سەردێڕ:

"دەریاس و لاشەکان" لە نێوان سەنا و رەخنەدا

6/12/2019 12:35:28 PM
4990 جار خوێندراوەتەوە
کامیار سابیر
+ -

"دەریاس و لاشەکان" لە نێوان سەنا و رەخنەدا

ئەم نووسیینە بەسەر دوو بەشدا، لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی رۆمانەکەدا، دابەش دەبێت.

لایەنە نێگەتیڤەکانی رۆمانەکە:-

تەنانەت لە رۆمانی فانتەسییشدا، نووسیین و هەڵێنجانی مانا و مەغزا گرنگن، نەک وشەکاریی، هێنان و بردنی وشە و تێکەڵکردنیان بەسەر یەکتردا. نووسیین هەر ئەوە نییە کە چیی دەڵێی و چییت دەوێ بینووسیت؟ بەڵکو ئەوەیە چۆن دەینووسیت؟ لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە زمانی رۆمان، دەبێ ئەمانەی تێدابێت:- کۆنکریت و زمانێکی رەوان بێت، کورت و پوخت( concise) بێت، ئاشنا بێت familiar  بە جڤاکی خوێندەوار و عەوام، روون و ورد precise  بێت، هاوکات فۆرماڵ و بەناء constructive بێت. ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگرین لە دیدی واڵتەر سکۆتی رۆماننووسی سکۆتلەندییەوە کە بەر لە دوو صەد ساڵ لەمەوبەر پێیوابووە، رۆمان جیاوازیی ئەوەی لەگەڵ کتێبی رۆمانسییدا( شیعر و پەخشان) هەیە کە رووداوەکان دەخاتەوە بەر دید و سەرنج، لەناو ذاکیرەی مرۆڤەکاندا خانەخوێییان پێدەکات و دۆخی مۆدێرنی کۆمەڵگەکان، مانیفێست دەکات. لە کاتێکدا، شیعر و پەخشان، زیاتر لایەنی ئێثێتیکی( جوانناسیی) هەیە و جۆرێک لە ئیفتیتانی شەخصییە.  

 دەریاس و لاشەکان، رۆمانێکی سیاسیی بەحتە کە بەختیار عەلیی نووسییویەتی، نەدەبووایە ئەو هەموو خورافە شیعریی و پەخشانییەی تێ بئاخێنرایە و ناوەڕۆکە سیاسییەکەی تەجرید بکرێت و بە تێرمی لەطیف Kindred، موجامەلاتی زۆر دوورودرێژ، ئیفتیتانی شەخصیی و ئارگیومێنتی ناپێویست، ناوەڕۆکە سیاسییەکەی، خاڵیی بکرێتەوە یان لای کەم، رستە و دەربڕیینەکان زیوڕێژ نەکرێن، بۆ ئەوەی مەتەڵی مەبەستە سیاسییەکان، بشارێنەوە. گومانی تێدا نییە، نووسەر، رۆماننووسێکی زۆر باشە و تەجروبەی زۆری هەیە، بەڵام واقیع ئەوەیە کە گرفتی لەگەڵ زمانی کوردییدا هەیە. ئەمەش بۆ ئەو ئیگۆ گەورەیەی دەگەڕێتەوە کە درافتی نووسیینەکانی، لای کەم نادات بە چەند گەنجێک بۆی پێدا بچنەوە و هەڵە زۆر و بۆرەکانی بۆ چاک بکەنەوە. چەندیین وشە و تێرمی بەکارهێناوە، لە قاموسی زمانی کوردیی و فەرهەنگە کۆن و نوێکانیشدا بوونیان نییە، ئەصڵەن پێدەچێ هەر لە خەیاڵدانی خۆیدا دروستی کردبن، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە رۆماننووس، زمانناس و لیگویستیک نییە کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ زماندا بکات.

بەهێزیی زمانی هەر دەقێک لەوەدایە کە وەرگێڕ بتوانێ ناوەڕۆکی ئەو دەقە( تەنانەت ئەگەر پارەگرافێکیش بێت) وەکو خۆی وەربگێڕێت. دیارە تەرجەمەی حەرفیی ناڵێم، بەڵکو کۆنتێکست و مەغزای رستەکان دەبێ وەکو خۆیان وەربگێڕێن. راستییت دەوێ هەرکەسێ ئەم رۆمانە بۆ عەرەبیی یان ئینگلیزیی، یاخود هەر زمانێکی تر وەربگێڕێت، دەبێ بەشێک لە رستەکان بپەڕێنێت، چونکە جگە لە ریتۆریکی وشە تێکەڵکردن، هیچ مەغزا و مانایەک، لە یادەوەریی خوێنەردا، جێناهێڵن؟ هەندێ رستە و پارەگراف هەن، نەک هەر موفید نیین، بەڵکو چۆن پاشوپێشیان بکەیت، مانایەک بە دەستەوە، نادەن؟ نووسەری ئەم رۆمانە، لەوە دەچێت بە رەچەڵەک و نەژاد کورد نەبێت، بەڵکو نەژاد و نەتەوەیەکی تر بێت و فێری کوردیی بووبێت! رۆحی زمانە کوردییەکەی ئەم رۆمانە، ئەوەندە خراپ دارکاریی کراوە، دەبێت جەڕاحێکی زمانەوانیی باش، بۆ زمانێکی تر، تەرجومەی بکات.

