سەردێڕ:

ئەوان بینای دادگا نۆژەن دەکەنەوە، ئێوە سیستەمی دادوەری نۆژەن بکەنەوە!

8/30/2019 5:13:53 PM
3306 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەلام
+ -

ماوەیەکی زۆرە خۆم دەپارێزم لەباسکردن لە حیزبی کوردی، بەڵام مایەی گاڵتەجاڕی بو، کە لەم چەند ڕۆژە، چەند گەنجێک لە سۆران و ڕانیە دەستگیرکران لەبەر ئەوەی ئیشیان لە جێگایەکدا کردووە و چاکیان کردۆتەوە یان ویستویانە چاکی بکەنەوە! لەدوا پێشھاتیشدا، ئەو گەنجانە بڕیاریان داوە کە خودی بینای دادگای ڕانیەش نۆژەن بکەنەوە!

بەو ھیوایەی گەنجانی مەڵبەند و لقەکانیش، لەجیاتی ڕاپۆرت نوسین لەسەر ئەم و ئەو و واستە و واستەکاری لە ناوەندە حکومییەکان، ھەر لە دژی نەوەی نوێ، ھەرچی چاڵ و چۆڵ ھەیە پڕی بکەنەوە! مستەفای سەید قادر و حەمە تۆفیق رەحیم و شوێنکەوتووەکانیان، لەجیاتی شەڕە دەنوک لەسەر جێگرێکی بێدەسەڵات، پاچ و خاکەناز دەستبدەنێ و گەنجانی نەوەی نوێ بەرەو ھەر جێگایەک ڕۆیشتن، ئەوان لەوێ بێنەوە و چاکیان کردبێتەوە! ئنجا بە ھەمووان، بێن و ئەو تونێلەی کۆیەشمان بۆ تەواو بکەن، کە خەریکە دەبێتە درێژخایەنترین پڕۆژەی حکومی!

ئەو حکومەتە ھی ئەوەیە بەزەییت پێیدا بێتەوە، کاتێک دەوڵەمەندێک یان سەرۆک حیزبێک دەڵێت فڵان شوێن نۆژەن دەکەمەوە، دەستی ماچ نەکات! با حکومەتیش پلانی ئەوەی ھەبوبیت، کە نۆژەنی بکاتەوە. چۆن ئەو موزایەدە دەکات؛ ئێوەش بە موزایەدە وەڵامیان بدەنەوە. ئەو دەڵێت تونێلی دەربەندیخان نۆژەندەکەمەوە، بڵێن دەستت خۆش، ھەر لە داخی تۆ ئێمە تونێلی ھەیبەتسوڵتان دروستدەکەین! ئەو دەڵێ دەروازەی سۆران دروست دەکەم، بڵێن ئێمەش بەس لە داخی تۆ دەروازەیەکی بێوێنە بۆ شارە جوانەکەی ڕەواندز دروستدەکەین! ئەو دەڵێت باخی گشتیی سلێمانی نۆژەندەکەمەوە، زۆر عەیبە ئێوە خەریکی نۆژەنکردنەوەی باخە تایبەتەکانتانن! ئەو دەڵێت بینای دادگا نۆژەندەکەمەوە، مەرد بن و قۆڵی لێھەڵماڵن، ئێوە سیستەمی دادوەری نۆژەن بکەنەوە!