سەردێڕ:

چۆن ئەم بەستەڵەکە بشکێت ؟

5/20/2019 10:24:58 PM
6993 جار خوێندراوەتەوە
دانا حەسەن محەمەد
+ -

ئەم ھەرێمەمان... ھەرێمی کوردستانی عێراق، بە چەند کارەساتێکی سیاسی و ئەمنی و ئابوریدا تێپەڕیوە، دوا بە دوای تێکشکاندنی ژێرخانی ئابووری و دامودەزگا مەدەنی وکۆمەڵایەتیەکانی ھەرێم (ساڵی  ١٩٩١) لەلایەن "بەرەی کوردستانی" کەئێستا زیاتر پارتی ویەکێتی میرات گری  ئەو "بەرەیەن"، بێئاگا بوون لەوەی کە ئێمەی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە وا فێرکرابووین پشت بە حکومەت و دەوڵەت ببەستین لە دابین کردنی پێداویستی و خزمەت گوزارییەکان، ئەو حکومەتەی کە لە "کن فیکون" ێکدا بە زەبری ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بوو بە ھەڵمی ئاو و ئێمەی خستە دنیایەکی تاریکتر و ترسناکترەوە. بەڵام سەرباقی ئەم  ھەموو دابڕان و برسێتی و دەربەدەری و نەھامەتیە زۆرینەمان چوینە سەر سندوقی دەنگدان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانمان (ساڵی ١٩٩٢).

ئایا حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێ بۆشایی نێوان خۆی و شارستانیەت پڕبکاتەوە (١٩٩٢ - ٢٠٢٢ ) ؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە زۆر گەشبین نیم، ھەوڵدەدەم ھەندێ لە بەربەستەکان بخەمەڕوو کە ڕێگرن لەم دەربازبوونە، کۆمەڵگەی ئێمە تا تەپڵی سەری نقوومی ھزر و سیستەمی خێڵەکی و بنەماڵەیە، کە دوورە لەفکری ھاوچەرخی مەدەنیەتەوە، ڕۆژانە لە ڕێگای میدیاکانەوە دەیان کەس بەناو (بەرپرس ونوخبەو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی) ەوە بە قات و بۆینباخەوە لێدوان و شیکارو ئامۆژگاریمان دەکەن کە ئێمەی ھاوڵاتی چەندە بێئاگاین لەژیان و پرۆسەی  دیموکراسی، لەکاتێکدا زۆربەی زۆری کوڕو کچ و زاواو بووک و پسمام و ھاڤلینگ...ھتدی ئەم ڕاوێژکار و خەمخۆرانەمان (بەرپرس ونوخبەو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی) لە خێرو  بێری ئێمەی دواکەوتوودا پساون وھەناسەیان سواربووە و بوون بە ملیۆنێر و بلیۆنێر.  
ئاشکرایە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی وئابووری ھەرێمی کوردستانی عێراق پێکھاتەیەکی خێڵەکی و بنەماڵەیە، لێرەدا پرسیارێک دەکەم؟  ھیچ تاکە کەسێک یاخود خێزانیکی سەر بەم بنەماڵانەو وخێڵانە لە ١٠٠ ساڵی ڕابووردوودا و لەم ھەرێمەی ئێمەدا توانیویانە ھەڵگەرێنەوە لە سەرۆک خێڵەکانیان و کودەتا بکەن و جڵەوی کاروباری عەشرەتەکانیان بگرنە دەست؟... نەخێر نیە... بۆ کودەتا بکرێت...خۆ خێڵ و بنەماڵە حزبی سیاسی نیە و لە ھەمان کاتدا خێڵ و بنەماڵەیەک نیە لەم ھەرێمە نوێنەرایەتی نەبێ لە ناو ھەموو حزبە کوردستانیەکان لە چەپەوە بۆ ڕاست لە ھەولێرەوە بۆ بغداد لە تارانەوە بۆ واشنتۆن. ئی دی ئەم (بەرپرس ونوخبە و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی) یانە با بەس باسی دیموکراسیەت بکەن! چونکە ئەوە ھەڵەیەک و چەواشەکارییەکی  گەورەیە دەرحەق بە بیرو ھۆشی تاکی کورد، ئەمەی ئێستا ئەگوزەرێ (پڕۆسەی سیاسی و دامەزراندی حکومەت) تەنھا بریتیە لە ڕاگرتنی ھاوسەنگی بنەماڵە و خێڵەکی لە ھەرێم  و لە ھەموو ھەرێمەکانی ئاییندەی حوکمڕانی کوردان.