ویستت هەر دەقێکی سیاسیی کوردیی ( لێرەدا مەبەست لە وتارێکە یان ئایدیای چەند پارەگرافێک) تاقییبکەیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت بوعدە سیاسییەکەی چەند مەعریفە، فیکر و کولتووری فرە رەهەندی لەپشتەوەیە؟ ئەوە بۆ زمانێکی تر یان چەند زمانێک وەریبگێڕە، ئەوسا خەرابستان و خاکەساریی ئەو دەقە، یان بەهێزیی و شاکاریی ئەو دەقەت لەو بوعدانەوە، بۆ دەردەکەوێت! هەموو پاڵەوان و حیکایەتخوانەکان، صەنعەتی فیکر و تێڕوانیینی نووسەرەکەیە، بەتایبەتیی لە دەقی سیاسییدا( رۆمانی سیاسیی)، لە لا ٣٣دا، لە زمانی دەریاسەوە و بە لێکدانەوەی قسەکانی سەیید بورهان، ئەوە " حاڵیی بوو کە ژەنراڵ بیلال  لە راستییدا هیچ کات روتبەیەکی سەربازیی نەبووە و لەسەردەمی شەڕی گەریلاییدا دژ بە دەوڵەتە داگییرکارەکان، ئازایەتیی و زیرەکییەکی سەربازیی وەهای نواندووە، هەوادارانی بۆ خۆشەویستیی و رێز، نازناوی ژەنراڵیان داوەتێ". گومانی تێدا نییە ژەنراڵ بیلال، مەبەستی لە شەخصی نەوشیروان موصطەفایە(نم) و دەوڵەتانی داگییرکاریش، مەبەستی لە عێراق و ئێرانە.

لایەنە لوغزاویی و لێڵییەکەی
ambiguity  ئەو ئارگیومێنت و کۆوتەیشنە ناڵێم، واتە رووکارە ئەدەبییەکەی ناڵێم، بەڵكو مەغزا سیاسییەکەی دەڵێم، تەعبیر لە فیکری سیاسیی نووسەر دەکات کە رێک وەکو ئەیام زەمانی میلیشیاکانی کوردایەتیی لە شاخ، بە شیعری حەماسیی  و بە پەخشانی ژێر خێوەتی مەقەڕەکان و  خورافاتی شاعیرە سیاسییەکان، بە عێراق و ئێرانیان دەگوت داگییرکار، بەڵام لە ستانداردی جیهانیی و هاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمە بەس گەندوگووی فیکریی ئەو سیاسیی و رۆشنبییرانەیە کە تەجاوزی عوقدەی نەژادیی و گێرەی کوردایەتییان، نەکردووە. ئەصڵەن ناوەڕۆکی ئەو کۆنتێکستە بۆ فارسیی و عەرەبیی، وەربگێڕێن، جگە لەوەی وەرگێڕەکەی ئەگەر کەمێک عەقڵانیی بێت، داگییرکار هەر لادەبات، بەڵام ئەگەر گوتمان کردی بە المحتل و اشغالگر، ئایا بەڕاستیی کابرای عەرەب و فارس کە رۆمانی نووسەرێکی مەزنی  کورد بخوێنێتەوە، چەقەنە بۆ عەقڵ و فیکری سیاسیی لێنادات؟  ئەوە بۆ ئینگلیزیی Occupier  هەر مەسخەرەتر، دەردەچێت. ئەم چەمکی داگییرکارییە تەنیا بۆ داگییرکردنی بەشێک لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریاوە، لە لایەن دەوڵەوتی تورکیەوە، دروستە. بە دەر لەوە، کۆنتێکستە سیاسیی و مەعریفییەکەی رێک لە  ئاوەزی ئەوانە دەچێت، دوای عەمالەتی ریفراندۆمە موخابەراتییەکە کەوتبوون.  هەر ئەمەشە، وایکردووە کە نووسەر، لەسەر گەورەتریین حەماقەتی سیاسیی و  قەشمەرییاتی کولتووریی ریفراندۆم لە مێژووی سیاسیی کورددا،  حەرفێکی فیکریی و سیاسیی، شەدەیەکی مەعریفیی و فەلسەفیی، بۆ گوتن نەبوو.

