سەردێڕ:

شاسوار ئازاد بکەن

5/23/2019 9:56:05 PM
3126 جار خوێندراوەتەوە
هێرش ئەنوەر
+ -

گەر شاسوار لەسەر ھەڵوێستی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئەو ھەموو نا دادییەی لەگەڵ بکرێت، باشە بەم پێوەرە دەبێت سەروەت دزەکانی نیشتمان چییان لەگەڵ بکرێت؟ یان بازرگانەکانی دەرمانی ئێکسپایەر و دەرزی کوێرکردن بەکوێدەگەن؟ ئەی بازرگانە خرپنەکانی نەوت و چەکی لەگەڵ داعش چییان لێدێت؟ یان ئەوانەی لە سەدا پەنجاویەکی خاکی کوردستان و خوێنی شەھیدانیان فرۆشت چارەنوسیان چی دەبێت؟ نا بێگومان ئەوەی لەگەڵ شاسوار دەکرێت گەمەیەکە لە بوغز و نەخۆشی سیاسی زیاتر ھیچیتر نییە ، ئەمە نە سیاسەتێکی دروستە و نە یاساییە، ھێز کەوتووەتە دەستی کۆڵان وە لەو لۆژیکەوە ئەم بڕیارە بوغزاویە جێبەجێ دەبێت.

کاتێک دەوڵەتێکی وەک تورکیا گاڵتەمان پێدەکات باسی دەوڵەت دەکەین ئێمەی بێدەسەڵاتی خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خاکە زۆر پێمان ناخۆشە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان باش ئەم کۆڵانیانە دەناسن بۆیە نەک گاڵتە، بەڵکو فشەیان پێدێت، ھەرێم یان دەوڵەت کە خاوەنی پەرلمان بێت بێگومان زۆر گرنگە ئۆپۆزسیۆنی ھەبێت وە بە تایبەت ھێزێکی مەدەنی وەک حزبەکەی شاسوار تا دەست لەسەر کەموکوڕییەکان دانێت، شاسوار ٨ کورسی لەم ھەرێمە ھەیە واتە خاوەنی دەنگێکی بەرچاوی ھاوڵاتی ئەم ھەرێمەیە بۆچی لەبری مامەڵەکردن لەگەڵی وەک ئۆپۆزسیۆن دژایەتی بکرێت؟ یان گەر دژایەتیشی دەکەن لەچوارچێوەی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن نەک مامەڵەی تیرۆری لەگەڵ بکەن.

لە تورکیایەکی دژە دۆزی کورد دەمیرتاش کە خاوەنی حزبێکی کوردییە لە نێو بەندینخانەکاندا خۆی دەپاڵێوێت بۆ سەرۆکی وڵات ڕێگەی پێدەدرێت ، ئێوە لەسەر ھەڵوێستی بچوک بچوکی ئاسایی ڕێگە نادەن پارێزەرەکەشی بیبینێ. ئەمە لە کوێی دیموکراتی و مافی مرۆڤدا جێی دەبێتەوە یان ئەمەش ھەر بە لۆژیکی فەنتەڵۆسیە ھەمیشەییەکەوە بێباکن، بەڵێ بازرگان گەلێک لە سەر لاشەی میلەت کەی خەمی ئەوەیە تێک نەچێت، ئەم قەوارەیە کەی کێشەی ئەوەیە بازاڕ بژێوی نەژێوی، پایەکانی دیموکراتی، ماف، یاسایە. ئەو وەک (گەنە) کەوتووەتە سەر لاشەی میلەت و خوێنی دەمژێ.