سەردێڕ:

بێده‌نگى وه‌كو به‌شێك له‌تاوان

5/7/2019 12:12:32 AM
3604 جار خوێندراوەتەوە
کاروخ عومەر
+ -

ناکرێت لەژێر ھیچ پاساوێکدا بەتایبەتی ھەر سێ حزبەکەی دەسەڵات وەکو ژەھر دەرخواردی ئەم کۆمەڵگەیەی دەدەن، بڕوا بھێنین و تەسلیم ببین و کۆڵ لەبیروباوەڕی خۆمان بدەین، بەو ھۆیەشەوە زۆرجار بێ ئەوەی پێبزانین دەمانکەن بەبەشێک لەسیناریۆ و تاوانەکانیان بەھۆی بێدەنگ بوونمانەوە.

لەسەرەتادا نەمویست ھیچ قسەیەک لەسەر ڕوداوە نێو خۆییەکانی نەوەی نوێ بکەم، پێموابوو ڕوداوێکی ئاساییە، خراپ بەکارھێنانی مۆبایلە و دەبێت ئەنجامدەرانی سزای یاسای بدرێن، بەڵام ئەوەش بەزیھنمدا ھات ئەی ئەوانەی تاوانی گەورە لەدژی ژنان ئەنجامدەدەن لەکوێن و بۆچی یاسا نایانگرێتەوە و کێ دەیانپارێزێت؟ ھەر بۆنمونە ساڵانە چەند ژن دەکوژرێت؟ چەندی تر مافەکانیان پێشێل دەکرێت و گێچەڵی سێکسیان پێ دەکرێت؟ زۆرجار ڕووداوی لاقەکردنیش لەپەنھاندا ماوەتەوە و وەکو چیرۆک زۆرجار ئاشکرا بووە. ئەمانە و دەیان تاوانی تر دژ بەژنان کێ ئەنجامیاندەدات و کێ دەیانداتە دادگا؟

ئەگەر دادگا و ئاسایش سەربەخۆ بێت لەکوردستاندا ئەو کێشانە ڕویاندەدا؟ ئەگەر یاسا ھەیە دەبێت لەدژی ھەموو ئەوانە بێت کە پێشێلی دەکەن، نەک تاوان یان موخالەفەیەکی بچووک گەر ڕوشیدابێت بکرێتە بیانوی پەلاماردان و ھەڵکوتانە سەر ھێزێکی سیاسی کە زیاتر لەسەد ھەزار دەنگدەری ھەیە.

بەڕاستی مەشھەدەکان ئاشکرا بوون، یاسا لەدژی گروپێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گروپێکی تر بەکار دەھێنرێت، ئەگینا تاوانبارە گەورەکان ئازادن و بگرە بڕیار بەدەستی ئەم وڵاتەن و تۆمەتبارە بچووک یان بێ تاوانەکانیش لەکونجی زیندانەکانی وەکو دەوترێن لەناو زیندانەکانی ئەمنی عامەن. بەداخەوە ئەم ناوچەیە تاکەی بەوشێوەیە لەفەوزای حزبی دا دەژی؟!