ئەم رۆمانە سیاسییە، زیاتر جەخت لە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی عێراق، فۆرمی حکومەت، دەسەڵاتی کوردیی و قۆرغکارییەکانیان دەکاتەوە. یەکێک لە باشتریین رۆمانەکانی نووسەر ئەژمار دەکرێ ئەگەر لە بۆچوونی عەقڵانیی فیکریی و ویژدانیی نووسەرەوە هەڵقوڵابێت. لێرەدا گرنگە ئەوە باس بکرێ کە هیوادارم من هەڵەبم، ئەویش ئەوەیە، خۆزگە قەناعەتی فیکریی و سیاسیی نووسەر بووایە کە سیمبوڵی وەهمەکانی سلێمانیی، ئۆپۆزسیۆن و کاراکتەرە گەورەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی( ژەنراڵ بیلال ئەشکزاد) شاری ناو رۆمانەکە( کە سلێمانییە)، نەک هەر رەخنەبارانی کردوون، بگرە دارکارییەکی مێژوویی گەورەی مێژووی سیاسیی شاری سلێمانیی و زۆنی ناسیۆنالیزمی( بابانیی و قەڵاچوالانیی ) کردووە. گرفت ئەوەیە، دارکارییەکە نە سیاسییە، نە کولتوورییە، نە مەعریفییە و نە فیکرییە، بەڵکو غوبنی بییرکردنەوە پاسیفیستەکانی نووسەرە.  بە پێچەوانەوە، پاڵنەری نووسیینی ئەم رۆمانە کە دوای یەک ساڵ لە مردنی نم، نووسراوە ئەگەر هەمان ئەو مۆتیڤە بێت کە نووسەر لە باس و رووداودا دەینووسی، ئەوە بە باوەڕی من لە کرێدتی رۆمانەکە  زۆر کەم دەکاتەوە١ هیوادارم ئەمەی دواییان نەبێت و من تەواو هەڵە بم.

لایەنە پۆزەتیڤەکانی رۆمانەکە

لە زمانی حیکایەتوانەوە، دەسەڵاتی شێخنشیینیی بنەماڵەی بارزانیی، بەمشێوەیە دەدەڵەمێنێت: کوڕە گەورەکەی مەلا موصطەفا( سەردار قەمەرخانیی) گەرچیی گەمژەیەکی نەفام و بێ دەموپل بوو، کردیان بەسەردار بۆ ئەوەی پشتاوپشت و نەوە لە دوای نەوە، سەرۆکایەتیی بۆ نەوەکانی جێبهێڵێت( لا ٧- ٨ ). بەدەر لەوەی رۆماننووس، نازانێت یان خۆی لێ بێئاگا دەکات کە مەسعود بارزانیی، کوڕە گەورە  نەبوو، ئیدریس گەورەتر بوو، چەند کوڕێکی گەورەتریشی هەبوو! پێشتر بە صەفەقاتی نێوان کوردایەتییەکەی بارزانیی و عروبەکەی صەدام، تێرۆر کران.  هاوکات، رۆڵی پاوانخوازیی و  دەوری خۆئیبرازکردنی مام جەلال( جەنابییان= ئەمیر تەلاران)، لە دوای مردنی قەمەرخانیی، بە زمانێکی سیاسیی کە لێدانە لە ئەدەبییاتی فشەی کوردایەتیی و شۆڕشی میلیشیایی و چەتەگەریی (نوێ و گوڵان)، هاوکات لێدانە لەو ناسیۆنالیزمە بابانییەی بۆ صەدەیەک زیاترە، سلێمانیی  کۆتوبەند کردووە،  بەمشێوەیە بەیان دەکات( یەکەم کەس بوو، شەڕی چەتەگەریی و گەریلایی، دژ بە دەوڵەت راگەیاند( لا ٨). لێرە بە دواوە، بە باسکردنێکی کورتی بارزانیی و تاڵەبانیی، تەواوی رۆمانەکە لەسەر وەهم و خورافەی ژەنراڵی رۆمانەکە ( نم) کە یەکێکە لە رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی بابانیی،  هەروەها  ئیگۆ  پڕ لە وەهم و شۆڕشگێڕییەکانی! سلێمانیی، بنیات دەنێت.

