سەردێڕ:

ئەمەی ئێستا دوو ئیدارەیی نیە؟

6/19/2019 9:19:50 AM
7970 جار خوێندراوەتەوە
ئاری هەرسین
+ -

لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ لە ساڵەکانی نەوەد، ھەرێمی کوردستان بوو بە دوو ئیدارە. لە دوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ باس لە یەکگرتنەوەی ئەم دوو ئیدارەیە دەکرێت.
قەوارەیەکی جوگرافی سیاسی (ئیتر دەوڵەتکی سەربەخۆ بێت یان ھەرێمێک) چوارچێوەیەکی تەعریف کراوە کە لە ڕوی دەزگای ھەواڵگری، سوپا، ئابوری و پەیوەندیەکانی دەرەوە مەرکەزیەتی تێدا بەدیدەکرێت. ئەو مەرکەزیەتەیە کە یەک ئیدارەیی لەو دەوڵەتە یان لەو ھەرێمەدا دەڕەخسێنێت. با بزانین لە ھەرێمی کوردستان یەک ئیدارە ھەیە یان دوان؟

دەزگای ھەواڵگری: دەزگای پاراستن و زانیاری کە دوو ناوەندی ھەواڵگرین لە ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستا یەکیان نەگرتۆتەوە. بڕواناکەم بۆ ڕاستی و دروستی ئەم قسەیە کەس پێویستی بە بەڵگە ھەبێت.

سوپا: ئێمە لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتێکمان ھەیە بەناوی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام نە وەزیری پێشمەرگە و نە سەرۆکی ھەرێم (کە بە قانون فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە)، دەسەڵاتیان بەسەر ھەموو ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستاندا نیە. بە نموونە یەکەی ٧٠ و ٨٠ فەرمان لە دوو مەرجەعی جیاواز وەردەگرن. بە ھەمان شێوە بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی زێڕەڤانی (کە ھەردوکیان سەر بە وەزارەتی ناوخۆنی) دوو مەرجەعی جیاوازیان ھەیە. وابزانم بۆ ئەمەشیان پێویست بە بەڵگە ھێنانەوە ناکات.

ئابوری و ژێرخانەکەی: سەرچاوەی سەرەکی داھاتی ھەرێمی کوردستان فرۆشتنی نەوت، داھاتی تری ناوخۆ (بە پلەی یەک خاڵە سنوریەکان) و بەشە بوجەکەمانە کە لە بەغداوە دێت و، خەرجی سەرەکی حکومەتی ھەرێم بە پلەی یەکەم مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە. تەنیا ئابوریەکی ھاوبەش و یەکگرتوو کە لەم ھەرێمەدا ھەبێت دابەشکردنی مووچەی ئەو لەشکرە فەرمانبەرەیە کە لە ئەنجامی نەبوونی یەک ئیدارەییەوە دروست بووە. پتەوکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوریش لەمدیو و ئەودیوی دێگەڵە بەبەرچاوی ھەموانەوە دیارە، کە نەک ھەر وەک یەک نیە، بەڵکو لێکچونیان زۆر لەیەکەوە دوورە.

پەیوەندییەکانی دەرەوە: بەپێی قانون و ڕێساکان دەبوو ھەرچی پەیوەندییەکانی ھەرێمە لەگەڵ دەرەوەدا و لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە ڕێی سەرۆکایەتی ھەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بێت. بەڵام ھیچ ھەماھەنگیەک لە نێوان پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئیدارەی سلێمانی و حکومەتی ھەرێمدا نیە و، یەک ئەجێندا و یەک تێگەیشتن لە گۆڕێدا نیە.

ئیتر پێویست ناکات ھیچ کەسێک ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات. چونکە لە ئێستادا دوو ئیدارەیی بوونی ھەیە و تەنیا ئەوەیە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. ئێمەمانانیش کە لە ڕابوردودا باسی دوو ئیدارەیمان دەکرد، تەنیا داواکار بووین بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی ھەر ڕۆژە و کەسێک ھەڵنەسێت ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات و میللەتەکەمان توشی دڵەڕاوکێ بکات.