سەردێڕ:

ئەو کاتەی مەلا مەختیار خۆی لەبیردەچێتەوە

7/22/2019 2:54:07 PM
11135 جار خوێندراوەتەوە
سەرکەوت مەلا ئەفەندی
+ -

ئەوکاتەی بۆ یەکەم جار لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە ماوەی مسعود بارزانی بۆ دووساڵیتری لەدوای کۆتایھاتنی ماوەکەی بۆ درێژکرایەوە مەلا بەختیار وەک ئەندازیاری ئەم کارە ناقانونیە لەشاشەکانەوە دەرکەوت و بەڵێنی ئەوەی دەدا دەستوری ھەرێم کە پێشتر بەدڵی پارتی نوسرابوو دەگەڕێتەوە پەرلەمان و ئەمجارە بەدڵی ھەمووان دەنوسرێتەوە،دوای زەمەنێک ھێشتا دەستور لەکونجی ڕەفەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیەو تۆزی لێ نیشتوە، ئەوەی مەلا بەختیاریش ئیدیعای بۆکرد جگە لە قسە ھیچی دیکە نەبوو،دەرئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە یەکێتی لەھەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۳دا لەسەر درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی شکستی خوارد،لەبەر ئەوە سەیرنیە بەلامەوە ئەم پیاوە ماوەیەک جارێک دەربکەوێت و بۆ ئەستۆپاکی خۆی بە نوسینی پڕۆژەو کۆڕوکۆبونەوەو کۆمەڵێک قسەی کرچ و کاڵی عاتفی و ھێرشکردن بۆ دۆستەکانی و خۆسەرقاڵکردن بە گێڕانەوەی حیکایەتەوە بیەوێ بەرائەت نیشان بدات و خۆی بخاتە دەرەوەی ھەموو ئەو ڕووداوانەی روویانداوە،کە بەشێکی زۆریان لەئەستۆی ئەمدان و خۆی بکەربوە و بڕیار بەدەستی باڵای حزب بووە،ئەو کە ھەمیشە لەکاتی قسەکردنیدا یان مێژوو دەکاتە شاھید،یان بەقەولی خۆی بۆ مێژوو قسە دەکات،ھەربۆیە دەمەوێت لێرەدا بەسەر رابردوویدا تێنەپەڕم و رووداوێکی مێژوویی کەبەسەر خۆیدا ھاتوە و لە دووڕۆژی رابردوودا زۆرترین جار لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە جارێکیتر خۆی ئاسا وەک حیکایەتخوانێک بەبیری بھێنمەوە.

برایم جەلال لە کتێبی چەپکێک لە مێژوی کۆمەڵە دەنوسێت" منیان دانابو بۆ ئەوەی لێپیچینەوە لە مەلا بەختیار بکەم کە گیرابو لامان، رۆژی ١٥-١٢-١٩٨٥ ڕۆشتم بۆ سجن بۆلای وتم؛ بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەیە گولە باران بکرێیت،لەوەڵامدا مەلا بەختیار دەستی کرد بە گریان وتی؛ یانی زیلان بێ باوک ئەبێت؟ وتی ئەی ئەگەر ئیعتیراف لەسەر ھەمو شتێک بکەم؟ وتم بۆستە جوابت ئەیەمەوە.

رۆژی ١٦-١٢-١٩٨٥ رۆشتمەوە بۆلای پێم وت لە گولە باران دەتبورن ھەر ماوەیەک سجن ئەبیت، بەڵام بڕیاری دەرکردنت لە یەکێتی دراوە. وتی؛ زۆر باشە تەسجیلێک بێنە با ئیعتیراف بکەم، وتم نا بە دەست و خەتی خۆت بینوسە ئەویش کەوتە نوسینی ناوی ھەمو ئەندام لق و شانە و ڕێکخستنەکانی ئاش(ناوی ئەو ڕێکخراو یان حیزبەی مەلا بەختیار بو کە ویستی لە یەکێتی جیای بکاتەوە)،ئەو رۆژە مەلا بەختیار ناوی ھەموو ئەوکەسانە دەخاتە سەر وەرەقە کە بەنھێنی کاریان لەگەڵ دا کردوەو ئاشکرایان دەکات بۆ سەرکردایەتی !