خالید حوسێنیی( ئەفغانیی-ئەمێریکیی)، پێیوایە نووسیینی رۆمان،  لە چنیینی زنجییرە درۆیەک دەچێت کە بە حەقیقەتێکی مەزنت، دەگەیەنن. رووداوە خورافیی و خەیاڵییەکانی مێشکی نووسەریش، وێڕای ئەوەی هەزاران درۆ و خورافاتی چنییوە، هەزاران شێر و رێویی تێکەڵ بە ئەندێشە پڕ لە فەنتازییەکانی خۆی کردووە،  هاوکات بۆ ئەوەی بەر رقی  کادیر و پیاوانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان وحیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان نەکەوێت، ئەمەندەی رووداوەکان، کاراکتەرەکان و مێژووەکانی پاش و پێش، کردوون یان بە ئەنقەست و بەهەوای ئەدەبیی، لە خەیاڵدا دایتاشیون، بۆ ئەوەی هەمیشە بڵێ مەبەست لە سیاسییەکانی کورد، لە شاری سلێمانیی و لە کوردستان نییە. بۆ نموونە سەبارەت بە نم، لا ١٠٥ دا، نووسراوە" شار نوقمی خورافات بووە، ئەشکزاد ئەفسانەیە و بە مردنی ئەویش هەموو شتەکان تێکدەچێت و شۆڕش تۆزی بە بادا دەچێت" لە لا١٠٥ دا  درۆیەکی گەورەی ئارکیۆلۆجیی و مێژوویی بەناوی سلێمانییەوە دەکات و تەمەنی بە هەزاران ساڵ دەقەبڵێنێت، ئەمە بۆ ئەوەیە ئەو مەیدانەی رۆمانەکەی تێدا بنیاتنراوە کە سلێمانییە، واقیعەکە  بەلایەکی تردا بەرێت و بیجەڕێنێت.

ئەو شتەی  رۆشنبییریی (ثقافةی) پێدەگوترێ لە ئێستای سلێمانییدا، نووسەر بە ئەندێشەی خۆی رائیدی بەشێکیەتی و کۆمەڵێ گەنجیش بەناوی چەپ، عەلمانیی و ئەدەبدۆستەوە لە لایەنگرانین، بەشەکەی تریش بە ئەندێشەی رۆماننووس، هەندێ رۆشنبییرن کە لە ئەشکزاد نزیک بوونەوە، بەیعەتیان پێیدا و لە وێنەی ئەرشەد صاحیبدا، تەجەلا و تەعالایان دەکات و بە رۆشنبییری بچووک و لاچەپەک، ئەژماردیان دەکات لا١٥١. لە چەند شوێنی تر، هەیبەتی ئەم جۆرە رۆشنبییرانە دەشکێنێت، گاڵتە بە رۆشنبییری وەکو ئەرشەد صاحیب دەکات و دەڵێ کاری ئەوە بوو تارماییەک دروست بکات و بەرەڵای بکاتە ئەم شارەوە، تارماییەکی بەرەڵاکردبوو کە گرتنەوەی ئەستەم بوو، لا ٢٥٢ . لە پاڵ لێدان لە رۆشنبییرە بچووکە موبایەعەچییەکانی سلێمانییەوە، ناو بەناو دێتەوە سەرلێدان لە وەهم و خورافاتەکانی ژەنراڵ ئەشکزاد( نم). بە رادەیەک ئەم رۆمانە سیاسییە، تەرکیزی لەسەر نم، داناوە، ئەصڵەن هەر دەڵێی بۆ هەجووکردنی ئەو و بزوتنەوەکەی( گۆڕان) نووسراوە.

لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە سیاسیی، نووسەر و کادیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا و ئەوانەی لەو بزوتنەوەیەش وەدەرکەوتوون، بە ئیعجابێکی زۆرەوە، بە حەماس، ئۆخژن و قەناعەتی زۆرەوە، جەخت لە باشیی و گەورەیی ئەم رۆمانە دەکەنەوە. باسی شکاندنی بتە سیاسییەکان و خورافە ئایدیۆلۆژییەکان دەکەن؟ بەڵام ئایا نازانن و عەقڵیان پێی ناشکێ کە ئەم رۆمانە، رێکوڕەوان، پڕ بە پێستی، لێدان لە گۆڕان و ژەنراڵەکەی ( نم) نووسراوە؟ یان پێی دەزانن و خۆیانی  لێ نەبان دەکەن؟ هەرکامیان بێت، ناوەڕۆکە سیاسییەکەی ئەم رۆمانە، بەتاڵکردنەوەی سیحری ئەو سیاسییانەیە کە چۆن دەتوانن لە سەردەمی خورافییدا مۆبەکان بجوڵێنن و لە سەردەمی چاڵەکانی واقیع و خەرەندەکانی حەقیقەتیشدا، ئەوە روو دەدات کە  شاری ناو رۆمانەکە و خەڵکی شارەکە( سلێمانیی)  چۆن دەناڵێنن بە دەست چەتەکانی کوردایەتیی(  ئۆریجناڵ و موزەیەفەکەی) و هەموو ئەوانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە، دەستیان لە پارەی رەیع، چەتەگەرییەکانی نەوت و خۆشگوزەرانیی خۆیان، گییر بوو؟