سەردێڕ:

به‌ره‌یه‌كی نوێی سیاسی له‌ باشوری كوردستان

4/16/2019 12:37:50 PM
14354 جار خوێندراوەتەوە
سالار باسیرە
+ -

 لە ماوەی دروستبوونی ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراو و حیزبی سیاسی دروستبووە بەشێکیان حیزبی سێبەرو بەشێکیان حیزبی بەشداربوو لە دەسەڵات و بەشێکیش گوایە ئۆپۆزیسیۆن بەلام تا ئێستە بێکاریگەر لەسەر گۆڕەپانە سیاسیەکە. لەبەر ڕۆشنایی ئەزمون و واقیع و مێژوە سیاسیەکە ئەم نوسینەم ئامادە کردوە ، تا ئەم بارودۆخەش بەم جۆرە بمێنێتەوە بیرۆکەی ھەمە چەشنە دروست دەبێت وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و کۆمەلایەتیە چەقبەستو و ناھەموارەی دەسەلات و کۆمەلگەی کوردیی لە باشور تێی کەوتووە.  

لە کاتێکدا کایەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان توانایەکی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزسیۆن بۆ کارکردنی سیاسی ، چ جای بینینی ڕۆڵێک. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزسیۆن دەکات ، ئیتر ھی ناو پەڕلەمان یان ئەوەی شەقام بێت ، بەم میتۆدە دەسەڵات کار بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتەکەی دەکات. دەسەڵات دەیەوێت بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە ئازادی و دیموکراسی لەناو بەرێت. ھەربۆیە ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ باشوری کوردستان وەک ھەوا وایە بۆ ژیان ، بەڵام کام ئۆپۆزیسیۆن؟

ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەڵاتەی ھەرێم ، دەسەڵاتی خێڵ و خێزان و دەسەڵاتی تەقلیدیی و کۆنەپارێز ھی چاکسازی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردنی ڕاستەقینە بکات ، ئەوا لە بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیاڵاویدا دەخولێتەوە و ھیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسیەکان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتووە سەبارەت بە جیھانبینی بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگە.

ھەڵبژاردنی گاڵتەجاری و دیموکراسیەتی ساختە

بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی گاڵتەجاری و دیموکراسیەتی ساختەدا لە ھەرێمێکی داگیرکراودا بەو ھەلومەرجەی دەگوزەرێت تەنیا شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتی ستەمکار و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئەو شێوە دەسەڵاتەوە ، ھەموو ئەوانەی لەو دەسەڵاتەدا بەشدارن. دەبێت دوای ئەزمونی ٢٨ ساڵ بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی دەگوزەرێت کۆتایی ھاتووە چونکە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریی نیە بەڵکو لای تاک و خێزان و خێڵی سیاسیە کە خاوەن موئەسەسە ‌و ئیدارە ‌و پارە و میلیشیای خۆیەتی.

لێرەدا دەبێت بیرۆکەی بەنرختر بۆ ئایندە و چارەنوسی گەل دەستەبەر بکرێت. خوێندنەوەی ڕاستەقینەمان بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگە ھەبێت. ئێمە دەبێت مرۆڤەکانمان فێری یاخی بوون بکەین چونکە لەسەر ھەقن و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەھا مرۆییەکانی بۆ بگێرینەوە ‌و لە ئازادی خوود تێبگات بۆ ئەوەی نەبێتە بتێک. ئەو مرۆڤانەی ئێمە کە ھەمیشە ئامرازی سیاسی بوون بەڵام ئەکتەری سیاسی نەبوون.

ئێمە دەبێت ھەنگاو بۆ شێوە کار و خەباتێکی تری جەماوەری و سیاسی بوێر بنێین وەک سەرەتایەک بەدەر لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە تەقلیدیەکانی جێگای ھیوا و متمانە نەماوون و لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە. "گەمژە ئەو کەسەیە چەندین جار یەک کار دوبارە بکاتەوەو چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت". ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی کە ئامادە نین پشتگیریی بزوتنەوەی شەقام بکەن یان شەرمنانە دەیکەن. ١٧ی شوبات نمونەیەکی بەرچاوە.

