سەردێڕ:

ئاشی نەزان خوا نایگێڕێت

6/22/2019 4:45:10 PM
5080 جار خوێندراوەتەوە
هەردی عەباس
+ -

وەزارەتێکی گەورەی وەک پەروەردە، بەو ھەموو دەزگا و دەمەزراوە و لقەی خۆیەوە، کەم بھێنێ لەوەی بتوانێ شەش یا حەوت لاپەڕەی قەبارە ئەی چوار ئامادە و چاپ بکات، ئاخر ئەمە کارەسات نەبێ داخۆ چیبێ؟!

ڕاستیەکەی مرۆڤ بیەوێ قسە لەسەر بەدبەختیەکی وا بکات، دۆش دائەمێنێ و نازانێ چی بێژێ و لەکوێوە دەست پێبکات!؟ یەعنی پرسیار نووسین لێرەدا، دەبێ ھەڵگری چ مەغزاو سڕێک بێت کە پیاوە ”بەئەزموونەکان”ی وەزارەت وا گیریان خواردبێ بەدەستیەوە؟!
داخۆ لە دانانی پرسیارەکاندا، ڕەچاوی گشت ئامانجە پەروەردەییەکانی (ڕەفتاری،ویژدانی، دەروون جۆڵەیی) یان کردووە؟! یا نەخوازەڵا تۆ بڵێی ویستبێتیان پرسیارە وەزارییەکانی ئەمساڵ ھاوشێوەی پرسیارەکانی کۆمارەکەی ئەفلاتۆن بێ و، قوتابیانی داماو نەیانزانیوە کە لە تاقیکردنەوەیەکی قووڵی فەلسەفیدا بوون. بەڕاستی موھیمە!!؟؟

خۆ ڕەنگە ئێستا بیانو بھێننەوە و بڵێن، پرسیارەکان مرۆڤ دایناون و مرۆڤیش قابیل بە ھەڵەیە، بەڵام نا، ھەرگیز ئەم بیانوە ناخوا، ئەم جۆرە ھەڵانە ڕێک دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەوانەی پرسیارەکانیان داناوە ھیچ شارەزا نەبوون، بەڵکو ئەسڵەن پرسیارەکان نەخوێندراونەتەوە و وردبینیشیان بۆ نەکراوە، ھەر گومان دەکرێت لەوەی پرسیارەکان چۆن و کێ ئاوا نوسیونی؟!
لە ئێستاشدا دەیانەوێت پەنی گەورەی پرسیارە وەزارییەکان بە بەخشینی چەن نمرەیەک بە خوێندکار پینە بکەن، ئەمەش وەک مژدانە و پیاوەتی دەبەخشنەوە، ئەرێ بەڕاست بەخشینی نمرە، وەرگیراوی کام ئەزمونە؟ چ بنەمایەکی پەروەردەیی و دادگەری ئەمە قبوڵ ئەکات؟

خوێندکارێک کە ساڵێکی تەواو لە دۆخێکی دەروونی پڕ لە سترێس و شڵەژاندا بێت و دواتر پرسیاری ناتەواوی زانستی و ئیملائی بخرێتە بەردەست، دەبێ حاڵی چی لێبێیت؟ ئەی کاریگەرییە دەرونییە نەرێنییەکانی پرسیارە ھەڵەکان لەسەر قوتابی لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تری ھەمان بابەت و تەنانەت بابەتەکانی تریش چۆن قەرەبو دەکرێنەوە؟

پرۆسەی تاقیکردنەوەکان کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ھەر سیستەمێکی پەروەردە پێکدێنێت و ڕەنگدانەوەی یەکلاکەرەوەی لە پێشوەچونەکانی ڕەوشی پەروەردەدا ھەیە، باسکردن لە سیستەمی ھەڵسەگاندن و تاقیکردنەوەکان بەگشتی، کات و دەرفەتی زۆری گەرەکە، بەڵام لە باشترین حاڵەتیشدا سیستەمی تاقیکردنەوەکانی ئێمە پڕن لە خواروخێچی و ھەرگیز پەروەردە ناگەیەننە مەنزڵ، جا وەرە پرسیاری تاقیکردنەوەشت پڕبن لە ھەڵە و گومان!تاقیکردنەوەیەک لەو گەرمایەدا و لە سێبەری فوی موبەڕیدەیەکی شەقوشڕدا ”ھەڵبەت موبەڕیدەکەش یا کارەباکە گەر ھەبن” دەبێ چیمان بۆ تاقی بکاتەوە؟ بەڕاست ئەم وەحشەتە تاکەی؟!

ئەوەی ناسۆرەکە قووڵتر دەکات، سەرەڕای نەبوونی بەدواداچوون و لێپێچینەوەی توند لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەند بە دانانی پرسیار، ھەڕەشە لەو کەسانە دەکەن کە پەردەیان لەسەر ھەڵە ئاشکراکانی سوعالە وەزاریەکان ھەڵداوە.

وا گریمان ھەڵە زانستیەکان دەکرێ ڕوو بدەن و ئاسایین، ئەی ئەو ھەموو ھەڵەیە لە ڕێنووسدا؟ ھەڵەی ڕێنووسی ھیچ نیە جگە لە نەزانی و بێبەھا تەماشاکردنی زمانی کوردی، دڵنیام پرسیاردانەرەکان ئێستاشی لەگەڵدا بێت ناتوانن ھەڵە ڕێنوسیەکانی خۆیان چاک بکەنەوە. 
ئەو بێبەھاکردنەی زمان لە وڵاتی ئێمەدا ھەیە شتێکی بێ وێنەیە، ناحەقی پرسیاردانەرەکان نیە، کام نوسراوی فەرمی و نافەرمی داودەزگا دەوڵەتیەکان، پڕ نین لە ھەڵەی ڕێنوسی و داڕشتن؟

من لێرەوە ئاڵنگاری ھەموو بەڕێوەبەر و بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە دەکەم ، ئەگەر زۆربەیان بتوانن نوسراوێکی سێ دێڕی بێ ھەڵەی ڕێنوسی و زمانەوانی بنوسن!

بەداخەوە پەروەردەی ئێمە پڕە لە کەموکورتی دووبارە و بە ئاسایی تەماشاکراو، کە ھەر دەڕوات و بەردەوامین لەسەری.
بەڕێزان، بۆ ڕاستکردنەوەی باری نالەباری پەروەردە،دەبێت کایەکە بخرێتەوە دەست ئەھلی شیاوی خۆی، وەگەرنا تا لە بارەگا حیزبیەکانەوە و بە پێوەری حیزبی بڕیار لە پەروەردە بدرێت، ئەوا ئەم خوێن لێچوونە ھەر بەردەوام دەبێت. ئاخر پەروەردە ڕێک پێویستی بە جۆرێک بیرکردنەوەیە کە پێیدەوترێت ”بیری پەروەردەیی”و لەوە بترازێ ھیچی تر قبوڵ ناکات.