سەردێڕ:

چەند پێشنیارێک بۆ وەزیری نوێی خوێندنی باڵا

8/10/2019 1:32:09 PM
13369 جار خوێندراوەتەوە
سه‌باح عه‌لى
+ -

مرۆڤ ھەمیشە پێویستی بە روانگە و رەخنە و بیرخستنەوە ھەیە ئەمەیش لە پێناو باشتر کردنی ژیان و ئەو لایەنەی کە ئێمە دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین ، لەو روانگەیەوە و وەک وەزارەت  و خودی وەزیر داواکارە کە راو و پێشنیارەکان گەڵاڵە بکرێن بۆ چوار ساڵی ئایندە ، لە پێناو دیدگایەکی نوێ و کاری باشتر ئەم پێشنیارانە دەخەینە پێش چاو بە ئومێدی لەبەرچاو گرتن و بە ھەند وەرگرتن ، ئەم پێشنیارانە بۆ بەڕێز وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کابینەی نوێیەم بەو پێیەی ھەر بەڕێزێک لە کابینەی نوێدا دەبێت دیدگا و روئیای خۆی ھەبێت ئەمەیش لە پێناو کارکردنی چوار ساڵی وەزارەتەی بۆ ھاوڵاتیان و ستافی وەزارەت و چین و توێژەکانی پەیوەست بە خۆی، بە ئومێدم ئەم خاڵانە جێگەی بکرێتەوە لە کارنامەی وەزارەتدا بەشێوەیەک کە خزمەتی باشتر بکات ئەمەیش بەو مانایەی کە ئەو کارانەی کە لە کابینەکانی پێشتر باش بوونە پەرەی پێبدرێت و ئەویشی خراپ و رێگر بووە لاببرێت و ھەوڵی چارەسەر کردنی بدرێت بە شێوەیەک کە لە کاتی کارکردنی وەزیری نوێ بتوانرێت بە ئاراستەی باشتر بون ببرێت ، دەکرێت بەشێک لە بۆچونەکان بە گیانی رەخنەیش وەربگیرێت .

یەکەمین کارێک کە پێویستە بۆ چوار ساڵی ئایندە کاری لەسەر بکرێت گرنگی دان بێت بە (سەرچاوەی مرۆی ) واتا بنیادنانەوەی تاکی زانستخواز چونکە بە راستی بنیادنانەوەی مرۆڤ گەورەترین سەرمایەی مانەوە و بوونە واتا گەر تۆ تاک بینا نەکەی بە چەکی ئومێد و زانست ئەوا ھەر کار کردنێک سودی ئەوتۆی نابێت چونکە ئەمە بە ئاشکرا لە زانکۆ و ناوەندە زانستیەکاندا ھەستی پێ دەکرێـت، دووبارە بنیادنانەوەی مرۆڤی ئومیدەوار دەبێت ئەولەویەتی کارکردنی چوار ساڵی ئایندە بێت.

ئەو پرۆژە و و بەرنامە و بڕیار و رێنمایانەی کە دەدرێت بۆ چوار ساڵی ئایندە بە شێوەیەک بێـت پێش ھەموو شت لەگەڵ واقیع و زەمینەی کۆمەڵگەی کوردەواریدا بگونجێت ئەمەیش والێک بدرێتەوە کە کۆمەڵگە بەردەوام پێویستی بەرەوپێشچوون ھەیە، خاڵێک کە بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگە بێت واتا کە پرۆژەیەک دەخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە بە لایەنی کەم سودی لەسەدا ھەشتای لەبەرچاو بێت و بیست لە سەدی وا دابنرێ کە ئامانج نەپێکێ کە بەداخەوە زۆرجاران ئەمە پێچەوانەیە، ھەموو کۆمەڵگەیەک خاوەنی کۆمەڵێک بنەما و ھەلومەرج و دابونەریت و ژیرخانی پێشترە کە دەبێت ئەمانە لە ھێنانی پرۆژەی پەروەردەیدا لەبەرچاو بگیرێت .