کەرەسەکان لە بارن بەڵام شەقام پێویستی بە قیادەیەکی بوێر و شۆڕشگێڕو ژیر و پاک ھەیە ‌و دەست لەگەڵ دەسەڵاتدا تێکەڵ نەکات و بزوتنەوەکە نەفرۆشرێت و بڕوای وابێت کە ڕێفۆرمی ڕاستەقینە بەم دەسەڵاتەی ئێستەی ھەرێم ، دەسەڵاتی تەقلیدیی خێزان و خێڵی سیاسی ناکرێت. بزوتنەوەیەکی نوێی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سێکولار بووەتە پێویستیەکی ژیانیی.

بەرەیەکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن

ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و گروپەکانی فشار ھەن کە رێکخراوی سێبەر نین و خاوەن ھەڵوێستی تەندروستن ، خاوەنی کەسانی ڕۆشنبیرو ئەکادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و ڕەنجدەرو کەسایەتی بە ھەڵوێست و بوێرین ، خاوەن چەندین رێکخراوی گەنجان و ژنان و خوێندکارانی ڕەخنەگری دەسەڵات و ژمارەیەک لە لایەنە چەپەکان ھەن ... ئەگەر ھەموو ئەمانە بە ڕاکێشانە ناوی زەحمەتکێشان ، کاسبکاران و فەرمانبەران ، مەبەستم چین و توێژە کۆمەلایەتیەکان ... بتوانرێت بە ڕۆح و ھەڵوێستێکی رێکخراوەیی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێکی، بەرنامەیەکی ھاوبەش) لە بەرەیەکداو لەژێر چەترێکی جەماوەریدا و لەژێر (سەرکردایەتیەکی دەستەجەمعیدا) بۆ ئەم قۆناغە رێکبخرێن و کۆبکرێنەوە و خاوەن مەرجەعیەتێک بێت بۆ سەرکردایەتی کردنی بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی و ورە بەرزی دەکرێت ببێتە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی داھاتووی شەقام.

دور نیە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی ، ڕاپەرینێکی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەرکردە ڕوبدات و دواتر دامرکێتەوە و کورت خایەن بێت ، ھەربۆیە پێویستی بە سەرکردایەتیەکی مەحکەم دەبێت بە تایبەت کە ریزەکانی دەسەڵات ناتەباو لێکترازاو بن. ئەو دەسەڵاتە لە بنەڕەتدا ئەوە نیە کە نەتوانرێت نەگۆڕدرێت یان نەخرێتە ژێر فشاری ڕاستەقینەوە و خۆی لەبەردەم بزوتنەوەیەکی جەماوەریی شۆڕشگێڕی بوێر و رێکخراو و نەفەس درێژ بۆ مەودای دوور بگرێت.

دوای نزیکبوونەوەی لایەنە ئاماژە پێکراوەکان کار لەسەر نوسینەوەی پلاتفۆرمێکی ھاوبەشی گونجاو بکرێت و لە کۆنفرەنسێکی سیاسیدا شیکردنەوە ‌و ئامادەکاری خۆی بۆ بکرێت. ئەو بەرەیە کراوەیە بۆ ھەموو تاک و لایەنێک بڕوای بە گۆڕانی شۆڕشگێرانەی ریشەیی ھەبێت لە باشوری کوردستان لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە.

سەبارەت بە چەپەکان وەک حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان و گروپە چەپ و کۆمۆنیستەکانی تر بە پێویستی دەزانم بچنە ناو یەک بەرەوەو ئەم بەرەیەش ببێتە بەشێک لە بەرە سیاسیە نوێکەی ئۆپۆزیسیۆن ، ئەوانە بەو شێوەیەی ئێستەیان لاوازو بەربڵاون. بەدەر لەوە گۆرینی ناوی وشەی کۆمۆنیست و شیوعی چونکە گونجاو نیە بۆ کۆمەڵگەیەک زۆرینە موسوڵمان و دژەکانی ئیدیعای کافر بونیان دەکەن ، بەڵام دەکرێ لە کرداردا کۆمۆنیست بن.

ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەسەر بکرێت :

* نوسینەوەی پلاتفۆرمێکی ھاوبەش

*  لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بوون لە باشوری  کوردستان بە گشتی .

*  ھەڵسەنگاندنی ئەزمونی ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ دەسەلات.

* ستراتیجیەتی نوێ بۆ کاری ئۆپۆزیسیۆن لە باشور لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە کێیەو دەبێت چۆن بێت.

* دەکرێ لە دەرەوەی ولات لق و نوێنەرایەتی بۆ بکرێتەوەو کەم نین ژمارەی کوردانی تاراوگە کە ئامادەی ئەم کارە دەبن.