با لەمێژووی ئاڵای شۆڕش و دەستگیرکردن و ئیعتیرافکردنەکانی لەشاخ بگەڕێین،تەنھا باسێک لەم چەند ساڵەی رابردووی ئەم پیاوە بکەین و بپرسین یەکێتی بۆوایلێھات کە جەماوەری لێ بتۆرێت و بکەوێتە ئەم دۆخە چەقبەستوەی ئێستایەوە؟ کێ یەکەم کەس بوو کە پەنای بردە بەر دروستکردنی میدیای تاکە کەسی بڵندگۆی لەحزب جیاکردەوە؟ لەپێناو چیدا بەدەیان ھەزار کەس لەجەماوەری یەکێتی لەحزب دەرپەڕێندران؟ کێ بەڵێنی بەپارتی و خودی مسعود بارزانی دابوو کەنەھێڵێت ڕێککەوتننامەی گۆڕان و یەکێتی سەربگرێت و کارەکەشی سەریگرت؟

کاک بەختیار کە ئێستا بەرەو کۆتایەکانی تەمەنی سیاسی دەچێت و شتێکی تازەی پێ نەماوە بۆ وتن دواپڕۆژەی ئەوەبوو کە ئاڵا ھەڵگری ریفراندۆمە شومەکە بوو کە لەبەرامبەردا دوو ملیۆن دۆلاری بەسەفتە لەپارتی وەرگرت،ئەو کە بزنسی بە ریفراندۆمێکەوە کردبێت و چارەنوسی پێنج ملیۆن کەسی گۆڕیبێتەوە بە دوو ملیۆن دۆلار ھەردەبێت لەم چەند مانگە کەمەی تەمەنی سیاسی خۆیدا وەک وەفایەک بۆ پارتی رۆڵێک بگێڕێت کە جێی دەستخۆشی پارتی بێت و لەواقیعیشدا بەناو پڕۆژەکەی کاک بەختیار لەم کاتەدا نەک خزمەت بەیەکێتی ناکات،بەڵکو بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوەو لەم تەوقیتەدا بڵاویکردوەتەوە و چەند ئامانجو مەبەستێکی ھەیە و یەکێک لەوانە کارکردنە بەئاراستەی ئەوەی جارێکیتر یەکێتی و گۆڕان لەیەکتر دوربخاتەوە بەتایبەت لەئێستادا کەچاوەکان لەسەر زیندوکردنەوەی رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕانن و جارێکیتر لێک نزیکبونەتەوە.

ھەروەھا ئامانجێکی دیکەی پڕۆژەکەی مەلا بەختیار بۆ ئەوەیە ماھیەتی گەنجەکانی یەکێتی نەھێڵێت،بەشێوەیەک رایگشتی لەوە ئاگاداربکاتەوە کە حزبەکەی کەوتوەتە دەست چەند گەنجێک و ئاراستەی حزب بۆ شوێنێکی نادیار دەبەن،ئەم بۆچونە سەراپای خزمەتە بە نەیارەکانی یەکێتی و چەواشەکردنی ئەندام و کادرو دڵسۆزانی حزب،چونکە ئەوە راستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە یەکێتی لەسەر دەستی گەنجەکان لەدوو ھەڵبژاردنی رابردوودا توانیویەتی لەرووی جەماوەریەوە گەشە بکاتەوە،وە لەدوای راپەرینیشەوە پارتی چی ویستبێت بەدڵی ئەو بوە،ئەوە گەنجەکانی یەکێتی بوون کە لەماوەی رابردوودا پارتیان وەستاندو ھاوسەنگی ھێزیان گەڕاندەوە.

ھاوکات یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی پڕۆژەکەی مەلا بەختیار لەم کاتەدا مەلا نەبەستنی کۆنگرەیە،چونکە دڵنیایە لەکۆنگرەدا دەرناچێت و بەدەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە،وە ئەگەرێکی دوریش نیە یەکێتی لەدوای کۆنگرە راپێچی دادگای حزبی نەکات و ھەموو لێپرسینەوەیەکی لەسەر خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی لەناو حزب دا لەگەڵ نەکات.