 ئەو بەرنامە و پرۆژانەی کە رەھەندێکی نیشتیمانی و رەھەندێکی دوور مەودای ھەیە باشتر دیراسە بکرێت و رای ھەموانی لەسەر وەربگرێت واتا لە ئاستی خوارەوە بۆ سەرەوە لە ھەموو رووەکانەوە، ھاوکات پشت بە رای دەرەوەیش ببەسرێت ئەمەیش بە شێوەیەک بێت کە ئامانجەکە بەو شێوەیە بێت کە ئەو پرۆژە بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری بشێت و بۆ سودی کوردستان بێت نەک لەبەر خاتری فڵانە وڵات و رێکخراوی جیھانی  
خاڵێکی تر کە بەردەوام جێگەی مشتومڕ بووە ئەویش بوونی دەستە و گروپی دیاری کراو یان بە حزبی بوونی دام و دەزگاکانی خوێندنی باڵایە کە دەکرێت بە شێوەیەکی رێژەی کار لەسەر ئەم خاڵە بکرێت و ھەوڵ بدرێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ چوار ساڵی ئایندە ھیچ نەبێت بتوانێت حزب و دەستە و گروپەکان بۆ خزمەتی پەروەردە و فێرکردن بەکاربھێنێت، خۆ گەر ئەم لایەنە بە تەواوی بنەبڕ بکرێت ئەوا مێژینە و ئومێد بەخشە.

گەر ئەو تەوەرانەی سەرەوە لە چوار ساڵی کار کردنی وەزارەتدا رەنگ بداتەوە ئەوا دەکرێت ئاسانتر ھەوڵی چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی ئێستا و رابردوو بدرێت، بە بڕوای من چەند کێشەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەیە و ھەبووە کە دەکرێت لەبەرچاو بگیرێن لەوانە،  لە دانانی ستافی کارگێری و زانستی زانکۆکاندا دەکرێت ورتر کار بکرێت ئەمەیش لە پێناوی (دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ) بە تایبەت سەرۆکی زانکۆ و راگر و سەرۆکی بەشەکاندا کە من لەم رووە پێشنیارێک دەخەمە روو لە کۆتای ئەم نوسینەدا، لە دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاندا ھەوڵ بدرێت بەشێوەیەک بێت کە گیانی کێ بەڕکێ کەم نەکاتەوە واتا گەر ھەوڵی جدی بۆ دامەزراندنی ئەوان نەدرێت ئەوا زانکۆکان روبەڕووی گرفتی جدی دەبنەوە ، لە دەرکردنی بڕیار و رێنمایەکاندا وورد تر پلان دابنرێت بە تایبەت لە چوار ساڵی رابردوو دوو خاڵ جێگەی زۆرترین مشت و مڕ و کێشمەکێش بوون، یەکەمیان سیستەمی وەرگرتنی قوتابی و خوێندکاران کە رێنمایی و بڕیارەکان زۆر خێرا بوون و خوێندکاری توشی سەرلێشێوان کرد کە بە بڕوای من تاکە شانازی بۆ سیستەمی خوێندن لە کوردستان لە رابردوودا ئەوە بووە کە خوێندن بە خۆڕا و بۆ ھەموان بوو کە بەداخەوە ئەمە گۆڕدرا بۆ سیستەمی پارالێڵ کە کەمتر لە سودی ھەموان بە تایبەت زۆرینەی کۆمەڵگەدا بوو.

خاڵی دووەم کە تایبەت بوو بە رێنمای تایبەت بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کە بە جۆرێک بوو کە زیانی لە کەرتی خوێندن دا چ لە رووی زانستی چ لە رووی ئابووری بە تایبەت رێنمای توانستی زمان کە ئەمەیش بوو بە ھۆی تەواو پەراوێز خستنی زمانی شیرینی کوردی و شەلەل بوونی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە کوردستان .