سەردێڕ:

گەل و دروستکردنی دیکتاتۆر

3/23/2020 4:15:56 PM
7380 جار خوێندراوەتەوە
عەلی عەبدولسەمەد
+ -

سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی ھەر وڵات و ناوچەیەک ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ھۆشیاری و تێگەیشتنی ئەو گەل و میللـەتەیە. کاتێک گەل و میللەت ھۆشیار و ئازاد و ڕەخنەگربوو، بێگومان دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیەکی خزمەتگوزار و پێشکەوتووی دەبێت، بەپێچەوانەوە، گەلێکی دواکەوتو و بێدەنگ، فەرمانڕەوایەتیەکی دواکەوتو و خۆسەپێنی دەبێت، کە ویست و ئامانجی تەنھا مانەوەیە لە دەسەڵات و بازرگانیکردنە بە ماف و ژیانی خەڵکییەوە. کاتێک گەل و میللـەت چەپڵەبارانی سەرکردە و کەسایەتیەک دەکات و وێنەیەکی ناڕاستی غاندیانە و ماندێلایانە لە ھزری خۆیدا دروست دەکات بۆ ئەوان، دەبێت بەھەموو کار و بڕیارێکی ئەو سەرکردە و سیاسیانە ڕازی بێت کە بەسەریدا دەسەپێندرێت.

ڕەخنەی زۆرێکیش لە بیرمەندان و خاوەن ھزرەکان لەپاڵ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و سیاسییەکان، ڕەخنە بووە لەو میللەتەی کە بەردەوام ڕەخنە دەگرێت لە سیاسییەکان و گلەیی لە حاڵ و گوزەرانی خۆیی دەکات، بەڵام کاتێک کە سیاسی و سەرکردەیەک لە جێگایەک دەبینێت، ھەموو ھەوڵێکی گەیشتنی تەنھا بۆ ئەوەیە کە وێنەیەکی لەگەڵ بگرێت و بڵاوی بکاتەوە، بەبێ ئەوەی باسی سەرەتایترین پێداویستی و کەموکورتیەکانی خۆی بکات و ڕاستەوخۆ گلەیی بارودۆخی ژیانی خۆی لەلابکات.

دەسەڵاتی سیاسی ھەر وڵاتێک،  ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیەیە، بەو پێیەی ئەو دەسەڵاتدار و بەرپرسانەش نەوەی ھەمان ئەو کلتور و بارودۆخ و ژینگە کۆمەڵایەتیەن کە ئەوان فەرمانڕەوایەتی تێدا دەکەن،
لەڕاستیدا زۆر جار خەڵک بەگشتی ھێندەی ڕەخنە لەسەر کردە و بەرپرسەکان دەگرن، ھێندە ڕەخنە لە خۆیان ناگرن و بەر ئەنجامی ھەموو ڕوداوێک بۆ ئەوان دەگێڕنەوە، بێ ئاگا لەوەی کە ھەر خەڵک و کۆمەڵگایە لەکاتی ھەڵبژاردن و دەنگداندا دەنگیان پێدەدات و لەسەر شەقامەکان شەڕەپەڕۆیان بۆ دەکات.
لەڕاستیدا بەشێک لە خەڵک خۆیان دروستکەری ئەو واقعە سیاسیەن و دواتریش ڕەخنەی لێدەگرن. 

زۆرینەی دەسەڵاتدارەکان، بە چەپڵەی  گەلەکانیان بوونەتە دیکتاتۆر  و خۆسەپێن و تاکڕەو، ھێندە پیاھەڵدان و سەناو ستایشی میللـەت دەبینێت بەبێ ئەوەی تەنھا جارێک ڕەخنەیەکی لێ بگیرێت، وێنەیەکی ھێندە ئەفسوناوی و خەیاڵاویی ناڕاست دەبینێت کە لەلای گەلەکەیەوە بۆی دروستکراوە، پێیوایە ئیتر ئەم ماندێلا و غاندی و گیڤارایە بۆ گەلەکەی و کەسێکی دیکە لەم شایستەتر نییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدرابێت و فەرمانڕەوایی بکات.
کاتێک میللەت لە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسێکی نەپرسییەوە، لەوەی چی بۆ کراوە و چی بۆ دەکرێت؟ کاتێک میللـەت داوای مافە سادە و سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی نەکرد و ڕەخنەی نەگرت و ھەر بێ دەنگ بوو، نابێت گلەیی لەکەسانێک بکات کە بە دەنگ و ویستی ئەوان گەیشتونەتە شوێن و بەرپرسیارێتی بەرزو بوونەتە خاوەنی موچەی باش و ژیانێکی شاھانەییان بۆ خۆیان و نەوەکانیان لەسەر حسابی ئەوان دروست کردووە.

لەناخی زۆر خاوەن دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوادا، تۆویی دیکتاتۆریی بوونی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئەم تۆوە دەکاتە دارێکی بەھێز و پتەو و خۆڕاگری دەکات، گوێڕایەڵی گەلە بۆ ھەموو بڕیار و فەرمانێکی ئەو سەرکردەیەی کە ھەنگاو بەرەو دیکتاتۆری دەنێت، بەبێ ئەوەی ڕەخنەبگرێ و ئازادبێ و فەرمانڕەوا وەک خزمەتکارێکی میللەت ببینێت، نەک  خاوەن وێنایەکی ئەفسانەیی و پیرۆز.


‌بەپەلە