ھۆشیاری ئینتیمای سیاسی لەم ھەرێمە بە قەرنێکی ١٠٠ ساڵی لە دواوەیە و کەموکوڕیەکی زۆری تێدایە بە بەراورد بە ڕەوشی سیاسی جیھانی، لەم ھەرێمەی ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین دانیشتوانەکەی دابەش بوون بەسەر سێ ئاڕاستەی سیاسی  سادەدا، یان لایەنگر و ئینتمای ئیسلامین، یان ناسیۆلیزمین، یان چەپ ڕەو و شیوعین کە ھە موویان بەشدارن لە دوو فاکتەردا، میسالیەتی سوکرات و  کشتگیری کۆمارەکەی ئیفڵاتۆن. واتە ئەم ئاڕاستانە بە ئایدیۆلوژیای ڕەھا ی سوکرات دەجوڵینرێن و لە ھەمان کاتدا بەمیکانیزمی دیکتاتۆریەتی کۆمارەکەی ئیفڵاتون کار و چالاکیەکانیان جێبەجێ دەکەن لە کاریزمای قائیدیکدا (القائدالاوحد).

باشە گەر بەدیلمان نەبێت...ئەم ئاڕاستانە دەتوانن ئەم بەستەڵکە بشکێنن و بمان پەڕێننەوە بۆ شارستانیەت دوور لە خورافات؟
- ئیسلامی سیاسی... ھەرچەندە لەژێر ناوی حوکمی خودادا ئیش دەکەن بەڵام ئامانجیان کۆنتڕولکردنی ھەرێمە تا دواتر ئێمە بۆمان نەبێ تانەو ڕەخنە لەحکومڕانیان بدەین چونکە دەخرێینە خانەی مرتەددەکانەوە (استغفراللە).ئەزموونی فاشلی حوکمڕانی ئەم ئیسلامییە سونییانە لەبەر چاوە و پێویست ناکات ھەموویان ئەژمار کەم...ئەوە ئیمبراتۆری عوسمانی، تۆبڵێ سودان و حوکمڕانی تاڵیبان، من دەڵێم سعودیە و ئەفغانیستان، ئەو دەڵێ پاکستان و میسڕ، ھە رھەموو نموونەکان چیان لێ بەرھەم ھاتوە غەیری ماڵویرانی و زوڵم و ستەم و دواکەوتوویی.
بێینە سەرحوکمی شیعی ئیسلامی سیاسی کە لە بواری پاساو جەدەل و دیبەیت و تەکتیکدا لە ئیسلامی سوننە باڵابەرزترە و وە ک ئەوان چەق بەستراو نین، بەڵام ئەمانیش لەوانی دی کە (سوننی) باشتر نین لە ڕووی خرافات و دواکەوتوییانەوە، دوور مەڕۆ ئەوە ئێرانی شیعە و توندڕەوی خومەینی کە وێڵە بەدوای بۆمبە ئەتۆمییە ونبووەکەیان!  کە ھاوکاری وکۆمەکی حزب اللە دەکات دژی خواستی لبنانیەکان و لە باشووری عێراقیش ھەمان پەیڕەو دەکات دژی دانیشتوانەکەی و تایفەکانی دی ناوچەکە کە ھەندێکییان شیعەن ومتمانەیان بەحوکمی شیعەی مەھدی چاوەڕوانکراو نیە! 
-  بڕوانە حزبە ناسیونالیزمەکانمان...لەدروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئێمەیان قۆرخ کردوە و دەست و پێمانیان زنجیر کردووە بە کودەتا و شۆرش و شەڕی ناوخۆ و کلک بەستنی ژێربەژێر لەگەڵ ھێزە دەرەکیەکانی ھەرێم و عێراق، بەوروژاندنی  ھەستی نەتەوایەتی ھەموومانیان خستۆتە خانەی ھەژاری و نەخۆشی دەروونی و خۆشیان و دەست ودائیرە و خێڵ و بنەماڵکانیان خێر و بێری ئێمەی بێ ئاگا بە تاڵان بردووە، گەر ووردبینەوە لەخۆمان دەبینین تا چ ئاستێک ئێمە بووین بەقوربانی ئەم بنەماڵە وحزبانە لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا دوێنێ کە جوتیاری عەرەب خەلە و خەرمانی جوتیاری کوردی وەک غەنیمە بە تاڵان دەبەن لە کەرکوک. لەکاتێکدا ئاڕاستەی  ناسیونالیزم لە جیھانی ئەمڕۆدا کۆتای پێھاتوە ھێشتا لای ئێمە سەرەتای بەھارێتی!

