕەوای لەشکری تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ھەندێ قەڵەم ودەنگ داوای بەفاشیست بوونی کوردیان کرد وەک رێگایەک بۆ مانەوە ‌و بەرخودان ؟!بەش بەحاڵی خۆم گومانم لە دڵسۆزی‌و پەرۆشی  نەتەوەیی خاوەنەکانیان نیە. دەنگەکانیش ھاواری ویژدانێکی بریندار‌و کیبریائێکی نەتەوەیی زەبر بەرکەوتووی نادادپەروەری مێژوو جوگرافیا ‌و جیھانە. 
بەڵام بەدەر لە نیازی خاوەنانی ئەم ھاوارە، پێم وایە بانگەشەیەکی لەم جۆرە ناواقیعیە ‌و لەبەرژەوەندی کورد‌و ناسیونالیزمی کوردیشدا نیە. بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوشتە  یەھێز‌و دەسەڵاتە نەیارەکان‌و ناسیونالیزمەکانی بەرامبەر دەیخوازێت، چونکە:
١- گەر بشتەوێ لە دەرەوەی کۆسستمی ئەخلاقەوە سیاسەت بکەی ‌و فاشست بی، دەبێت سەردەست‌و باڵادەست‌و بەھێز‌و خاوەن دەوڵەت‌و رەوایەتی نێودەوڵەتی بیت. کە کورد ھیچ یەکێ لەوانەی نیە بەحوکمی ئەوەی فاشیزم فراوانخوازو دەست درێژیکارو ئیرادە سەپێت وھەناسەیەکی ئیمپراتۆریانەیە لەچوارچێوەی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەدا. کەواتە ھەر لە بنەڕەتەوە بانگەشەکە ناواقیعی یە کورد گەر بشیەوێت ناتوانێ فاشیست بێت وفاشیست بوون دەیکات بەچەتە ومافیا.
٢- بانگەشەی فاشیست بوون ماف دەدات بە بەرامبەرەکانیش فاشیست بن، ئەو کاتەش مەسەلەکە دەبێتە ململانێی نێوان ھێز‌و ئیرادەکان‌و ھیچ لایەک رەوایەتی ئەخلاقی نامێنێ‌و بەزینی ھەرلایەکیش بۆ دەرەوەی خۆیان یەکسانە. لەم ڕوەشەوە لەبەر ناھاوسەنگی ھێز کورد دۆڕاو دەبێت. کەواتە فاشیست بوون کورد لەوەدەخات لافی خاوەندارێتی دۆزێکی ڕەوا‌و ئینسانی لێبدات.
٣- لەگەڵ ئەم داواکاریەدا دەبێت بەسەرخۆماندا دابخرێین‌و دەست لەدیبلۆماسیەت‌و لۆبی کردن‌و زۆر شتی تر ھەڵبگرین، بە حوکمی ژێر دار‌وپەردووکەوتنی  دۆزەکەو نەمانی لۆژیکێ خەڵک گوێت لێبگرێت.
٤- کاتێک دەبین بە فاشیست‌و ھێز‌و توانای فاشیستەکانیشمان نیە  بۆ رزگارکردنی خاک‌و تێکشکاندنی نەیارەکانمان، ئەو کاتە ئەو وزە شەڕ‌و بوغزەی پەنگ دەخواتەوە بە دوو شێوە دەردەبڕرێن و دەڕژێرن.
(ڕ- پەلاماردانی پێکھاتە نەتەوەییەکانی تری کوردستان
ب- دژ بە یەکتر لە گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆ ھەمەلایەنترو خوێناویتردا،  مێژووش وانەی گرنگی لەم ڕوەوە بۆ کورد تێدایە.  بەوەش فاشیزم دەبێتە سەرچاوەی لێکھەڵوەشاندنەوەیەکی مێژوویی نێو ماڵی نەتەوەیی نەک بیناکردنەوەو بەھێز کردنی.
    ٥- لە دۆخێکی لەم جۆرەدا (ئاین) لە ئاستێکی مەترسیداردا دژ بەکورد ‌و ناسیونالیزمی کوردی بەکاردێت‌و کورد خۆشی جۆرێ لە ڕەوایەتی بەم بەکارھێنانە نادینییەی دین دەدات.
٦- دەبێت دەست لە بانگەشەی  دیموکراسی‌و فرەیی‌و ئازادی‌و بەھاکانی ھەڵبگرین‌و ھەوڵی کۆمەڵگەیەکی یەک ڕەنگ‌و یەک دەنگ بدەین. ئەوەش نە ناوخۆی کورد‌و کوردستان‌و نە قۆناغە مێژووییەکەش بەرگەی دەگرێت.
بۆیە بەکارھێنانی چەمک‌و ووشەی فاشیزم لەم شوێنەدا ھێندەی کاردانەوە و رەنگدانەوەی دەروونێکی تاسەر ئێسقان ئازار چەشتووە، پێویستییەکی عەقڵانی‌و واقیعی زاڵبوون بەسەر کێشەکانماندا نیە. کێشەی ئێمەش کێشەی نەرمبوونمان نیە بەرامبەر ئەوی دی  نەتەوەیی‌و ناسیونالیزمەکانی تر ، بەڵکوکێشەی لەگەڵ یەک رەقبوون ‌و یەک قبوڵنەکردنی نێوخۆییە. کێشەی ئێمە لەزۆر میھرەبانیدا نیە. لە نامیھرەبانی بوونماندایە لەگەڵ یەکتردا. لەوەدا نیە لەڕووی نەتەوەییەوە خۆمان لەڕوانگەی ئەوی دی نەتەوەییەوە پێناسە ناکەین، بەوجۆرەی قوتابخانەی ئەڵمانی ناسیونایزم دەیخوازێت، بەڵکو لەوەدایە لەڕوانگەی  ئامادەیی پێکھاتەکانی نەتەوە بۆ چوونە نێو پرۆژەیەکی نەتەوەیی‌و بیناکردنی ناسنامەیەکی ھاوبەش‌و تۆکمە، ناوەرۆک بە ناسیونالیزم نابەخشین ، کێشەی ئێمە بوونی دیموکراسی نیە، بەڵکو بوونی ھەناسەیەکی فاشستی نێوخۆییە، کە ناتوانێت دانپیانانێکی فیکری‌و دیموکراسی بە جیاوازیدا بنێین‌و نەھێڵین سەری لە ناکۆکی‌و خوێنڕێژییەوە دەربچێت.. لە کۆتاییدا دەڵێین فاشست بوون ئەوشتەیە بەرامبەر  دەیخوازێت، چونکە لانی کەم رەوایەتی بەھەناسە فاشستییەکانی‌و جەنگەکانی دەدا‌و یەکێتی ناوخۆییش بەدی ناھێنێت.