وتنی ئاسانترە وەک لە کردنی

دیارە وتنی کارێکی لەم جۆرە ئاسانترە وەک لە کردنی. خۆ ئەگەر بزوتنەوەیەکی نوێی ئۆپۆزیسیۆنێکی نوێی شەقام خاوو کەمیش بێت بەڵام دەبێتە سەرەتا و ناوک و داینەمۆ و وزەیەکی نوێ بۆ ئایندە. پڕۆسەیەکی درێژو زەمەن خایەند و دوای ھەر لێدان و لاواز بوونێک دەکرێ دوبارە ھەستێتەوە سەر پێی خۆی. خۆ ئەگەر سەرکەوتووش نەبێت ، رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوانەی دوای خۆی. جا ئەم کارە چۆن و کەی ڕوو دەدات و کێ ئەنجامی ئەدات بەندە بە چەندین فاکتەرەوە بەلام زوو یان درەنگ تەنیا رێگایەکە بۆ ڕزگاریی لە کۆت و زنجیری چەوساندنەوەو کۆیلایەتی. جێگای دڵخۆشکەریی دەبوو ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێستە توانای گواستنەوەی ئەم مەھامەیان ھەبوایە.

بێرتۆلت برێشت وتەنی "ئەو مرۆڤەی خەبات دەکات و تێدەکۆشێت لەوانەیە بدۆرێت ، بەڵام ئەوەی نایکات ئەوە ھەر دەمێکە دۆڕاوە".

ناوچەی باشوری کوردستان لە ڕووی جوگرافی و دەورەدانی بە چەند دەوڵەتی دیکتاتۆرەوە بارودۆخەکەی ئاڵۆز کردووە ‌و ھەوڵی سەپاندنی ھەژمونی خۆیان دەدەن بەسەر باشوری کوردستانیشدا ، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی باشور لەو بیست و ھەشت ساڵەداو لە چوارچێوەی ھەرێمێکی بەناو فیدرالیەوە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەوە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنایە ئێستە دەوڵەتێکی ئیعلان نەکراوی پتە و دەبووین و لە پۆزشنێکی ھێزەوە مامەڵە لەگەڵ مەرکەز و دەرەوەشدا دەکرا ، بەڵام ئەو مەھامە مێژووییە بە دەسەڵاتی خاک و گەل فرۆش ناکرێت کە بەرژەوەندی تاک و خێزانی سیاسی ئەولەویەتی ھەبێت و سوپایەک لە خەڵکی خۆفرۆش و کاسەلێس دروست بکات. چەندین لە دەوڵەتەکانی کەنداو لەلایەن ئەمیرو شێخ و خێزانەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت ، ئازادی و مافی مرۆڤ تێیاندا بابەت نیە ، بەلام لانی کەم وڵاتانی خۆیان پێشخستووە، خزمەتگوزارییان ھەیە و نان ھەیە. ئێمە بەدەر لە خەباتمان بۆ نان و ژیانێکی شایستە خەباتمان بۆ ئازادییشە ، بەواتا بۆ ئازادی فکر ، ئازادیی و پاراستنی کەرامەتی تاکو نوسین و ئازادیی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و کۆمەلگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و دەستوری عەلمانیە...

لەوانەیە گۆڕانێک لە ھاوکێشە سیاسیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکە و ناوخۆی عێراقدا ببێتە ھۆی گۆڕانکاریەک لە تەواوی عێراق و باشوری کوردستانیشدا ، بەڵام مەرج نیە ئەرێنی بێت.

سەرجەم کۆمەلگە تەقلیدیەکان لە قۆناغی پەرینەوە بۆ کۆمەلگەیەکی مۆدێرن بەناوچەیەکی خۆلەمێشیدا دەڕۆن کە ماوەی گواستنەوەی لە کۆمەلگەو ولاتێکەوە بۆ ئەوی دی جیاوازە ئەویش بە پێی ھوشیاری کۆمەلگەو فاکتەرە لە بارەکان بۆی. ئێمە دەکرێ بۆ ئەو قۆناغی پەرینەوەیە ڕۆلێکی ئەرێنی ببینین. ئەوروپاش بەو قۆناغەدا ڕۆیشتوە ، بە قۆناغی شۆڕش و رێنسانسدا ڕۆیشتوە. ئێمە دەکرێ پاڵ بە مێژو بنێیین بۆ پێشەوە.





‌بەپەلە