-  چەپ و شیوعیەکان... گەر مێژووی عێراق بخوێننەوە بۆت روون دەبێتەوە کە ئەم تاقمە ھەرگیز نەیانتوانیوە حکومڕانی بگرنە دەست؟ (مەگەر ماوەیەکی کەمی سەردەمی عبدالکریم قاسم نەبێ)، ئیدی دوای ئەوە ئەندامەکانیانم دەبینی جگەرەی مارلبۆرۆ و قاوەی ئێسپرێسۆ دەخۆن و پۆشاکی جینز لەبەر دەکەن، ھەر لەوێشدا جنێو بە بۆرجوازێتی کوردی و شێخ ومەلا و ئاغا دەدەن، کە شیوعیەتی جیھانی داڕما ھۆکارەکانی زۆر بوون، لەوانەش لە قاڵبدانی ھاوڵاتی بە شێوەیەکی زۆرەملێی ئایدیالی و زاڵمانە وەک وابێ ئێمە لەنەوەی فریشتە بین و قابیل و ھابیل غەریبە بن لە ئێمە، تا ڕادەیک لە نازییەکان زیاتر غەدرو جینۆساید و مافی مرۆڤیان پێشێلکرد کە چی دی تەحەمول نەدەکرا، ئەوە ستالیین کە چی نەکرد بە ڕووسەکان؟ 
بەلای منەوە داگیر کردنی ئیمپریالیزمی نێودەوڵتی بۆکورد زۆر باشترە لە داگیکردنی عەشرەتێکی دواکەوتووی  ڕەگەز پەرست. ئەوەندەی ئەم حزبە ناسیونالیزمانە (بە کورد و عەرەب وتورکەوە) قەتل و عامیان کردوین ئەوەندە ئیستعماری نێودەڵەتی لێیان نەکوشتوین!
ئەی دواڕۆژمان بەرەو کوێ؟ ...کەئێمە ھەر خاوەنی ئەمانە بین، کوا پڕۆژە فیکریە شارستانیەکەمان؟ 
ئەوە حزبە ناسیونالیزمەکانمان...کە وەک دەستە ئیرھابیەکان دەمان ڕفێنن،سجنمان دەکەن، دەمانکوژن، دەمانتۆقێنن، لاقەمان دەکەن.
ئەوە حزبە ئیسلامییەکان... تەکفیرمان دەکەن، سەرمان لەملمان دەکەنەوە.

ئێستا ئەوەی بە جێ ماوە لەمانە ئێمە و ئەو دەستەیەیە کە حکومڕانیمان دەکەن، کە لەبەر فشاری ئەمریکا ویەکێتی ئەوروپا وا خۆیان پیشان دەدەن کە "چاکسازی وپاکسازی" تەنھا چارەسەرە و دیموکراسی و ئازادی و دەربڕینی بیروڕای جیاواز ناگونجێ لەگەڵ  تایبەتمەندی ھەرێمەکە! چونکە ئێمەی حوکمکراو لەنەوەی جنۆکەین و گەر بە ئاسن و  ئاگر حوکم نەکریێن دانامرکێین و دنیا کەمان دەبێت بە فەوزاو بەڕەڵایی...بەم لۆژیکە ئێستا ئێمە حوکم دەکرێین کە ١٠٠٠ ھەزار ساڵە ئەم لۆژیکی حکومڕانیە فەشەلی ھێناوە! بەڵام ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە سوودی لە دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتی ئەمریکی کردوە کە بەڵکو خوا بکات ئەم سەرۆکە ئەمریکییە لە ھەڵبژاردنی ئاییندە دەرنەچێ و(عفا اللە عما سلف) سەرۆکێکی نوێ بێتە سەر حوکم و ئەوسا خوا کەریمە بۆ ٣٠ ساڵی دی کەی مانەوەمان لە دەسەڵات. لەلاکەی دیکەوە ئێمەی حوکمکراو زۆرینەمان جاھل و نەخوێندەوارین (نە ھەستمان بەگەڕدەخەین نەخوێندنەوە دەکەین)  فکرو ھزرمان وا پرۆگرام کراوە کە ژیان و گوزەران تەنھا بەم فۆرمەیە و خوا خراپتر نەیات! چونکە حاکمەکانمان و دەزگا میدیایەکانیان وا دەرسمان دەدەن کە دەرچوون لەو فۆڕمە ترسناکە و لەو دنیا جەھەنەم جێگامانە (ماشاللە لە بەھەشتی ئێستامان) و ئامۆژگاریمان دەکەن کە دنیا ی دەرەوە ھەموو دوژمنمانە و لە سەنگەری پیلانگێڕاندان بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئێمەی کوردی داماو!

بەکورتی و پوختی... ھەموو ئەوفۆرمە حیزبیانەی کەباسم کرد تا قیامەت دان بە مافی ھەڵبژاردەکانی ئێمەی مروڤدا نانێن گەر ئێمە وەک ڕانە مەڕ بەڕێکەین...دەبێت ھەر بنواڕین کەی میرنشینی ئال بوو ھەولێر بە غەزا ھەڵدەکوتێتە سەر میرنشینی ئال بوو سلێمانی و (یان بە پێچەوانەوە) تا ھەڵمەتی فەرھوود و بەتاڵان بردن و سەبی کردنی ژن ومنداڵمان حەڵاڵ بکەن.