سەردێڕ:

لەبارەی ڤیدیۆی دانپێدانانەکانەوە

5/11/2019 11:11:36 AM
3180 جار خوێندراوەتەوە
رەگەز کەمال
+ -

وەک ھەمیشە لەسەر بڵاوکردنەوەی دیمەن و ڤیدیۆی دانپێدانانەکان لەلایەن ئاسایش و پاراستن ڕوونکردنەوەی خۆم ھەبووە، دواتریش لە پێگەی ۱۷ی شوبات بڵاومکردونەتەوە، لە ڕابردوو وەک کەیسی تیرۆرکردنی ناز سلێمانی پارێزەر لەھەولێر کە دووکەڵی درستکراو لەجامی داخراوەوە دەھاتە دەرەوە و، بۆمب دانانەکەی بەردەم کەناڵی ڕووداو کە لەکاتی ڕاکردنی کەسەکەدا بەناو کۆڵانەکاندا پانتۆڵی کابرا ڕەنگی گۆڕاو و،خوێندنەوەی تێکستی ئامادەکراوی ئیسماعیل سوسکەیى کە گلێنەی چاوی لەگەڵ سەردێڕەکاندا لەچەبەوە بۆ ڕاست دەسوڕا. لەنوێترینیشیاندا ئەم گەنجانەیە کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە ڤیدیۆی دانپێدانانیان بڵاوکرایەوە، ئەمجارەش چەندین تێبینیم لادروستبوو گرنگرینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:

یەکەم: ڤیدیۆی ھەر یەکێکیان لە دوو کاتی جیاوازدا تۆمارکراون، سەرەتا دوو کەسی یەکەم کە قسەدەکەن ھێندە ترسێنراون و لەژێر ھەڕەشەدا قسەیان پێدەکرێت تف لەقوڕگیانا ناچێتە خوارەوە تاکو ھەناسەیەک بدەن و ووشەکان بەباشی دەرببڕن، بۆئەمەش سەیری دیمەنی دەقەی ٦ بکە، بۆیە ئاسایش ناچاربووە کاتیان پێ بدات و لەدوای چەند خولەکێک دەبینین دەمووچاویان شۆردراوە و قژیان بەشانە داھێنراوە و بەپاکوخاوێنتر دەردەکەون.

دووەم: کەسێک خۆی پۆستێکی کردبێت دەزانێت چی نوسیوە پێویست ناکات زەڕەبین بدەیتە دەستی بۆئەوەی تێکستەکان بخوێنێتەوە یان پۆستی لەسەر کەسێکی کردبێت، بەڵام نەزانێت ناوی چیە!

سێیەم: لەکۆتاییدا کەسێک بە لێزەر بۆ گەنجە تیشێت سپییەکە دیاری دەکرێت، کە قسە لەسەر کام پۆست بکات، وەک دەبینرێت پۆستەکان لەسەر ھەموو لایەنەکان ھەڵدەبژێرن بۆئەوەی ھیچ حزبێک نەیەتە سەرخەت بۆ ئازادبوونیان!

چوارەم: لەبەشێکیاندا دەڵێن شاسوار ڕایسپاردین ڤیدیۆیەک یان تۆمارێک پەیدا بکەین لەسەر شادی، بەڵام بیریان چووە کە قەول بوو شاسوار کامێرای لەھەموو کوچە و بن دیوارێکی گوندی ئەڵمانی ھەبێت بۆچی دەچن بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە ڤیدیۆی لابێت!

پێنجەم: پەیوەست بە خاڵی چوارەمەوە کە لەبەشێکی قسەکانیان ووتیان شاسوار فلاشێکی سوری پێدام، ھەر خۆی وتنی ڕەنگ کە سیفاتە پێویست نیە لەکاتێکدا کەسێک دڵنیابێت لە قسەکانی بەڵام ئاسایش پێی گوتووە، کە بڵێ ڕەنگی سورە چونکە سیفات لەدوای گومانەوە دەگوترێت!

شەشەم: دووبارەکردنەوەی ھەمان ووشە لای ھەموو گەنجەکان وەک یەک دەرخەری ئیعاز پێدانە وەک، " بەشەکەمان پەیجی فەرمی و نافەرمی ھەبوو"، ئەم ڕستەیە لای ھەر چوار گەنجەکە وەک خۆی دەگوترێتەوە!.

حەوتەم: وەک بینیمان ھیچ ڤیدیۆیەکیان نەبوو بۆ بڵاوکردنەوە تەنھا دیمەنێکی چوار چرکەییان ھەیە کە گەنجێک دەچێتە ژوورێک و ھیچی تر!
بۆیە گەر ھەر بەڵگەیەکیان ھەبووایە بێگومان بڵاویان دەکردەوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم گەنجانە ھێشتا تۆمەتبارن نەک تاوانبار و لە دادگا ھیچ شتێکیان بەسەردا ساغ نەکراوەتەوە، بۆیە بەھەموو شێوەیەک دەچێتە خانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەرگریکردن لەم گەنجانە ناکاتە بەرگریکردن لە حزبێک و لایەنێک و شاسوار ناوێک، بەڵکو ئەرکی ھەموو ئازادیخوازێکە دژ بەم مامەڵەکردنەی ئاسایش کە تەقلیدکردنەوەی پاراستنی پارتیە ھەڵوێستی ھەبێت.