سەردێڕ:

ململانێی ئامۆزاکان،ھەرێم بەرەو کوێ دەبات؟

7/24/2019 3:31:07 PM
6215 جار خوێندراوەتەوە
سەرکەوت مەلا ئەفەندی
+ -

لەسەرو بەندی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ململانێکانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی زیاتر قوڵبونەتەوە، ئەگەر چی لەئێستادا وادەبینرێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی زیاترە بۆ کەسە نزیکەکانی خۆیان،بەڵام لەبنەڕەتدا ئەم ململانێیانە مێژوویەکی دێرینیان ھەیەو دەگەڕێنەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو،کە ئەوکات لەنێوان ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی دا بۆ شوێنگرتنەوەی مەلا مستەفای باوکیان ھەبوون،دواترو دوای مردنی ئیدریس و بەڕێوەبردنی بنەماڵەو حزب لەلایەن مسعود بارزانی برایەوە ئیتر ئامۆزاکان وردە وردە گەورەبوون و فامیان کردەوە،بەجۆرێک چاو لە وەرگرتنی پۆست و بەڕێوەبردنی بنەماڵەو حزب بکەنەوە،ھەربۆیە لەمێژە ئەم ململانێیانە ھەبوون و دوای لاوازبوونی مسعود بارزانی ململانێکان قوڵتر بونەتەوە و گەشتونەتە بنبەست.

لە ساڵانی رابردوودا چەندجارێک ململانێی ئامۆزاکان لەسەر گرێبەستی نەوتی و داگیرکردنی ھەزاران دۆنم زەوی لەھەولێرو بادینان لەلایەن نێچیرڤانەوەو دەستوەردان لەکاروباری حکومی لەلایەن مەسرور بارزانیەوە کە کاتێک  نێچیرڤان سەرۆکی حکومەت بوو،ھەروەھا دەستگرتن بەسەر نوسینگەو دورخستنەوەو بێدەنگکردنی ڕاوێژکارەکانی نێچیرڤان لەلایەن مەسرورەوەو دەرکردنی کارەکتەرە نزیکەکانی نێچیرڤان لەمەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی ململانێکان تەشەنەیان سەند،بەڵام ئەوکات مسعود بارزانی دەستێوەردانی کردو بەھۆی پێگە سیاسیەکەیەوە کە ھەیبوو چەندجارێک ھێوری دەکردنەوە،وەلێ لەئێستادا مسعود بارزانی کەتەنھا بەشێوەیەکی شکڵی سەرۆکی پارتیەو کە خاوەنی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نەماوە نەک ھەرناتوانێ دەستوەردان بکات بەڵکو خودی خۆی تەرەفگیری مەسروری کوڕی دەکات و لەکابینەی نوێشدا پشکەکانی پارتی لەنێوان کوڕو باوک دا دابەشکراون ،ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی بەپێدانی پۆستێکی بێ دەسەڵات خراوەتە دەرەوەی گەمەکەوەو ھەوڵدەدرێت بەتەواوەتی داببڕێندرێت لەحزب و حکومەت،ھەرچەندە ھێشتا نێچیرڤان خاوەنی میدیای زەبەلاح وھێزی ئەمنیە کە لەلایەن رەوان بارزانی برایەوە سەرپەرشتی دەکرێن،ئەمە جگە لەوەی خاوەنی ملیاران دۆلارو پەیوەندیەکی بەرفراوانە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا،بەتایبەت رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا کە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ۵٪ی پشکی نەوتی ھەرێمی بەناوەوە کردبوو لەئێستاداشدا رۆڵی برا گەورەی بۆ دەبینێت.

لەئێستادا ململانێکان سنوری بنەماڵەو حزبی تێپەڕاندوەو بەئاشکرا نێچیرڤان لە ڕێگەی بەکارھێنانی دەوروبەرو میدیاکەیەوە گومان لەھێزو توانای مەسرور دەکات  لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت و بەکەسێکی ھێندە لاواز وێنای دەکات کە نەیتوانیوە راستی رووداوی ھێرشەکەی سەر ریستۆرانتی ھوقابازی ھەولێر بۆ خەڵک رونبکاتەوە، لەبەرامبەریشدا مسرور بارزانی لەڕێگەی بەکارھێنانی پەڕەیەکی فەیسبوکی دەزگای دژەتیرۆرەوە تەنھا بەناوی ئەفسەرێکەوە ھێرشی چڕ دەکاتە سەر نوسەرەکەی نێچیرڤان بارزانی و بەدەر لەوەی کە بەئاماژەکردن بۆ ھەڵدانەوەی مەلەفی ئەخلاقی نوسەر، ھاوکات بە بەکارھێنانی ناوی "ئاغا"کە وەک ئیھانەکردنێک ئاماژەیە بۆناوی نێچیر و تۆمەتباری دەکات بەوەی کاتێک ئەو سەرۆکی حکومەت بووە خزمەتگوزاری نەبوە و گەندەڵی تەشەنەی کردوە،ھەربۆیە ئێستا لە حکومەتێکی بەھێز دەترسێت !

تەخوین کردنی ئامۆزاکان بەم شێوەیەی ئێستا گەرچی بۆ خەڵکێکی ئاسایی شتێکی تازەیە،بەڵام بۆ کەسانێک کە پێشتر خوێندنەوەیان بۆ دۆخی پارتی کردبێت شتێکی نوێ نیەو پێشتریش باس کراوە،چونکە ململانێی ئامۆزاکان لە باوانەوە بۆیان ماوەتەوەو ئەگەر بەریان پێنەگیرێت دورنیە لەئایندەیەکی نزیک    دا ھەرێمی کوردستان بەدۆخێکی ناھەموارو دژواردا نەبەن،چونکە ھەریەک لەوان بەھاوکاری وڵاتێکی ئیقلیمی ململانێ لەگەڵ ئەوی دیکەیان دەکات و سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و پارەی زەوەندو چەک و جبەخانەی عەنتیکەیان لەبەردەست دایە،لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ئەم بنەماڵەیەدا راستیەکی تاڵ ھەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە بنەماڵەی بارزانی و نەوەکانیان لەھەموو کاتێک دا و بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکان پەنا بۆ ھێز دەبەن و لەپێناو مانەوەیان دا ئامادەن ھێزی بێگانە بھێننە ناو خاکی ھەرێمەوە،وەک ھێنانی ھێزی چریکەکان ساڵی ۱۹٦۸ و ھێنانی سوپای بەعس لەساڵی ۱۹۹٦و جێگیرکردنی سوپای تورکیا لەناو خاکی ھەرێم دا لەسەروبەندی شەڕی ناوخۆوە تا ھەنوکە.